
![]()
دیمانەی: فەرەیدون سامان
میران ئه‌براهام لە پێشەکی ڕۆمانی نیشتمانی سارا دەنووسێت: ئه‌م ڕۆمانه به‌شێکه له‌و مێژووه ونبوو یان له‌بیرکراوه‌ی له ئێستا و ڕابووردوودا تۆمارنه‌کراون، ئیتر له‌به‌ر هه‌رچ هۆکارێک بێت، یان سه‌رنجی هیچ که‌سی ڕانه‌كێشاوه. دین ڕه‌گه‌زنامه‌ی هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌ک نییه، بێگومان له کوردستانیش به هه‌مانشێوه. هه‌روه‌ها ئه‌م ڕۆمانه ته‌نها مێژووی چه‌ند که‌سێک یان ته‌نها که‌مایه‌تییه‌کی بچووک نییه، به‌ڵکو ده‌یان که‌سایه‌تی گرنگ له مێژووی شاری سلێمانیدا به‌زمانی خۆیان و له فۆرمی هونه‌ری (ڕۆمان)ێکدا خۆیان نمایش ده‌که‌نه‌وه، نووسه‌ری ڕۆمانی نیشتمانی سارا ده‌ڵێت: ‘له‌کاتی بڵاو کردنه‌وه‌ی ڕۆمانی نیشتمانی سارا‌دا، باپیره خایم و که‌ریمی عه‌له‌که و قه‌شه یوسف په‌ری و حه‌مه‌جانی حاجی سه‌لیم پێنجوێنی و پیره‌مێرد و فوئاد مه‌ستی و جه‌مال عیرفان و مامۆستا سالار و ده‌یان که‌سایه‌تی ناوداری شاری سلێمانی، ئه‌و ڕۆژه ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ شار و به‌بێ جیاوازی ئایدۆلۆژییان پێکه‌وه وه‌کو جاران خۆیان به نه‌وه‌ی ئێستای کوردستان و به‌تایبه‌تی شاری سلێمانی ده‌ناسێننه‌وه.’
بڕگه‌یه‌کی کورت له ڕۆمانی نیشتمانی سارا: (له قوتابخانه‌ی ڕوشدییه و ڕۆژی یه‌که‌می ساڵی دووه‌می خوێندنم، کاتێک هه‌موو چووین بۆ پۆله‌که‌مان، قوتابییه‌کان دوو دوو چوون و ڕه‌حله‌یه‌کیان گرت و بێده‌نگ پێکه‌وه دانیشتن، من بەته‌نیا مامه‌وه و له دووره‌وه چه‌ند جارێک له مامۆستاکه‌م ڕوانی، چونکه ساڵی پێشوو له‌گه‌ڵ خامێی موشێی عه‌تار له‌سه‌ر ڕه‌حله‌یه‌ک دانیشتبووین، ئه‌وه بوو خامێ وازی له قوتابخانه هێنا و منیش ساڵی دووم بەته‌نیا مامه‌وه، کاتێک مامۆستایەکه ئاماژه‌ی به ڕه‌حله‌یه‌کی به‌تاڵ کرد، چووم له ته‌نیشتی ڕه‌حله به‌تاڵه‌که‌وه ڕاوه‌ستام، کوڕێکی سپیکه‌لانه‌ی باریکه‌له به‌رامبه‌رم وه‌ستابوو، به‌رده‌وام له یه‌کتریمان ده‌ڕوانی، نه‌موێرا دانیشم و دیار بوو ئه‌ویش هه‌مان هه‌ستی هه‌بوو، له‌و کاته‌دا مامۆستا‌که هات و ده‌ستێکی خسته سه‌ر شانی من و وتی، ‘دانیشن ده‌ی، پێکه‌وه دانیشن.’ من خێرا بەترسوله‌رزێکه‌وه گوێڕایه‌ڵی بووم و دانیشتم، کوڕه‌که هێشتا بەپێوه وه‌ستابوو، به هه‌ردوو ده‌ستی توند قه‌راغی ڕه‌حله‌که‌ی گرتبوو، به‌رده‌وام بەتووڕه‌یییه‌وه له منی ئه‌ڕوانی، مامۆستا‌که چه‌ند جارێک داوای لێ کرد دا‌نیشێت، به‌ڵام ئه‌و کوڕه، وه‌کو ئەوەی شه‌خته‌ڵان بێت و خوێنی به‌ستبێتی، نه‌یده‌توانی له ته‌نیشتی منه‌وه دا‌نیشێت، کاتێک مامۆستا‌که چوو بۆ لای، زۆر به‌ناڕه‌حه‌ت توانیی ده‌ستی له قه‌راغی ڕه‌حله‌که بکاته‌وه، ناچار بوو گوێی گرت و به ده‌سته‌که‌ی تری دوو شه‌پازله‌ی توندی کێشا به بناملیدا و به‌زۆر له ته‌نیشتی منه‌وه دای نا، منیش به لاچاو لێم ده‌ڕوانی، ته‌واوی جه‌سته‌ی ده‌له‌رزی و فرمێسک به چاویدا ده‌هاتنه خوار، مامۆستا‌که گه‌ڕایه‌وه لای ته‌خته‌ڕه‌شه‌که و بێده‌نگ به‌رامبه‌رمان ڕاوه‌ستا، ڕوانیم قوتابییه‌کانی تر هه‌موو له منیان ده‌ڕوانی، منیش له‌و کاته‌دا خۆم پێ ڕانه‌گیرا و ده‌ستم کرد به گریان، له خه‌یاڵی خۆمدا وتم، ‘به هۆی منه‌وه ئه‌و کوڕه داماوه لێدانی خوارد!’ دوای ئه‌وه مامۆستا‌که یه‌ک یه‌ک ناوی خوێندینه‌وه، ئێمه‌یش هه‌ڵده‌ستاینه سه‌ر پێ و به‌ڵێمان بۆ ده‌کرد و له جێگای خۆمان داده‌نیشتینه‌وه، مامۆستا‌که دوای ناوی من، ناوی فوئاد مه‌عرووفی خوێنده‌وه، قوتابییه‌که‌ی ته‌نیشتم بەترسوله‌رزێکه‌وه هه‌ستایه سه‌ر پێ، هه‌ستم پێ کرد، که زۆری له خۆی ده‌کرد تاکو به‌ڵێ بۆ مامۆستا‌که بکات، سه‌ری داخستبوو له به‌رپێی خۆی ده‌ڕوانی، بەبێزارییه‌که‌وه سه‌ری هه‌ڵبڕی و له مامۆستا‌که‌ی ڕوانی و پاشان له‌ژێر لێوه‌وه و به نووزەنووزێک گوتی، ‘به‌ڵێ.)
فەرەیدون سامان: باشە با لێرەوە دەست پێبکەین میران ئه‌براهام کێیه و به‌رهه‌مه چاپکراوه‌کانت کامانه‌ن؟
میران ئه‌براهام: له‌رۆژی ٢٦ مارتی ١٩٧٠ له شاری سلێمانی له‌دایک بووم و ئێستا دانیشتووی وڵاتی هۆڵه‌ندام. له منداڵیمه‌وه سه‌رسام بووم به ڕه‌وشتی که‌س و کارم و هه‌موو مرۆڤ و گیانله‌به‌رێک که بینیبێتم، لێکدانه‌وه و بیرکردنه‌وه له شیواز و ڕه‌وشته جیاوازه‌کان جێگای سه‌رنجم بوون، هونه‌ر به هه‌موو فۆرم و شیوازه‌کانییه‌وه به جیهانی خۆمیان ده‌زانم، به‌تایبه‌تی هونه‌ری گێڕانه‌وه. سه‌رسامم به هونه‌ره‌کانی شێوه‌کاری و شانۆ و موزیک، به‌رده‌وام له‌م بوارانه‌دا ده‌خوێنمه‌وه و بینه‌ر و گوێگرێکی چالاکیشم, هونه‌ر بۆ بینین یان لێتێگه‌یشتن. هه‌روه‌ها هه‌ندێک جار بۆ دوورکه‌وتنه‌وه له جه‌نجاڵی ژیان، یان خۆ دزینه‌وه له نووسین، له دار په‌یکه‌رێک ده‌تاشم.
فەرەیدون سامان: زیاتر…
میران ئەبراهام: به‌ڕای من کتێبه‌کانم بۆ خوێنه‌ران گرنگن، چونکه هه‌موو هێز و توانای من له‌و‌ێدا کۆبوونه‌ته‌وه. وه‌کو نووسین: کۆمه‌ڵه چیرۆکی گۆڕهه‌ڵکه‌نه‌م به زمانی هۆڵه‌ندی بڵاوکردۆته‌وه، که دووباره به زمانی کوردی نووسراوه‌ته‌وه و بۆ چاپ ئاماده‌یه، له‌گه‌ڵ چه‌ند چیرۆکێکی نوێ‌دا ئه‌مساڵ بڵاویان ده‌که‌مه‌وه.
