![]()
شه‌وگه‌ڕه‌کان
نووسینی: میران ئه‌براهام
ژانر: ڕۆمان
ساڵی چاپ: ٢٠١٥ سلێمانی
چاپی دووه‌م: ٢٠١٩
چاپی سێهه‌م: ناوه‌ندی که‌پر ٢٠٢١
قه‌باره: ٣٥٠ لاپه‌ڕه
دیزاینی به‌رگ: که‌پر

ڕۆمانی شه‌وگه‌ڕه‌کان: سکێچی پۆترێتی چه‌ندین مرۆڤی که‌نارگرتووه، پۆترێتێک که له ڕه‌نگ و هێڵکاری و فۆرمدا ئه‌بستراکته و هونه‌ریانه کاری له‌سه‌ر کراوه، به هێزی خه‌یاڵ و ته‌کنیکی هونه‌ری چیرۆک‌نووسین و حه‌وسه‌ڵه‌ی گێڕانه‌وه که‌راکته‌ره‌کان خوڵقێنراون و به‌ده‌نگ و ڕه‌نگیان خۆیان نمایش ده‌که‌ن و به‌سه‌رهاتی ژیانی خۆیان ده‌گێڕنه‌وه.
مارتن سه‌له‌مۆ، که‌راکته‌ری سه‌ره‌کی و گێڕه‌ره‌وه‌ی چیرۆکه‌که‌یه، بێجگه له‌وه‌ی مارتن ئاشنامان ده‌کات به هونه‌ری ڕه‌نگ و هێڵکاری و شه‌پۆله هونه‌رییه‌کان. ئه‌و پێیوایه ڕازاندنه‌وه‌ی ماڵ و شوێنه گشتییه‌کان نه‌شاز و دیکۆراتیفن و توانای هه‌سته‌کانی مرۆڤ لاواز ده‌که‌ن و پاشان مرۆ ناچار ده‌بێت لێی هه‌ڵبێت، مارتن خۆی نموونه‌ی مرۆڤی به‌هره‌مه‌نده، گومانی له هه‌مووشتێک هه‌یه و به‌رده‌وام له‌گه‌ڕاندایه به‌دوای نهێنی بوونیدا، بوونێک که خۆی هه‌ڵی نه‌بژاردووه. خودێک که له کۆتایی چیرۆکه‌که‌دا زۆرشت له‌ده‌ست ده‌دات، به‌ڵام له هه‌مانکاتتدا ژیان به هه‌موو شێوازێک قبوڵ ده‌کات، ماڵ و شوێن له‌م ڕۆمانه‌دا هێڵی سه‌ره‌کی و لاوه‌کی پێکه‌وه گرێده‌ده‌ن، سه‌رجه‌م که‌راکته‌ره‌کان جۆرێک له پابه‌ندبوونی ڕۆحیان له‌گه‌ڵ ماڵی سه‌رده‌می منداڵییاندا هه‌یه و به‌رده‌وام به خه‌یاڵ و پاشان به‌جه‌سته بۆی ده‌گه‌ڕێنه‌وه، سامان خدر یه‌کێکه له‌و مرۆڤه که‌ناگرتووانه‌ی دووری له زێدی خۆی کاریگه‌رییه‌کی وایان له‌سه‌ر هه‌ست و خه‌یاڵی ئه‌و کردووه، که له ژیانیدا بێجگه له کێشانی سکێچی شوێن و ڕووداوه‌کانی ڕابووردووی، ژیانی ئێستای هیچ مانایه‌کی لای ئه‌و نه‌ماوه و بێسه‌ر و شوێن ده‌بێت له تاراوگه و سه‌دان تابلۆ له‌پاش خۆی به‌جێدێڵێت.
شه‌وگه‌ڕه‌کان چیرۆکێکه له‌سه‌ره‌تاوه تاوه‌کو کۆتایی، گه‌ڕانی بێوچانه به‌دوای نهێنی بوونی خود و پیرۆزی شوێندا، خودێک، که پێویسته تێبگات ژیان و مردن دوو وشه‌ی ته‌واوکه‌ری یه‌کترین و پێویست ناکات لێیان سڵبکاته‌وه.
له‌کۆتاییدا ته‌واوی هێڵی سه‌ره‌کی و لاوه‌کی ڕۆمانی شه‌وگه‌ڕه‌کان ڕازاو‌ه‌یه به مانای خۆشه‌ویستی و پابه‌ند بوون به‌یه‌کتری و نهێنی شوێن.
