![]()
- ڕۆژی ڕه‌شنووس
- نووسین: میران ئه‌براهام
- بابه‌ت: کۆمه‌ڵه‌چیرۆک (١٧ چیرۆک)
- چاپی یه‌که‌م: ٢٠٢١
- بڵاوکه‌ره‌وه: ناوه‌ندی بڵاوکردنه‌وه‌ی که‌پر
- به‌رگ و دیزاینی ناوه‌وه: ناوه‌ندی بڵاوکردنه‌وه‌ی که‌پر
- سکێچه‌کان: هه‌ڤاڵ نالی

نموونه‌ی پێنج چیرۆک له کتێبه‌که‌وه
بۆ خوێنه‌ر:
ئاماده‌کردن یان نووسینه‌وه‌ی ئه‌م کتێبه، کۆمه‌ڵه‌چیرۆکی “ڕۆژی ڕه‌شنووس”، که له حه‌ڤده چیرۆک پێک هاتووه، کۆپیکردنی نیوه‌ی ده‌فته‌رێکی نووسراو یان ڕه‌شکراوه‌یه که له ڕه‌شنووسی چیرۆک و یاده‌وه‌ری پێک هاتووه، به پێویستم زانی له‌گه‌ڵ خوێنه‌ره‌کانمدا به‌شیان بکه‌م. من وه‌کوو خوویه‌کم، تاوه‌کوو ئه‌مڕۆم هه‌ر شتێک کاریگه‌ریی له‌سه‌ر هه‌سته‌کانم هه‌بووبێت؛ ده‌رباره‌ی نووسیومه، یان سکێچێکی ساده و ساکارم له‌و دهفتهرهمدا بۆ کردووه که ناوم لێ ناوه “ڕۆژی ڕه‌شنووس” و بووه به ناونیشانی کتێبه‌که‌ش، هه‌روه‌ها ناونیشانی چیرۆکێکیشه. له‌گه‌ڵ هه‌موو چیرۆکێک‌دا سکێچێک یان دووان ده‌بینیت، هاوڕێی شێوه‌کارم هه‌ڤاڵ نالی دوای خوێندنه‌وه‌ی چیرۆکه‌کان ئه‌و ئه‌رکه‌ی کێشاوه.
ئه‌و دهفتهرە چه‌ند ساڵه له‌به‌ر ده‌ستمدایه و نه‌متوانیوه له‌سه‌ر مێزه‌که‌م دووری بخه‌مه‌وه، هه‌رده‌م هه‌ستم کردووه جۆرێک له په‌یوه‌ندیی ڕۆحی له‌نێوان من و کارەکتهری نێو ئه‌م چیرۆک و به‌سه‌رهاتانه‌دا هه‌یه. ده‌توانم بڵێم چیرۆکه‌کان شێوازێکی شه‌پۆلی هونه‌ری ئیمپرشیۆنیسم (ده‌ربڕینخوازی)یان هه‌یه، مه‌به‌ست ڕاگرتنی “سه‌رنج”ه له‌سه‌ر ئه‌زموونکردنی ژیان خۆی، وه‌کوو ئه‌وه‌ی چۆن به‌رجه‌سته ده‌کرێت، ئه‌وسا یان ئه‌م ساته و داهاتوو، هه‌ڵبژاردنی تێما له ژیانی مرۆڤی ئاسایی مۆدێرندا، به‌تایبه‌تی و بێ نهێنی و داپۆشین، به‌ڵام ئاماژه‌دان و تیشک خستنه سه‌ر ڕه‌نگ و شێواز، که پێده‌چێت له‌نێو هونه‌ری نووسینی چیرۆکدا کات و شوێن و کارەکتهر بێت، یان پلۆت، هه‌روه‌کوو دیمه‌نی نێو ئه‌م چیرۆکانه، دیمه‌نێک له‌نێو ژیانی که‌سایه‌تییه‌کانه‌وه بێ هیچ په‌یام و مه‌به‌ستێکی تایبه‌ت.
کاریگه‌ریی نووسینی هه‌ندێک له‌م چیرۆکانه پێده‌چێت له بینینی وێنه‌یه‌ک یان ڤیدیۆیه‌که‌وه بووبێت، یان بیستنی چیرۆکی ئه‌وانی تره، یان قسه‌ی شایه‌تحاڵی ڕووداوێک بووبێت، که‌واته سوپاس بۆ ئه‌وانه‌ی چیرۆک و یاده‌وه‌رییه‌کانی خۆیان بۆ گێڕامه‌وه، منیش له فۆرمێکی هونه‌ری گێڕانه‌وه‌دا دامڕشتوونه‌ته‌وه، هونه‌رێک که ده‌توانێت هه‌موو هونه‌ره‌کانی تر به هه‌موو فۆرم و شێوازێکه‌وه له خۆیدا کۆ بکاته‌وه.
ده‌توانم بڵێم هه‌ندێک له کاره‌کته‌ری نێو چیرۆکه‌کانم بینیوه یان ناویانم بیستووه، که وه‌کوو خۆیان ناوم هێناونه‌ته‌وه. هه‌ندێک له چیرۆکه‌کان پێش ساڵی ٢٠١٥ نووسراون و پاشان له گۆڤار و ڕۆژنامه‌کاندا به هۆڵه‌ندی و کوردی بڵاو بوونه‌ته‌وه.
هه‌ندێک له چیرۆکه‌کان ده‌بووایه نۆڤلێت یان ڕۆمان بوونایه، خوێنه‌ری به‌سه‌لیقه هه‌ستیان پێ ده‌کات، چونکه به نه‌فه‌سێکی درێژ نووسراون، وه‌کوو بڵێی پانتایی چیرۆک جێگای خه‌یاڵی منی تێدا نه‌بێته‌وه، به‌ڵام له کۆتاییدا بێجگه له هەڵەگری، ده‌ستکاریم نه‌کردوون و له ده‌فته‌ری ڕهشنووسهکهمهوه گوێزراونه‌ته‌وه که وه‌کوو خۆیان له‌م کتێبه‌دا ده‌یانخوێنیته‌وه.
میران ئه‌براهام
هۆڵه‌ندا ٢٠٢١