(به زمانی کوردی ساڵی ٢٠١٥ ڕۆمانی شه‌وگه‌ڕه‌کان؛ که ئه‌مساڵ ٢٠٢٠ چاپی سێیه‌می کراوه‌ته‌وه.) (ساڵی ٢٠١٩ ڕۆمانی نیشتمانی سارا؛ که چیرۆکێکی مێژوویی ڕیالیستییه و مێژووی سه‌د ساڵی شاری سلێمانی و کوردستانه.) (ساڵی ٢٠٢٠ ڕۆمانی خه‌می مه‌ستووره؛ ٢٤٠ لاپه‌ڕه‌یه و چیرۆکێکی مێژووییی ڕیالیستییه، گێرانه‌وه‌ی چیرۆکی ژنێکی ته‌نیا و به‌جێماوی تاوانه‌کانی ئه‌نفالە.)
فەرەیدون سامان: لە نێوان ئەزموونی ژیان و ئەزموونی نووسیندا، میران ئەبراهام لە کوێدا بەرجەستە دەبێت؟
میران ئەبراهام: نووسین به‌شێکه له ژیان، چونکه منی نووسه‌ر هه‌رده‌م له ڕێگای ئه‌زموونی ژیانه‌وه پرۆسه‌ی نووسین به‌رجه‌سته ده‌كه‌م، تاوه‌کو ئه‌و کاته‌ی که پرۆسه‌ی نووسین هه‌موو کایه‌کانی ژیانم لێ زه‌وت ده‌کات، هیوادارم ئه‌وه ڕوونه‌دات، ئه‌وه‌یش کاتێکه که من خۆم گۆشه‌گیر بکه‌م و به‌واتا کلاسیکییه‌که‌ی نووسه‌ربم، به‌ڵام من نه‌وه‌ی سه‌رده‌می خۆمم و بۆ به نووسه‌ر بوونم چاو له هیچ نووسه‌رێکی پێش خۆم ناکه‌م، نه به ڕه‌وشت و نه‌وه‌کو ستایڵی نووسین. که‌واته خۆشی و ناخۆشی و هاوڕێیه‌تی و باوکایه‌تی و هاوژینی و دۆستایه‌تیم به‌لاوه گرنگه و بۆ پرۆسه‌ی نووسین فه‌رامۆشیان ناکه‌م، چونکه به‌وانه‌وه من ڕاسته‌وخۆ به ژیانه‌وه پابه‌ندم و خه‌یاڵی نووسینم به‌رده‌وامه، که‌واته نووسین به‌شێکه له ژیانم، هه‌رچه‌نده ئه‌گه‌ر به‌کردار به نووسین و خوێندنه‌وه‌وه خه‌ریک نه‌بم؛ ئه‌وا به‌رده‌وام له‌ناو هزن و خه‌یاڵمدا سه‌رقاڵی هۆنینه‌وه‌ی فه‌زای ناو چیرۆک یان ڕۆمانێکم. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا که‌سانی نێزیکم به بێده‌نگ و گۆشه‌گیر ناوم ده‌به‌ن.
فەرەیدون سامان: ئایا نووسه‌ر ده‌توانێت ته‌نها لە رێگای نووسینەوە، بەتایبەت ڕۆمان چه‌مکێک لە به‌سەرهاتەکانی نیشتمان و تاراوگە پێکه‌وه گرێبدات؟
میران ئەبراهام: ڕۆمان ژانرێکی باڵایه، که ده‌توانم بڵێم هه‌موو هونه‌ره‌کانی تر به هه‌موو فۆرم و شێوازه‌کانییه‌وه له‌خۆی ده‌گرێت، ئێمه ده‌توانین له‌ڕێگای ڕۆمانه‌وه کلتوور و ڕووداوه‌کانی مێژووی خۆمان تۆمار بکه‌ین و بۆ خۆمان و ده‌ره‌وه‌ی خۆمان نمایشی بکه‌ین، هه‌روه‌ها ڕۆمانه‌کانمان ده‌کرێت ببنه که‌ره‌سته‌ی هونه‌ر، که من ئه‌م خاڵه زۆر به گرنگ ده‌زانم، هه‌موو چیرۆک یان ڕۆمانێک پێویسته ئه‌وه‌نده‌ی له‌باردا بێت که ببێته کەر‌سته‌ی هونه‌ر. هه‌روه‌ها به ژانری ڕۆمان ده‌توانین ناوماڵ و کو‌لتوور و زمان و فه‌رهه‌نگی کوردی ڕێکبخه‌ینه‌وه، به‌مه‌رجێک بتوانین خوارییه‌کانی نێو کتێبه کۆنه‌کان دووباره له ڕۆمانه نوێکانماندا ڕێک بکه‌ینه‌وه، یان وه‌کو پێویست پیرۆزییه‌کان تێک بشکێنین. که ئه‌وه‌یش سه‌لیقه و ده‌رکی ده‌وێت. بێجگه له‌وه‌ی بۆ نمایش‌کردنی ده‌ره‌وه‌ی خۆمان نووسینی ڕۆمان زۆر گرنگه، که ئێمه ده‌توانین به ته‌نها یه‌ک ڕۆمان؛ کو‌لتوور و فه‌رهه‌نگی خۆمان به جیهانی ده‌ره‌وه‌مان بناسێنین، هه‌ڵبه‌ته ئێمه پێویسته به‌چاوێکی تر له هونه‌ری گێرانه‌وه بڕوانین، که ڕۆمان گرنگترین ژانری ئه‌و هونه‌ره‌یه، که ئایا نووسه‌ر ده‌توانێت ته‌نها له‌ڕێگای ڕۆمانه‌وه چه‌مکێک لە به‌سەرهاتەکانی نیشتمان و دەرەوە پێکه‌وه گرێبدات؟ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ڕۆمان یه‌کێکه له‌و ژانر و شێوازه هونه‌رییه‌ی که زۆر پێویسته، به‌ڵام هه‌رچه‌نده ئێمه له‌بواره‌کانی تردا خاوه‌نی ده‌یان هونه‌رمه‌ندی به‌سه‌لیقه‌ین، که ئه‌زموونی ئێشکردنیان بێوێنه‌یه. که هه‌موومان نووسه‌ران و هونه‌رمه‌ندانی تاراوگه‌نشین، هه‌رچ که‌سه و به‌گوێره‌ی توانا و سه‌لیقه‌ی خۆی، به‌رده‌وام له نێوان ئه‌وسای نیشتیمان و ئێستای تاراوگه‌دا خه‌ریکی به‌راورد کردنین، یان پێکه‌وه گرێدانین، هه‌روه‌ها له هه‌موو کارێکی هونه‌ریدا ئیتر لێره‌دا زیاتر هونه‌ری نووسینیشم مه‌به‌سته، ئه‌زموونی ئێستای تاراوگه و ئه‌وسای نیشتیمان تێکه‌ڵ ده‌که‌ین، چونکه ئه‌وه سروشتی نووسه‌ر و مرۆڤه به‌گشتی، ئه‌گه‌ر ئێمه باس له هونه‌ری گێڕانه‌وه بکه‌ین ئه‌وا… کاتێک بیرده‌که‌ینه‌وه یان سه‌رقاڵی نووسین ده‌بین، یان ڕۆژانه به‌رکه‌وته‌مان ده‌بیت و به‌رده‌وام ده‌گێڕینه‌وه… له تێکه‌ڵه‌یه‌که له‌وسای نیشتیمان و ئێستای تاراوگه پێک دێت، چونکه مرۆڤێک به‌تایبه‌تی نووسه‌ره‌کان، ڕابووردوومان له کۆڵه‌پشته‌که‌ماندایه و به‌رده‌وام له‌وێوه خه‌یاڵمان سه‌رچاوه ده‌گرێت.