نهێنی ماڵ و شوێن و کاریگه‌ریان له‌سه‌ر که‌راکته‌ری سه‌ره‌کی و لاوه‌کی، ڕه‌نگ و هێڵکاری و فۆرمی دیکۆری جیهانی ئه‌م ڕۆمانه، که به‌شێوازێکی ئه‌بستراکت و هونه‌رییانه خوڵقێندراوه، شه‌وگه‌ڕه‌کان نمایش کردنی پۆرترێتی چه‌ندین مرۆڤی که‌نارگرتووه له چه‌ندین کۆمه‌ڵگای جیاوازدا، گه‌ڕانێکی بێوچانه به‌دوای مانا و نهێنی کاریگه‌ری هونه‌ر به‌گشتی به هه‌موو فۆرم و شێوازه‌کانییه‌وه له‌سه‌ر تاک و کۆمه‌ڵگا، مارتن سه‌له‌مۆ که‌راکته‌ری سه‌ره‌کییه و خۆیشی چیرۆکی ژیانی خۆیمان بۆ ده‌گێڕێته‌وه، له هه‌مانکاتدا شایه‌تحاڵیی ڕووداوه‌کانه و ئاشنامان ده‌کات به چه‌ندین مرۆڤی ناوازه و که‌نارگرتوو.
برگەیەک له ڕۆمانه‌که‌وه:
به غه‌مگینییه‌که‌وه چاوی لێک نا و به‌هێواشی سه‌ری له‌سه‌ر سنگم دانا. ئه‌و شه‌وه، کاتژمێرێک دوای ئه‌و لێدوانه‌مان، بۆ ئه‌وە‌ی له ده‌ست بێده‌نگی و بۆدڕنی ژووره‌که‌مان ڕزگارمان بێت، ژووری ئوتێله‌که‌مان به‌جێ هێشت و چووین بۆ گه‌ڕان، به‌بێ پلان، شۆسته‌ی ڕاسته شه‌قامێکمان گرته به‌ر، ئه‌مبه‌ر و ئه‌وبه‌ر‌ی ته‌نها چێشتخانه بوون، بۆنی ده‌یان جۆر به‌هارات تێکه‌ڵا و به هاڵاو و گه‌رمیی ئه‌و شه‌وه بووبوو، هه‌وایه‌کی چه‌ور و شێ‌دار، هه‌ناسه‌ی ته‌نگ کردبووین، خێرا له‌و شه‌قامه ده‌رباز بووین، ده‌مانزانی له چێشتخانه‌کاندا زه‌حمه‌ته ئه‌وه‌مان ده‌ست بکه‌وێت، که ئێمه له‌دوای ده‌گه‌ڕاین، ئه‌ویش نۆشینی شه‌رابی ئیتالی بوو، زیاتر له دوو کیلۆمه‌ترێک به‌سه‌ر ئه‌و کاشی و خشته کۆنه چاڵوچۆڵانه‌دا ڕۆیشتین، کارمن به پێلاوه پاژنەبه‌رزه‌کانیه‌وه به‌رده‌وام له‌گه‌ڵیاندا له شه‌ڕدا بوو، له گه‌ڕانه‌وه‌ماندا، به مه‌ستی پێڵاوه‌کانی گرتبوو به ده‌ستیه‌وه و به پێی په‌تی شانبەشانی من ده‌ڕۆیشت، که به‌بێ پێڵاوه پاژنەبه‌رزه‌کانیشی، چه‌ند سانتیمه‌ترێک له من هه‌ڵکشاوتر بوو.
به‌ڕێکه‌وت ڕێمان که‌وته باڕێک، مه‌یخانه‌چییه‌که له ڕێوه ئاگاداری کردینه‌وه و پێی وتین، ‘بۆ زانیاریتان، لێره ته‌نها شه‌راب ده‌خورێته‌وه، ته‌نها شه‌رابی ئیتالی!’
‘که‌واته له ئه‌دره‌سێکی هه‌ڵه نین.’
کاتێک ئه‌مه‌م به پێکه‌نینه‌وه به مه‌یخانه‌چییه‌که وت. دیسان ئه‌و پێی وتین، ‘ئه‌گه‌ر شه‌رابخۆر بن، ئه‌وا ئێوه له شاری ڕۆمادا، له به ناوبانگترین و کۆنترین ماڵی شه‌رابن!’
کارمن خێرا چاکه‌ته‌که‌ی دا‌که‌ند و دای به‌سه‌ر قه‌راغی کورسییه‌که‌یدا، به ده‌نگێکی نه‌رم و به نازێکه‌وه به مه‌یخانه‌چییکه‌ی وت، ‘ده‌ی، خێرا بۆ ڕاوه‌ستاویت، ڕێنماییمان بکه، له چ جۆرێکه‌وه ده‌ست پێ بکه‌ین.’
کارمن شان و سنگی لێ ڕووت کرد، نه‌ک ته‌نها مه‌یخانه‌چییه‌که، که له‌تاوا هه‌موو شه‌رابی باڕه‌که‌ی قوڕگی ته‌ڕ نه‌ده‌کرده‌وه، به‌ڵکوو چه‌ند مشته‌رییه‌کیش لێمان نزیک بوونه‌وه و له‌گه‌ڵماندا ده‌ستیا کرد به لێدوان و شه‌رابخواردنه‌وه. ئه‌و شه‌وه، لەسه‌ر گیرفانی ته‌ماشاکه‌رانی کارمن زۆرمان خوارد و خوارده‌وه.
خوێندنەوە و ڕانان














