
![]()
نووسینی: ئیدریس مستەفا
ڕۆژی ڕەشنووس کۆمەڵەچیرۆکێکە لە نووسینی میران ئەبراهام، کە ساڵی پار بڵاوبۆیەوە. لەگەڵ ئەوەی ئەم پەڕتوکە حەڤدە چیرۆکی کورتی لە خۆ گرتووە و کتێبەکە بە کۆمەڵەچیرۆک پێناسە کراوە، بەڵام کاتێک چیرۆکەکان دەخوینیتەوە، هەست دەکەی یاخود دەگەیت بەو بڕوایەی کە ئەمە رۆمانێکە و بە هەڵە ناوی کۆمەڵەچیرۆکی لێ نراوە. ئەمە وەکو ڕەخنەیەک لە نووسەر نایڵێم، بەڵکو خۆم بەرجەستەی دەکەم و لەو تێڕوانینە مێژووییەدا کە ڕۆژە ڕەشەکانی ئێمە لە هەناوی خۆیدا هەڵی گرتووە، ئەو ڕۆژانەی هەر سات و خولەک و دەمێکی چیرۆکێکی ڕەشی نەنووسراو و پێکەوە گرێدراویشە. ئەم چیرۆکانە هەر لە گەرمیان و کویستانەوە تاکو دەگاتە گوند و شار و وڵاتی چوار پارچە و تەنانەت کوردانی تاراوگەی کۆن و نوێش، که لەسەر یەک تەرز و یەک خەم و یەک ئازار و یەک حەسرەت و یەک مەینەتی و یەک کەسەر و یەک چارەنووس لە کایەیەکی گشتگیردا هات و چوون دهکات. ئەو کایەیەیش کوردبوونە، بەڵام چۆن کوردبوونێک و کام کوردبوون؟ چیرۆکی ئەو ناسنامەیەی کوردبوونی ئێمەی پێ تاریف دەکرێ، چیرۆکی ئەو رۆڵە بە ئەمەکانەی بوونە قوربانی سیاسەتێکی ڕەشی بە ناو شۆڕش، چیرۆکی ئەو دایکانەی لە تاو حەسرەتی بە کوشتدانی کوڕەکانیان سەریان نایەوە، چیرۆکی بە سووتەمەنی کردنی ئهو خەڵکه سادە و هەژارهی خۆیان لە ڕۆژێکی ڕەشدا لێ دەبێتە قوربانی و بەڵام نامرێ و وهکو مردوویەکی زیندوو دەمێنیتەوە، چیرۆکی ئەو دەیان و سەدان گەنج و خەڵکانەی شەقێکیان لە شتێک هەڵدا کە پێی دەگوترێ نیشتمان، چیرۆکی بەرەڵابوونی ئەو مندالانەی باوکیان بە عەقڵی خۆی بۆ ئامانجێکی پیرۆز گیان دەبەخشێ و نەوەکانی پێ هەتیو دەکەون، چیرۆکی ئەو کچ و ژنانەی بە ناوی شەرەفی پیاوەوە بوونە قوربانی عەقڵی پیسی پیاو، چیرۆکی ئەو شاعیر و رۆشنبیرانەی بە پۆزی کوردایەتیەوە بوون بە کەڵە نوسەرانی کورد، چیرۆکی ئەو کچانەی دەکوژرێن و دایک ناوێرێ خەمیان لێ بخوات، چیرۆکی ئەو …هتد
ئەم چیرۆکانە کاتێک بە دوای یەکدا دەیانخوێنیتەوە دەبن بە ڕۆمانێک، چونکە ڕۆمان بە تەنها کۆکردنەوەی چەندان ڕووداو نیە، بەڵکو چەندان ڕووداوی بەیەکەوە گرێ دراوە کە بە دەوری یەک کایەی ژیاندا دەسوڕێتەوە. ڕۆمان ئەو ڕووداوانەن کە لە ژیانی ڕۆژانەدا ڕوودەدەن بێ ئەوەی بە خەیاڵ دروستیان بکەی. دەتوانرێ و دەبێ و دەکرێ خەیاڵی ڕووداوەکانی تیدا فراوانتر و جوانتر و بە نرختر و بەرجەستەتر بکرێ… کە ئەمە بۆخۆی ڕۆحی ئەدەبە، بەڵام ڕۆژی ڕەشنووسی ئێمە ئەوەیە کە هەمووی بە بەرچاومانەوە یان بە تەکمانەوە یان لە پشتمانەوە ڕوویداوە و ئهوه ئەرکی نووسەره؛ گوڵەوەچنێ کردنی ئەو ڕووداوانە و خستنە ناو یەک سەبەتەی کتێبێکەوە، وەک میران ئەبراهام لە پەرتوکی “ڕۆژی ڕەشنووس”دا بەو ئەرکە هەستاوە، و ڕۆژەکان چۆن بە ڕەشی ڕوویانداوە ئاوها بە ڕەشی نووسیویەتیەوە.