فەرەیدون سامان: تۆ تا چەند بوێر و راستگۆ بوویت لە گێڕانەوەی ئەوبەسەرهات و ڕووداوەکاندا؟
میران ئەبراهام: بۆ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره نامه‌وێت خۆم لێره‌دا هیچ بڵێم، به‌ڵکو ئاوێنه‌ی دلێ ئه‌وانی ترت پیشنابده‌م، یان ڕوونتر، ڕای ئه‌وانی تر؛ به‌تایبه‌تی له‌سه‌ر ڕۆمانی نیشتمانی سارا، بۆ نموونه؛ ئه‌م چه‌ند دێڕه‌ی نووسه‌ر و شانۆکار نیهاد جامی، که لەباره‌ی ڕۆمانی نیشتمانی سارا نووسیویه‌تی: [تێکستی ئەدەبی نووسینەوەی مێژوو نییە، بەڵکو تێکشکاندنەوەی مێژووە، وەک ئەوەی زمان وێنای دەکات، نەوەک وەک ئەوەی ڕووداوەکان ڕوو دەدەن، ڕووداوە مێژووییەکان دەبنە زەمینەی ئیشکردنەوە بۆ ناو زمان، لێرەوە نووسەر کاری بە گێڕانەوەی مێژوو نییە، ئەوە گێڕانەوە‌یه وەک ئەوەی وێنای کارەکتەر دەکات ئاوا ڕووداوەکان دەگێڕێتەوە، هەڵبەت پەیوەندی نووسین بە مێژوو ئیشکردنەوەیە لەسەر چیرۆکی نەگێڕدراوە، نەوەک نووسینەوەی مێژوو کە تێکستی ئەدەبی بکات بە ستایشی ڕابردوو، رۆمانی “نیشتمانی سارا” ی میران ئەبراهام دەگەڕێتەوە ناو مێژوویەک کە لەیادەوەری مرۆڤی کوردی دەردەهێنرێت، وەک بەشێک لەناو خۆی سەیری ناکرێت، بەڵام ئەو دێت ئەو بەشە لەیادەوەری دەگەڕێنێتەوە ناو ئەو مێژووە، چونکە ئەوانیش بەشێک بوون لەو زەمەنە.]
هه‌روها بڕگه‌یه‌کی کورت له لێکۆڵینه‌وه‌یه که نووسه‌ر و لێکۆڵه‌وه‌ر پێشڕه‌و محه‌مه‌د نووسیویه‌تی: [بە گشتی فۆرمێکی ڕۆمان دابەش دەبێتە سەر نەریتی گێڕانەوە و نەریتی ئاڵۆزی: واتا مێژوو و تیۆر. لە نەریتی گێڕانەوەدا مێژوو باڵادەستە و لە نەریتی ئاڵۆزیشدا تیۆر. بەشێکی زۆری ڕۆمانی کوردی کە هەوڵی بە فەلسەفیکردنی پاڵەوانەکەی دەدات، دەیەوێت بچێتە ناو بڕگەی ئاڵۆزییەوە، بەڵام نەریتی گێڕانەوە هەمیشە بەسەر نەریتی ئاڵۆزییدا باڵادەستە، بەوەدا چونکە زۆربەی کات ڕۆماننووس هێڵی گێڕانەوەی پاڵەوان باڵادەست دەکات و لەو ڕووەشەوە کە دەیەوێت پاڵەوان لە واقیعی کۆمەڵایەتی داببڕێت، دەیەوێت پێگەی بۆ تیۆرەیەکی ڕووت بەرز بکاتەوە. ڕۆمانی «نیشتمانی سارا» لەنێوان مێژوو و یادەوەریدا دێت و دەچێت، مێژوو وەک نەریتی گێڕانەوە و یادەوەری، وەک نەریتی بونیادنانی تیۆر. مادام تێمای ڕۆمانەکە پرسی جووە، ڕۆماننووس ناتوانێت خۆی لە قەرەی هەردووکیان نەدات، بەڵام دەبێت وریا بێت لەوەی پێی نەخزێتە ناو مێژووەوە، واتا مێژوونووسییەوە، چونکە هەمیشە مێژوونووس خیانەت لە چەمکی یادەوەری دەکات. لێرەدا بۆ ئەوەی نموونەکەم ڕاستەوخۆ لە پەیوەندیدا بە ڕۆمانەکەی ئەبراهامەوە ڕوون بکەمەوە، کە پەیوەندی بە هەمان تێماوە هەیە، دەگەڕێمەوە سەر نەریتی نووسینەوەی مێژوو و گێڕانەوەی یادەوەریی پرسی جوو.]
له هه‌مان لێکۆڵینه‌وه‌دا ئه‌م بڕگه‌یه‌ی پێشڕه‌و محه‌مه‌د: [هێڵی گێڕانەوەی ڕۆمانەکەی میران ئەبراهام لەسەر هەمان تەریب و پاراڵێڵ دەڕوات، قەیران و کارەساتی جووەکانی کوردستان و عێڕاق بە دابڕاو نازانێت لە هەمان ئەو قەیرانەی لەناو دڵی پێشکەوتووترین سیستەمی کولتووری و شارستانێتیی ئابووریی و تەکنەلۆژییەوە سەری هەڵدابوو. ئەگەرچی ئەبراهام هەوڵدەدات سەرەڕای بە «تاقانەیی کێشەی جوو» نیشان بدات، بەڵام هێشتا بەهۆی زۆرترین جەختکردنەوەی لەسەر نیشتمانی سارا دەیەوێت هاوکات ئەم کێشەیە تەریب بکاتەوە لەگەڵ کێشەی کورددا. هەم ڕاستی و هەمیش کێشە لەم نەریتی گێڕانەوەیەدا هەیە. کێشەی جوو تاقانەترە لە کێشەی کورد، بەڵام هاوکات کێشەی کوردیش خۆی لە ناوچەکە بڕێکی زۆر تاقانەیی بەردەکەوێت. هەردوولا هەم کورد و هەم جوو کەوتوونەتە بەردەم قڕکردنەوە، بەڵام قڕکردنی جوو لە سەردەمی نازییەکاندا و بەیۆلۆژییکردنی ڕاسیزم، کارێک بوو هیچ کات ئەوانەی هەوڵی قڕکردنی کوردیان داوە، بیریان لێ نەکردۆتەوە. نازیزم دەیویست سەرجەمی جوو لەناو بەرێت. هەڵبەت سەرەتا بە سێ قۆناغدا تێپەڕدەبێت: قۆناغی یەکەم بە داگیرکردنی پۆڵەندا دەست پێ دەکات و بە کردنەوەی گیتۆی وارشۆ (ڤارشاو) دەست پێ دەکات کە هیتلەر و نازیزم دەیانەوێت سەرجەمی جووەکانی ئەوروپا لەو گیتۆیەدا نیشتەجێ بکەن، ئەم قۆناغە ڕووبەڕووی کێشەی زۆر دەبێتەوە، لەوانە کێشەی سەرهەڵدانی تاعون و پەتاکانی دیکە لەناو گیتۆکەدا، بێ شوێنی، ناچاربوون بە دابینکردنی خۆراک، ترسی کۆمەڵگای پۆڵەندیی و دواجار یاخیبوونی ناو جووەکان، زەروورەتی قۆناغی دووەم لە ١٩٤١ بە پڕۆژەی باربارۆسا یان هێرش بۆ سەر یەکێتیی سۆڤێت لە لایەن نازییەکانەوە دێتە ئاراوە، چونکە پێیانوابوو بە داگیرکردنی خاکی بەرفراوانی ڕووسیا دەتوانن هەموو جوو و سلاڤەکانی ئەوروپای خۆرهەڵات لەوێ نیشتەجێ بکەن و دەست بکەن بە بەئەڵمانیکردنی ناوچە داگیرکراوەکان، دوای شکستی هێرش بۆ سەر ڕووسیا، زەروورەتی قۆناغی سێیەم دێتە ئاراوە کە لە مێژوودا بە «دوایین چارەسەر» (Endlösung) یاخود «چارەسەری دوایی پرسی جوو» (Endlösung der Judenfrage) ناسراوە. واتا قڕکردنی یەکجارەکیی سەرجەمی جووەکان بە منداڵ، ژنان و پیاوانەوە. ئامادەکردنی ژوورەکانی خنکاندن و پاشان سووتاندنیان لە کورەکاندا.]
ئه‌وه‌ی من له ڕۆمانی نیشتمانی سارا‌دا ده‌رباره‌ی نووسیومه، ته‌نها هاتووم به‌سه‌لیقه و ده‌رکێکی جیاواز و دوور له‌کاریگه‌ری سیاسی یان ئایدۆلۆژیا کارم له‌سه‌ر مێژوویه‌ک کردووه، که هه‌موومان بیستوومانه و پێشینانمان شایه‌تحاڵی بوون، پاشان من خوار و خێچییه‌کانی نێو ئه‌و مێژووه‌م به هێزی هونه‌ری گێڕانه‌وه ڕاست کردوونه‌ته‌وه و دووباره له فۆرمی ڕۆمانێدا نمایشم کردۆ‌ته‌وه، یان جیاواز له نووسه‌راره‌کانی سه‌رده‌می خۆم و ئه‌وسا پیرۆزییه‌کانم به شێوازێکی تر تێک شکاندووه.
فەرەیدون سامان: ئاخۆ کولتوورێکی دیارکراو کاریگه‌ری بەسەر هەست و نەستەکانی ئێووە هەبووە؟
میران ئەبراهام: به‌ڵێ، بێگومان، چونکه هه‌موومان، ئیتر مه‌به‌ستم ته‌نها له نووسه‌ر و هونه‌رمه‌نده‌کان نییه، به‌ڵکو هه‌موو تاکێکی نێو کۆمه‌ڵگا که‌ره‌سته‌ی سروشت و چوارده‌وره‌که‌ی خۆیه‌تی، ئه‌وه‌یش شتێکی زۆر سروشتییه، پاشان ئه‌زموونی ژیان بڕیاری ئه‌وه‌مان پێ ده‌دات که هه‌موومان له‌ئاستی بیرکردنه‌وه‌دا ڕه‌نگێکی جیاواز بنوێنین و له‌سه‌ر هه‌موو به‌رکه‌وته‌یه‌ک ڕای جیاوازی خۆمان هه‌بێت، به‌مه‌رجێک توانیبێتمان ئاستی هه‌سته‌کانمان هه‌ڵکێشین به‌ره‌و خۆی، مه‌به‌ستم ده‌رکه… که‌له توانای بینین و بیستن و به‌رکه‌وتن و بۆنکردنه‌وه …زیاتر سه‌رچاوه ده‌گرێت. ئێمه‌ی نووسه‌ر ناتوانین هیچ له ده‌ره‌وه‌ی کات و مێژوومانه‌وه بێنین، نایشتوانین بڵێین ئه‌وه‌ی ئێمه ده‌ینووسین پێشتر که‌س بیری لێ نه‌کردۆته‌وه، که‌واته من یه‌که‌م که‌سبووم! ئه‌وه ڕاست نییه، پێده‌چێت له فۆرمدا جیاوازبین و نوێگه‌ری بکه‌ین، به‌ڵام له ناوه‌ڕۆکدا ئه‌و پارچه و که‌ره‌سته‌یه‌ی ته‌واوی فه‌زای نێو چیرۆک و ڕۆمانه‌کانی پێ دروست ده‌که‌ین، له‌مێژووی به‌ره‌وتن و بیستنمانه‌وه هێناومانه، که ڕه‌نگێکی تری ده‌که‌ین به‌به‌ردا و وه‌کو گوتم؛ له فۆرمێکی تردا دووباره‌یان ده‌که‌ینه‌وه.
هه‌روها من بێجگه له کو‌لتوور و فه‌رهه‌نگی کوردی، که ئه‌م ده ساڵه‌ی دوایی زۆر پێوه‌ی سه‌رقاڵ بووم، پێده‌چێت ئه‌م چه‌ندیین ساڵه‌ی دوایی ته‌مه‌نم… که جیاواز له جاران و به‌ئاگاییه‌وه له هۆڵه‌ندا ده‌خوێنمه‌وه و ئه‌زموونی ژیان ده‌که‌م، به‌مه‌به‌ست به‌دوای فۆرم و شێواز و ناوه‌ڕۆکی هونه‌ردا گه‌ڕابم، پێده‌چێت کاریگه‌رییان له‌سه‌ر خه‌یاڵم هه‌بووبێت و له نووسینه‌کانمدا ڕه‌نگیان دابێته‌وه. که من ئه‌وه به پرۆسه‌یه‌کی زۆر سروشتی ده‌زانم.
فەرەیدون سامان: لە ڕۆمانەکانتا تا ڕادەیەک جۆرێک له کو‌لتوور و کەلەپوورێکی دیارکراو هەست پێدەکرێت، بەتایبەت لە ڕۆمانی نیشتمانی سارا‌دا؟
میران ئه‌براهام: له کوردستاندا ئێمه به‌خۆشحاڵییه‌وه خاوه‌نی که‌له‌پورێکی ده‌وڵه‌مه‌ندین، ئه‌ویش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و هه‌موو که‌مه‌نه‌ته‌وایه‌تییانه‌ی هه‌زاران ساڵه له‌سه‌ر ئه‌و خاکه بوونیان هه‌یه، منیش وه‌کو نووسه‌رێک خۆم به خاوه‌نی هه‌موویان ده‌زانم، چونکه له په‌روه‌رده‌که‌مه‌وه فێری ئه‌وه بووم، که کاریگه‌ری هیچ ئایدۆلۆژیی یان کولتوورێکی تایبه‌تیم به‌سه‌ره‌وه نه‌بیت، هه‌روه‌ها ئه‌زموونی ژیان و دنیا بینیم فێری ئه‌وه‌ی کردووم، که وه‌کو نووسه‌ر بیر بکه‌مه‌وه و خاوه‌ندارێتی له‌و که‌له‌پوره بکه‌م، که‌واته پێده‌چێت له داهاتوودا له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و پارچه و که‌له‌پووری که‌مه‌نه‌ته‌وایه‌تییانه‌ی نه‌ته‌وه‌که‌م بنووسم، چونکه من وه‌کو کوردێک به‌شێکم له‌وان و مێژووی ئه‌وان به هی خۆم ده‌زانم. وه‌کو نووسه‌رێک به‌رده‌وام شه‌ڕی ئه‌وه ده‌که‌م که له کوردستاندا دین ڕه‌گه‌زنامه‌مان نییه!
له ڕۆمانی (نیستمانی سارا)دا من باس له که‌سانێک ده‌که‌م که له مێژوودا به‌شێک بوون له دانیشتوانی ئه‌و نیشتمانه، که‌واته ئه‌وه ئیشی منه له‌کاتی نووسین و دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی کتێبه‌که‌یش خۆم به به‌شێک له‌وان بزانم. که ئه‌وانیش جووه‌کانی کوردستان و به‌تایبه‌تی شاری سلێمانین. ئه‌گه‌ر له داهاتوودا من کتێبێک له‌سه‌ر ئێزەدییه‌کان بنووسم، ئه‌وا به‌ڕۆح و به‌جه‌سته‌م ده‌بم به‌یه‌کێک له‌وان و ده‌چمه په‌رستگاکانیان و ئاگر ده‌که‌مه‌وه و نزاکانیان ده‌خوێنم، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر مه‌لایه‌کی به‌واتا کوردییه‌که‌ی دوانزه عیلم ببێته که‌راکته‌ری نێو ڕۆمانێکم، ده‌چمه نێو به‌رگی و له‌بری ئه‌و شایه‌تومان دێنم و ڕۆژی پێنج جار ڕوو له قیبله‌که‌ی ئه‌و ده‌که‌م، تاوه‌کو به‌ڕۆح ئه‌زموونی ژیان و که‌سایه‌تی ئه‌و مه‌لایه بۆ هونه‌ری نووسین به‌رجه‌سته بکه‌م، ئه‌وه‌یش پره‌نسیپی نووسینه و من له‌بواره‌که‌ی خۆمدا خۆم به که‌سێکی ئیدیالیست ده‌زانم، که بۆ خوڵقاندنی فه‌زای ناو هونه‌ری ڕۆمان پێویسته، هه‌روه‌کو چۆن له‌گه‌ڵ ڕۆحی به ئازاری مه‌ستووره‌دا که که‌راکته‌رێکی ژنی نێو ڕۆمانێکمه دڵم پڕبووه له گریان و له‌گه‌ڵیدا ژیاوم، ده‌توانم بڵێم ئه‌وه خۆم بووم وه‌کو ژنێکی لێقه‌وماو و به‌جێماوی دوای تاوانی ئه‌نفال ئازارم چه‌شتووه، ئه‌وه که‌راکته‌ری منێکی نووسه‌ره له‌و ڕۆمانه‌مدا وه‌کو ژن خوێنم له‌به‌ر ده‌ڕوات و ئازاری ژنێتی ده‌کێشم.