کاتێک کە چیرۆکی یەکەم دەخوێنیتەوە و دەچی بۆ دووەم و سێیهم، تا حەڤدەیەمینی وا هەست دەکەی یەک ڕۆمان دەخوێنیتەوە. بە شکڵ و شێوازێکی تازەی ئەدەبیەوە کە ناوی لە هەر بەشێک ناوە. هەر بەشەو چیرۆکێکی ژیانی ئێمەیە کە هەندێ جار لە بەرەبەیاندا ڕوویانداوە، یاخود لە چێشتەنگاوێک تەقیوەتەوە، یاخود لە نیوەڕۆیەکدا سوتینراوە، یاخود لە دوای نیوەڕۆیەکدا تێکشکاوە، یاخود لە عەسرانێکدا لە چایخانەیەکدا بە چایەکی تاڵەوە خوراوەتەوە، یاخود لە ئێوارەیەکی درەنگ وەختدا لە لاکۆڵانێکدا پێکراوە، یاخود لە شەوێکدا گوم بووە و نەگەڕاوەتەوە، یاخود لە نیوەشەوێکی ئەنگوستەچاودا دەبێ بە مۆمێک و دەیکوژێننەوە. بەڵێ ئەمانە ئەو بەشانەی ژیانی ئێمە بوون و ئێستایش ژیانی ئێمەن؛ کە هەر یەکە و بۆ خۆی چیرۆکێکە، جا هەرچەندە بتەوێ بیکەی بە کۆمەڵەچیرۆکێک کەچی هەر دەبێتەوە بە ڕۆمان، چونکە هەموو بەشەکانی ژیانمان لە یەک چیرۆکی گەورەدا بە یەکەوە گرێ دراوە؛ که ئەویش چیرۆکی ڕۆژە ڕەشنووسەکانی ئێمەیە. هەر بە وێنەی یەکێک لە کاراکتەرەکانی ناو چیرۆکێکی ڕۆژی ڕەشنووسدا، کە دەترسێ نووسینی مێژووی خۆی باس بکات… یاخود خەڵک بیانبینێت، بە هەمان شێوه ئێمەیش ههموومان دەترسین لەوەی مێژووی ڕەشی خۆمان بنووسینەوە. ئەو مێژووە ڕەشەی شۆڕشی کردە وەیشومە، ئازادی نیشتمانی کرد بە قێزەوەنترین مادە، سەربەستی ژنانی نەک هەر لەکەدار کرد بەڵکو له خوێنی خۆیدا گەوزاندی، ئەو مێژووەی لە جیاتی بنیاتنان وێرانەیی کردە مۆرکی ژیان، ئەو مێژووە پڕە لە غەدر و درۆ و ناعەدالەتی و فس فس پاڵەوانی شاخ و شەڕ و نووسین و ئەدەب و مێژوو، کەچی ناوێری بێخە ئەسڵیەکەیان پیشان بدهیت.
دیارە سیحری نووسین لەو هەستە راستگۆییانەدایە کە نووسەر دەیخاتە سەر کاغەز. ئەو هەستە راستگۆییانەش لەو وێنە و سکێچی ئەو ڕووداوانەدا دەردەکەوێ کە نووسەر لە چیرۆکەکانیدا دەیخاتە ڕوو. ئەوەی لەو کتێبەدا ئەم ڕاستیە دەسەلمێنێ ئەوەیە، کە ههر چیرۆکەی پێشکەش کردووە بە کەسە راستەقینەکان و ئەمەش وادەکات کاتێک چیرۆکەکان دەخوێنیتەوە واهەست دەکەی خۆت ئەو کەسانەت ناسیون، یان لەگەڵیاندا ژیاویت، یاخود دیوتن. ئەمە جگە لەوەی وینەی شوێنی ئەو ڕووداوانەی چیرۆکەکان تیدا روویداوە هەموویانمان دیووە. گەر خەڵکی ئەو شوێنە بیت یان نا، گەر بەوێدا تێپەڕ نەبووبیت یان نا. خالێکی تر لە ڕاستگۆیی یاخود تەکنیکی هونەری چیرۆک نووسیدا ئەوەیە کە نووسەر قسەی زل و سەفسەتبازی نائاخنێتە ناو چیرۆکەکانیەوە، یاخود ڕەئی سیاسی و ئایدیۆلۆجی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی خۆی لەسەر بدات، بەڵکو بۆ خوێنەرێکی وەکو ئێمەی بە جێ هێشتووە، کە ئایا چۆن بیری لێ بکەینەوە، یاخود بۆچی وا بوو یان بۆ وانەبوو؟!