فەرەیدون سامان: لە نیشتمانی سارا‌دا رەخنە لە نوخبه‌ی ڕووناک‌بیری کورد دەگریت، که لە پرسی چەوساندنەوەی جووەکانی سلێمانی بێ دەنگ بوون. بەتایبەت ئەو نوخبەیە بە چەپ و ڕاست و نەتەوەیی و عیلمانیانییه‌کانیشه‌وه، ئایا پێت وایه بێ هەڵوێستیان نیشان داوە و هاوبەشی خەم و ئازارەکانی جووەکانی کوردستان بەتایبەت سلیمانی نەبوون؟
میران ئه‌براهام: ئه‌وه به‌ڵگه‌یه‌کی حاشا هه‌ڵنه‌گره، که له هه‌موو مێژووی فه‌رهه‌نگی کوردی‌دا بگه‌ڕێ که‌سێک خێرخوازێک نووسه‌رێک ئیماندارێک بێت و ته‌نها سه‌ره‌قه‌ڵه‌مێک ده‌رباره‌ی ده‌رکردنی به‌کۆمه‌ڵی جووه‌کان نووسیبێتی، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه به‌ڵکو به واتا کوردییه‌که‌یش بێت، ناویان له کوله‌که‌ی ته‌ڕیشدا نه‌هاتووه، به‌چاک و به‌خراپ که‌س ناوی نه‌هێناون، نه‌له کتێبه مێژووییه‌کاندا و نه له چیرۆک و ڕۆمان و ته‌نانه‌ت شاعیره‌کانیش دێڕێکیان بۆ نه‌نووسیون، له‌کاتێکدا سلێمانی و هه‌ولێر، ئه‌گه‌ر ئێمه ئه‌و دوو شاره به‌نموونه بێنینه‌وه، که له شه‌و و ڕۆژێکدا گه‌ڕه‌کێکی گه‌وره له هه‌ردوو شاره‌که چۆڵ ده‌بێت، ده‌ی نابێت ئێمه بپرسین ئه‌و خه‌ڵکه چی‌یان لی هاتووه، گریمان ئه‌مانه بۆ سه‌یران چوون و به‌ڵام به‌ڕێکه‌وت نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه، نابێت هه‌ڵوێسته‌یه‌ک بکه‌ین و پرسیارێکمان له‌لا دروست ببێت، نه‌ده‌بوو هه‌ستی ناسکی شاعیرێکی ڕۆمانسی یان شۆڕشگێڕ بهه‌ژێنێت، ئه‌وە جێگای پرسیاره، پرسیار له‌سه‌ر هه‌ست و نه‌ست و ئاستی بیرکردنه‌وه‌ی ته‌واوی کۆمه‌ڵگایه‌ک، ئیتر له‌ژێر هه‌رچ کارگه‌ریه‌کدا بێت. من لێره‌دا باس له هه‌ڵوێستی سیاسی ناکه‌م، چونکه له‌وانه‌یه ئه‌وه له‌سه‌رده‌می خۆیدا ئه‌سته‌م بووبێت، به‌ڵام بۆ نموونه له‌و گه‌ڕه‌که‌ی که وه‌کو من له خۆتم بیستووه لێی له‌دایک بویت، گه‌ڕه‌کی ته‌عجیلم مه‌به‌سته، داگیرکه‌ر دێن و ناوی گه‌ڕه‌که‌که له جوله‌کانەوه ده‌گۆڕن بۆ ته‌عجیل، که هه‌موومان ده‌زانین ئه‌و ناوه واتای چییه، که‌چی دوای نه‌مانی ئه‌و داگیرکه‌ره ئێمه هێشتا به‌خۆشحاڵییه‌وه به (ته‌عجیل) ناوی ده‌به‌ین، ئه‌مه‌یش خۆی خۆ خۆی جێگای پرسیاره. پاشان دوای ئه‌وان که ساڵی ١٩٥٢ ده‌کات ئه‌و مێژووه چه‌ندین جار خۆی دووباره ده‌کاته‌وه، بۆ نموونه؛ فه‌یلییه‌کان که له جووه‌کانیان خراپتر لێ به‌سه‌ر هات، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و تاوانانه له فه‌رهه‌نگ و زمانی ئێمه‌دا مافی خۆیان پێ بدرێت، ئه‌وه من لێره‌دا نامه‌وێت باسی مێژووی جینۆسایدی ئێزەدی و کاکه‌ییه‌کان بکه‌م، ئه‌گینا باسه‌که‌مان زۆر هه‌ڵده‌گرێت، پاشان به ده‌یان کتێبی وه‌کو ڕۆمانی نیشتمانی سارا خواری و چاڵ و چۆڵییه‌کانی ئه‌و مێژوومان پڕنابێته‌وه. دیسان ئه‌وه دووباره ده‌که‌مه‌وه؛ که ڕۆمانی نیشتمانی سارا، ئاوێنه‌یه‌کی ڕوونه، که له ڕابووردوودا له کوچه و کۆڵانه‌کانی شاردا هه‌ڵواسرابوون و دیمه‌نه‌کانی بۆ تۆمار کردووین، که ئێستا من هێناومه و له فۆرمی ڕۆماندا تۆمارم کردوون و سه‌رله‌نوێ پیشانی خوێنه‌ری نه‌وه‌ی نوێی کوردی ده‌ده‌مه‌وه.
فەرەیدون سامان: لە دوا ڕۆمانتدا (خه‌می مه‌ستووره)کە پارساڵ لە شاری سلێمانی چاپ بوو، باس لە کۆژان وئازاری ژنە کوردێکی گەرمیانی قوربانی پرۆسە بەدناوەکی ئەنفال دەکەیت. تا چەند توانیوتە ئەم ڕووداوە گەورە نامرۆڤایەتییە تەنها لە خەمی ژنێکی گەرمیاندا بەرجەستە بکەی؟
میران ئه‌براهام: ڕۆمانی خه‌می مه‌ستووره، ڕووداوه‌کانی بۆ ساڵی ١٩٨٨ ده‌گه‌ڕێته‌وه و له ناوچه‌ی شوان ڕووده‌ده‌ن، به ته‌واوی گوندی داره‌قوته و پاشان جه‌له‌مۆرد، له خه‌یاڵی مه‌ستووره‌وه بۆ ناو ڕووداوه‌کان ده‌گه‌ڕێینه‌وه، پاشان مه‌ستووره وه‌کو منداڵ چۆن له ساڵی ١٩٦٣دا شایه‌تحاڵی هاتنی حه‌ره‌س قه‌ومییه‌کان بووه، ئه‌م کارەکته‌ره دڵشکاو و برینداره به‌ڕێکه‌وت له شوقه‌کانی گه‌ڕه‌کی ئیسکانی شاری هه‌ولێر ده‌گیرسێته‌وه، ڕووداوه‌کان له‌شاری هه‌ولێر ڕووده‌ن و دیمه‌نی ئه‌و شاره دوای ساڵی ١٩٨٨ و تاوه‌کو ڕۆژانی ڕاپه‌ڕین و پاشان کۆڕه‌وی خه‌ڵکی هه‌ولێر، دیمه‌نی سه‌رقه‌ڵاتێ و گه‌ڕه‌کەکانی عه‌ره‌ب و سه‌یداوه و کۆماری، به‌تایبه‌تی ژیانی خه‌ڵکی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی دانیشتوانی شوقه‌کانی ئیسکان. له‌م ڕۆمانه‌دا سه‌رنجم له‌سه‌ر باری ده‌روونی که‌سایه‌تیی مه‌ستووره‌یه، کەسایەتییەک کە ویستوومه بچمه نێو ڕۆحیەوە و ڕووداو و بەسەرهات و چەرمەسەرییەکانی ژیانی ئەو بگێڕمەوە. ژیانی ژنێک کە بە ڕێکەوت، له تاوانه‌کانی ئه‌نفال ده‌ربازی بووه. به‌ڵام ئه‌نفال دوور له واتا مه‌یدانییه‌که‌ی. مه‌ستووره وه‌کو ژن، که له کۆمه‌ڵگای کوردی‌دا هه‌رده‌م له‌سێ ئاستدا کراوه‌ته ئامانج، ئیتر له‌لایه‌ن ئێمه‌ی هاونه‌ته‌وه‌ی خۆیانه‌وه بێت یان له‌لایه‌ن که‌سی ده‌ره‌کییه‌وه، یه‌که‌م؛ وه‌کو مرۆیه‌کی لاواز، دووه‌م؛ وه‌کو کورد، سێیه‌م؛ وه‌کو ژن، که به‌و واتایه بێت بۆ ئه‌وان ئه‌وسا و ئێستا و له مێژوویه‌کی دووریشدا به‌رده‌وام ئه‌نفال به‌رده‌وامی هه‌بووه. هه‌روه‌ها من زیاتر سه‌رنجم له‌سه‌ر باری ده‌روونی ئه‌وانه ڕاگرتووه که له‌و جینۆسایده به‌جێماون. هه‌روه‌کو چۆن به‌مه‌به‌ست له‌پشتی به‌رگی ڕۆمانی خه‌می مه‌ستووره‌دا نووسراوه: (ڕۆمانی خه‌می مه‌ستووره، پێمان ده‌ڵێت: هه‌ر که‌سێک ‘چ کورد بێ یا عەرەب، چ فارس بێ یا تورک’ گوێی له قسه‌ی شایه‌تحاڵێکی تاوانه‌کانی ئه‌نفال گرتبێت، ئه‌گه‌ر تۆزقاڵێک هه‌ستی مرۆڤانه‌ی تێدابێت، خۆی، بێ ئەملا و ئەولا، ده‌بێته شایه‌تحاڵ.) مه‌به‌ستم له شایه‌تحاڵ، ئه‌وه‌یه که زۆربه‌ی کات ئه‌وانه‌ی پێیان ده‌ڵێین شایه‌تحاڵ، که مه‌ستووره و هه‌ندێک که‌راکته‌ری نێو ڕۆمانه‌که شایه‌تحاڵن، هه‌روه‌ها ئێمه و ئه‌و که‌سانه‌ی که به چاوی خۆیان یا به‌رکه‌وته‌مان له‌گه‌ڵ تاوانی ئه‌نفالدا هه‌بووه، ئه‌گه‌ر به باره سایکۆلۆژیییه‌که‌یدا لێی بڕوانین و واتای ئه‌و وشه‌یه شیبکه‌ینه‌وه ئه‌وا هه‌موو شایه‌تحاڵێک؛ بێگومان ئه‌گه‌ر تۆزقاڵێک هه‌ستی مرۆڤانه‌ی تێدابێت، یان هه‌ستی مرۆڤانه‌ی به ئایدیۆلۆژیایه‌ک بارگاوی نه‌بووبێت، ئه‌وا به‌بێ ئاگاداری خۆی کاریگه‌ری نێگه‌تیڤی له‌سه‌ر باری ده‌روونی به‌جێهێشتووه، ده‌توانم بڵێم؛ که مردووه‌کان (ئه‌نفال کراوه‌کان) له‌و شایه‌تحاڵانه به‌ختدارترن، چونکه به‌واتا سروشتییه‌که‌ی ئه‌وانه‌ی ئه‌نفال کراون، ئیتر به هه‌رچی جۆرێک ڕۆحیان کێشرابێت؛ ئه‌وه مردوون و هه‌ست به گه‌وره‌یی و قێزه‌ونی ئه‌و تاوانه ناکه‌ن و له‌گه‌ڵ قێزه‌ونی ئه‌و تاوانه‌دا ناژین، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه ئه‌وان کۆتای‌یان پێ هاتووه، به‌ڵام ئێمه‌ی له‌دوای ئه‌وان به‌جێماو (کورد) به‌تایبه‌تی، ئیتر مه‌رج نییه که‌سوکارمان بن، به‌ڵکو وه‌کو نه‌وه‌ی سه‌رده‌می ئه‌نفال و شاته‌تحاڵێک به‌رده‌وام و تاوه‌کو له‌ژیاندا مابین بیری لێ ده‌که‌ینه‌وه و ڕۆحمان ئازار ده‌چێژێت، هه‌روه‌کو چۆن له جێگایه‌ک له‌م جیهانه کاتێک تاوانکارییه‌کی له‌و جۆره قێزه‌ون ڕووده‌دات، دوای ئه‌وه‌ی له‌ڕێگای میدیاکانه‌وه هه‌موو مرۆڤایه‌تی هه‌واڵه‌که ده‌بیستێت، ئه‌وا ته‌پوتۆزی ئه‌و وزه نه‌گه‌تیڤه له‌سه‌ر ڕۆحی هه‌موو مرۆڤایه‌تی ده‌نیشێت، دیسان ئه‌وه ده‌ڵێمه‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌و مرۆیه باری ده‌روونی ته‌واوبێت و تۆزقاڵێک هه‌ستی مرۆڤانه‌ی تێدابێت.
فەرەیدون سامان: تۆ به‌ڕێکه‌وت لە وڵاتی هۆڵەندا گیرساویتەوە، بەتایبەت ئێوە زۆربه‌ی ژیانتان لەو وڵاتە بردۆتە سەر و بۆتە نیشتمانی یەکەمتان، له‌کاتێکدا ئه‌وه‌نده‌ی من ئاگاداریشبم به‌رهه‌مت بە زمانی هۆڵەندی نووسیوە و بەچاپت گەیاندووە. مەبستم تا چەند ڕووداو و کارەکتەرەکانی ئەم ڕۆمانە پەیوەندییان بە کۆمەڵگای کوردستانەوە هەیە؟ هه‌روەها لە ڕۆمانی شەوگەڕه‌کاندا کارەکتەر و ڕووداوەکان، کات و شوێنی پەیوەندییان بە کوردستانەوە نییە؟ من وای تێگەیشتووم، بۆچی؟
میران ئه‌براهام: ساڵی ٢٠٠٤ کۆمه‌ڵه چیرۆکی گۆڕهه‌ڵکه‌نه‌م به زمانی هۆڵه‌ندی بڵاوکرده‌وه، ئه‌ویش نه چاپه‌که‌ی و نه شێوازی بڵاو کردنه‌وه‌که‌ی به‌دڵی خۆم نه‌بوو، پێده‌چێت ئه‌وسا په‌یوه‌ندی به ئاستی بیرکردنه‌وه و باری ده‌روونی خۆمه‌وه هه‌بووبێت، له‌به‌ر ئه‌وه؛ به‌پێویستی ده‌زانم لێره‌دا باسێک له‌سه‌ر ئه‌و ساڵانه و به‌تایبه‌تی ڕۆمانی شه‌وگه‌ڕه‌کان بکه‌م، داوای لێبووردن ده‌که‌م ئه‌گه‌ر درێژه‌ی پێبده‌م، هه‌روه‌ها وه‌کو ئه‌زموونی نووسینی منیش ده‌توانرێت بخوێنرێته‌وه. زیاتر له ده ساڵ سکێچی ئه‌و ڕۆمانه‌م له خه‌یاڵدابوو، تاوه‌کو ئه‌و ڕۆژه‌ی بیرۆکه‌که‌یم له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌کم له چاپخانه‌یه‌کی ئه‌مستردام باسکرد، به‌بیرم دێت، که پێی گوتم؛ بینووسه و من به‌چاپی ده‌گه‌یه‌نم، منیش له‌وه‌ڵامدا پێمگوت، که له ماوه‌ی شه‌ش مانگدا ده‌ینووسم، به‌ڵام نووسینی زیاتر له دوو ساڵی پێچوو، ئه‌ویش هۆکاره‌که‌ی ئه‌وه بوو، که من نه‌مده‌ویست ئیتر کتێبم به زمانی هۆڵه‌ندی بڵاو بێته‌وه، ئه‌وه‌بوو، کاتێک ئه‌و کێشه‌یه‌م له‌گه‌ڵ که‌سێکی نزیکی خۆمدا باسکرد، دیاربوو ئه‌وانیش هه‌ستیان به‌وه کردبوو، به‌ڵام دڵیان نه‌هاتبوو پێم بڵێن، که من غه‌ریبی زمان و فه‌رهه‌نگی کوردی ده‌که‌م و ناتوانم هه‌روا به ئاسانی بۆ زمانی هۆڵه‌ندی په‌راوێزی بخه‌م. تاوه‌کو ڕۆژێک به‌ڕێکه‌وت له جێگایه‌ک ڕێگام که‌وته کتێبخانه‌یه‌ک و گوێبیستی یه‌شار که‌مال (نازانم لێره‌دا بنووسم نووسه‌ری تورک یان کورد)، که به‌ڕای خۆی ڕه‌وا نییه پێی بوترێت نووسه‌ری کورد، چونکه ئه‌و خۆی واته‌نی به تورکی بیرده‌کاته‌وه و خه‌ون ده‌بینێت و ده‌نووسێت، که‌واته وه‌کو ڕێزێک بۆی، یه‌شار که‌مالی نووسه‌ری تورک که‌وت، ئه‌و ئامۆژگاری کردم که مادام له‌سه‌ره‌تادام پێویسته بتوانم گوێ له دڵم بگرم، که‌واته بزانم چ زمانێک زۆر له دڵمه‌وه نزیکه. له‌کاتێکدا من ته‌واو ئاماده‌بووم، وه‌کو زمان و توانای ته‌کنیکی هونه‌ری گێڕانه‌وه که به هۆڵه‌ندی بنووسم، به‌ڵام هه‌رچه‌ند هه‌وڵم ده‌دا نه‌مده‌توانی دڵی خۆم ڕازی بکه‌م و ڕۆژ به‌ڕۆژ باری ده‌روونیم تێکده‌چوو، به‌تایبه‌تی ساڵی ٢٠٠٦ کاتێک باوکم مرد، ئیتر تۆزێک ساردبوومه‌وه و به‌رده‌وام خۆم له نووسین ده‌ده‌دزییه‌وه و پرسیاری ئه‌وه‌م له‌خۆم ده‌کرد: ”ئایا من بۆ کێ بنووسم، کێ دوایی ئافه‌رینم بکات!”
ئه‌و ساردبوونه‌وه‌یه‌م زیاتر له پێنج ساڵی پێچوو، پاشان کاتێک توانیم په‌یوه‌ندییه‌کی خه‌یاڵی و ده‌توانم بڵێم ڕۆحیم له‌گه‌ڵ باوکمدا دروست کرد، به‌واتایه‌کی تر مردنه‌که‌یم قبوڵ کرد و باوه‌ڕم به‌وه هێنا، که که‌سه‌کانمان کاتێک له پێش چاومان نامێنن دێنه ناو دڵمانه‌وه یان به‌رده‌وام له‌گه‌ڵماندا ده‌ژین، بێگومان تاوه‌کو بتوانین یادی ئه‌وان بکه‌ینه‌وه. ئه‌وکات هه‌ستم ده‌کرد ئه‌و به‌رده‌وام له جێگایه‌که‌وه یان له خه‌یاڵمدا ئاماده‌یه و هه‌رچییه‌ک بکه‌م له ژیانمدا ئه‌و چاوی لێیه‌تی و ئافه‌رینم ده‌کات، چونکه دایم و تاوه‌کو ئه‌م ساته هه‌ست ده‌که‌م میرانه منداڵه‌که‌ی جاران له ناو مندا ئاماده‌یه و گه‌لێک جار سه‌ره‌ڕۆیی و لاساری و ده‌کات، به‌ڵام هه‌ندێک جاریش کاتێک شتێک ئه‌نجام ده‌دات چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌یه که‌سێک و به‌تایبه‌تی باوکێک ده‌ست خۆشی لێبکات یان چه‌پڵه‌ی بۆ لێبدات. ئه‌وه من لێره‌دا ئه‌وه ده‌درکێنم که من هیچم له‌به‌ر ناڕوات تاوه‌کو به‌چوارده‌وری خۆمدا نه‌ڕوانم و پاشان چاوه‌روانی ده‌نگی ئافه‌رین یان چه‌پڵه‌م گوێ لێ نه‌بێت، هه‌ڵبه‌ته خوێنه‌ر نابێت ئاوا تێبگات که من ڕۆحێکی پۆپۆلیستیانه‌م هه‌یه، نه‌خێر من ته‌نها مه‌به‌ستم له که‌سێک یان دووانه، که حه‌زم ده‌کرد له‌ژیاندا بمانایه، پاشان له‌ئاستی یه‌که‌مدا من بۆ ئه‌وان و بۆ خۆم ده‌نووسم، ئه‌ویش که له‌به‌رخاتری ڕازی کردنی دڵی خۆمه، نه‌وه‌ک من ڕۆژێک له ڕۆژان منه‌ت به‌سه‌ر خه‌ڵکی میله‌ته‌که‌ی خۆمدا بکه‌م پێیان بڵێم من له پێناوی ئێوه و بۆ ئێوه ده‌نووسم، لێره‌دا من داوای لێبووردن له هه‌مووان ده‌که‌م، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی دڵی خۆم ڕازی کرد به‌بێ منه‌ت نووسینه‌کانی خۆم… که به‌رهه‌می خه‌یاڵی خۆمن له‌گه‌ڵ ئێوه‌دا به‌شی ده‌که‌م، هه‌رچه‌نده تاوه‌کو ئه‌مڕۆیش له‌ناو زمان و فه‌رهه‌نگی کوردی‌دا خۆم به نامۆ ده‌زانم، وه‌ک چۆن له هۆڵه‌ندا و ئه‌وروپایش به هه‌مان شێوه، من له هۆڵه‌ندا هه‌رده‌م به خه‌ڵکی ده‌ڵێم که هۆڵه‌ندا وڵاتی منداڵه‌کانمه، تاوه‌کو له‌ژیاندا مابم حه‌زده‌که‌م له نزیکی منداڵه‌کانم بژیم. یان به‌رده‌وام لێره‌بم و له‌وێیشبم، وه‌کو مه‌له‌کان چۆن هه‌موو ساڵێک لێره و له‌وێ… گه‌رمیان و کوێستان ده‌که‌ن. لێره‌دا ویستم باسی خه‌یاڵ و شێوازی نووسینی ئه‌م ڕۆمانه (شه‌وگه‌ڕه‌کان) تان بۆ بکه‌م، که ده‌ردی هۆڵه‌ندییه‌کان ده‌ڵێن، خوێن و عاره‌قه و فرمێسکم له پێناویدا ڕشتووه، به‌ڵام ده‌توانم بڵێم؛ که به‌زیاده‌وه پاداشته‌که‌یم وه‌رگرتۆته‌وه، ئه‌ویش که ئێستا ده‌یبینم به‌زمانی کوردی یه‌کێکه کتێبه زۆر خوێنراوه‌کان، به‌تایبه‌تی له‌لایه‌ن گه‌نجانه‌وه، ئه‌وه بۆ منێکی نووسه‌ر زۆر دڵخۆشکه‌ره.
ڕۆمانی شه‌وگه‌ڕه‌کان، له‌ساڵی ٢٠١٠ به‌شێکی به‌زمانی هۆڵه‌ندی بڵاو بوویه‌وه، چه‌ند هاوڕێیه‌کم کردیان به شانۆگه‌ری و ده‌وریان تێدابینی، که ئه‌ویش به‌شی (خه‌نزیر)و دیمه‌نی سجنی یه‌که‌می مارتن له قاهیره بوو، کاتێک له هۆڵه‌که بووم و نمایش ده‌ستیپێکرد، هه‌ستێکی بێوێنه‌م هه‌بوو، به‌جۆرێک که پیش‌تر و هیچ کاتێک ئه‌و هه‌سته‌م نه‌بووه، پاشان دوای چه‌ند ساڵێک به‌شی (خوانی سه‌ره‌تان)ی له گۆڤاری ئه‌ده‌بی سه‌رده‌مدا بڵاو بوویه‌وه، که له‌لایه‌ن چه‌ند خوێنه‌ر و نووسه‌ره‌وه سه‌رنجی خۆیان بۆ نووسیم و ئه‌ویش هه‌ستم به جۆرێک له به‌خته‌وه‌ری کرد، که به‌وه زۆر ڕازی بووم و له‌کاتی خۆیدا به‌زۆرم ده‌زانی، پاشان هه‌ستم به‌وه کرد که له ڕێگای نووسینه‌وه ده‌توانم جۆرێک له به‌خته‌وه‌ری بۆ خۆم فه‌راهه‌م بکه‌م یان هه‌ست پێبکه‌م.
ڕۆمانی شه‌وگه‌ڕه‌کان: که له‌ڕاستیدا بۆ کۆمه‌ڵگای هۆڵه‌ندا نووسراوه، سکێچی پۆترێتی چه‌ندین مرۆڤی که‌نارگرتووه، پۆترێتێک که له ڕه‌نگ و هێڵکاری و فۆرمدا ئه‌بستراکته و هونه‌ریانه کاری له‌سه‌ر کراوه، به هێزی خه‌یاڵ و ته‌کنیکی هونه‌ری چیرۆک‌نووسین و حه‌وسه‌ڵه‌ی گێڕانه‌وه که‌راکته‌ره‌کان خوڵقێنراون و به‌ده‌نگ و ڕه‌نگیان خۆیان نمایش ده‌که‌ن و به‌سه‌رهاتی ژیانی خۆیان ده‌گێڕنه‌وه. مارتن سه‌له‌مۆ، گێڕه‌ره‌وه‌ی چیرۆکه‌که ئاشنامان ده‌کات به هونه‌ری ڕه‌نگ و هێڵکاری و ئه‌و پێیوایه ڕازاندنه‌وه‌ی ماڵ و شوێنه گشتییه‌کان نه‌شاز و دیکۆراتیفن، توانای هه‌سته‌کانی مرۆڤ لاواز ده‌که‌ن و پاشان مرۆ ناچار ده‌بێت لێی هه‌ڵبێت، مارتن خۆی نموونه‌ی مرۆڤی به‌هره‌مه‌نده، گومانی له هه‌مووشتێک هه‌یه و به‌رده‌وام له‌گه‌ڕاندایه به‌دوای نهێنی بووندا، بوونێک که خۆی هه‌ڵی نه‌بژاردووه. خودێک که له کۆتایی چیرۆکه‌که‌دا زۆرشت له‌ده‌ست ده‌دات، به‌ڵام له هه‌مانکاتدا به هه‌موو شێوازێک ژیان ده‌پەژرێنێت، شوێن له‌م ڕۆمانه‌دا هێڵی سه‌ره‌کی و لاوه‌کی پێکه‌وه گرێده‌ده‌ن، سه‌رجه‌م که‌راکته‌ره‌کان جۆرێک له پابه‌ندبوونی ڕۆحیان له‌گه‌ڵ ماڵی سه‌رده‌می منداڵییاندا هه‌یه و به‌رده‌وام به خه‌یاڵ و پاشان به‌جه‌سته بۆی ده‌گه‌ڕێنه‌وه، سامان خدر یه‌کێکه له‌و مرۆڤه که‌نارگرتووانه‌ی دووری له زێدی خۆی کاریگه‌رییه‌کی وایان له‌سه‌ر هه‌ست و خه‌یاڵی ئه‌و کردووه، که له ژیانیدا بێجگه له کێشانی سکێچی شوێن و ڕووداوه‌کانی ڕابووردووی که شاری که‌رکوکه، ژیانی ئێستای هیچ مانایه‌کی لای ئه‌و نه‌ماوه و له تاراوگه بێسه‌ر و شوێن ده‌بێت و سه‌دان تابلۆ له‌پاش خۆی به‌جێدێڵێت، که هه‌موویان دیمه‌نی سه‌رده‌می منداڵی ئه‌ون.
شه‌وگه‌ڕه‌کان چیرۆکێکه له‌سه‌ره‌تاوه تاوه‌کو کۆتایی، گه‌ڕانی بێوچانه به‌دوای نهێنی بوونی خود و پیرۆزی شوێندا، خودێک، که پێویسته تێبگات ژیان و مردن دوو وشه‌ی ته‌واوکه‌ری یه‌کترین و پێویست ناکات لێیان سڵ بکاته‌وه. له کۆتاییدا کاریگه‌ری هونه‌ر به‌تایبه‌تی له‌سه‌ر که‌راکته‌ری سه‌ره‌کی، ڕه‌نگ و هێڵکاری و فۆرمی دیکۆری نێو ڕۆمانه‌که، که به‌شێوازێکی ئه‌بستراکت و هونه‌رییانه خوڵقێندراوه، پۆرترێتی مرۆڤی بزره له چه‌ندین کۆمه‌ڵگای جیاوازدا، به‌تایبه‌تی کۆمه‌ڵگای ڕۆژهه‌ڵاتی و به‌روارد کردنی له‌گه‌ڵ ڕۆژئاوادا.
فەرەیدون سامان: ئەدی ڕاتان چییه له‌سه‌ر چاپ و بڵاوکرنه‌وه‌ی کتێب له باشوری کوردستان؟ له‌کاتێکدا له کتێبخانه‌کاندا کتێبگه‌لێکی زۆر چاپ و بڵاوده‌کرێته‌وه به‌بی پۆڵێن کردن و جیاکرنه‌وه‌ی ژانره‌کان، به‌تایبه‌تی بواری وه‌رگێڕان؟ ئایا وه‌کو پێویست خوێنه‌ری کورد کتێبی له‌به‌رده‌ستدایه؟
میران ئه‌براهام: لەباره‌ی چاپ و بڵاوکرنه‌وه‌ی کتێب،؛ ده‌توانم بڵێم ئاستێکی هه‌ژارانه و که‌مته‌رخه‌می پێوه دیاره، ئه‌ویش بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه که کتێب و به گشتی فه‌رهه‌نگی هونه‌ریمان بێ به‌هایه، که‌واته له‌و ڕووه‌وه ده‌توانین بڵێین، ئێمه‌ی نووسه‌ران و هونه‌رمه‌ندانی شانۆ و سینه‌ما و شێوه‌کارانیش به‌تایبه‌تی، شه‌ڕێکی خۆکوژی ده‌که‌ین، چونکه له نێو هه‌رچ کۆمه‌ڵگایه‌کدا هونه‌ر به‌های نه‌بوو، که مه‌به‌ستم له هونه‌ری نووسینیشه، ئه‌وا بۆ ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه پێویستی ژیان نییه و پێویستیان پێی نییه، بۆ نموونه ئه‌گه‌ر له شارێکی وه‌کو هەو‌لێر یان سلێمانیدا، که‌س ئاماده‌نه‌بوو ده هه‌زار یان زیاتر بدات به پسوڵه‌ی چوونه نمایشی شانۆیه‌ک، یان پێنج هه‌زار یان زیار بدات به کتێبێک، ئه‌وا نه شانۆکه و نه کتێبه‌که پێویستی ژیانی ئه‌و شار و کۆمه‌ڵگه‌یه نییه و هه‌بێت یان نه‌بیت هیچ سودێک به خه‌ڵکی ئه‌و شاره ناگه‌یه‌نێت، ئیتر پێویست ناکات لێره‌دا باسی نه‌بوونی و ده‌سه‌ڵات و بێ‌ئیشی خه‌ڵکی هه‌ژار و ده‌وڵه‌مه‌ند بکه‌م، من باس له کۆدی ڕه‌وشتی ئه‌و خه‌ڵکه‌ده‌که‌م ئیتر ئێستا بێت یان ئه‌وسا، ده‌وڵه‌مه‌ند بن یان فه‌قیر، هیچ له‌باسه‌که‌مان ناگۆڕێت، چونکه کو‌لتوور و فه‌رهه‌نگی هونه‌ری له‌لای ئه‌و خه‌ڵکه هیچ بایەخێکی نییه، له‌کاتێکدا که بۆ شار و کۆمه‌ڵگا کتێب و هونه‌ر به هه‌موو فۆرم و شێوازه‌کانییه‌وه وه‌کو نان گرنگه، خه‌ڵکی کوردستان ده‌بێت ئه‌وه بکه‌نه پره‌نسیپی خۆیان و هونه‌ر و ئه‌ده‌ب به‌پێویستتییه‌کی گرنگی ژیانیان بزانن، که وه‌کو کۆمه‌ڵگا پێشکه‌وتووخوازه‌کان، بۆ کڕینی کتێبێک، ئیشی بۆ بکه‌ن و قه‌رزی بۆ بکه‌ن، به‌کوردییه‌که‌ی له‌ده‌می خۆی بگرێته‌وه بۆ کتێب، وه‌کو چۆن بۆ نانی ژه‌مێک ئاماده‌ن قه‌رز بکه‌ن و بچنه سه‌ر جاده و ده‌ست پان بکه‌نه‌وه، له کاتێکدا له کوردستان، تیراژی چاپی کتێب له هه‌ژارترین و دواکه‌وتووترین وڵاتی جیهان نزم تره، ئه‌وه په‌یوه‌ندی به بارگرانی ئێستای ئه‌و خه‌ڵکه‌وه نییه، به‌ڵکو ئه‌وه بۆ سه‌ده‌یه‌ک ده‌چێت هه‌ر ئاوابووه.
هه‌ندێک کتێب هه‌یه به‌یارمه‌تی ده‌زگا و کۆمپانیا چاپ ده‌کرێن و به‌به‌لاش ده‌به‌خشرێنه‌وه، له ڕاستیدا ئه‌مه کولتوورێکی نه‌شاز و ده‌توانم بڵێم بێبه‌هاکردنی کتێبه، ئه‌گه‌ر کتێب وه‌کو کاڵایه‌کیش سه‌یر بکه‌ین، ئه‌گه‌ر کاڵایه‌ک داواکاری له‌سه‌ر نه‌بوو، که‌واته پێویست نییه درووست بکرێت، مه‌به‌ستم ئه‌وانه نییه که کتێب چاپ ده‌که‌ن و له ئاستی ناوه‌ڕۆکی ناڕوانن و خێر به‌سه‌ر خوێنی فه‌رهه‌نگی میلله‌تێکه‌وه ده‌که‌ن، که له ڕیکلامیاندا نووسیویانه له‌ڕێگای خوادا، که خوایش ئه‌و زوڵمه قبوڵ ناکات. ئیتر من باس له هونه‌ری شێوه‌کاری ناکه‌م، چونکه هێشتا له‌ناو خه‌ڵک و کولتووری ئێمه‌دا نه له ئاستی بینین و نه له ئاستی تێگه‌یشتندا شتێک نییه تاوه‌کو لێره‌دا جێگای باسکردن بێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا که ئێمه خاوه‌نی چه‌ندیین شێوه‌کاری ناوازه و بێوێنه‌ین، به‌ڵام کێ له کوردستان ئاشنایه به تابلۆکانیان و سه‌ردانی پێشانگاکانیان ده‌کات.
ئه‌گه‌ر باس له‌بواری وه‌رگێڕان بکه‌م، ئه‌وا ده‌توانم له‌گه‌ڵ بازاڕی جگه‌ره و مه‌شروب به‌رواردی بکه‌م، که له بازاڕه‌کانی باشوری کوردستاندا به‌ناوازه ڕێگه‌وتی مارکه یان برانده ئۆرجیناڵه‌که ده‌که‌ویت و ده‌توانین بڵێین هه‌مووی فه‌یکه و کاریگه‌ری نێگه‌تیفی له‌سه‌ر باری ته‌ندروستی ئه‌و خه‌ڵکه هه‌یه.
ئایا خوێنه‌ری کورد وه‌کو پێویست کتێبی له‌به‌رده‌ستدایه؟ به‌ڵێ ده‌توانم بڵێم زیاد له پێویست، به‌ڵام وه‌کو به‌راوردم کرد، که بازاڕه‌کانی کوردستان پڕن له خۆراک و کاڵای ده‌ره‌کی، به‌ڵام ئایا کوالێتی ئه‌و کاڵایانه کێ کۆنترۆڵیان ده‌کات و تاوه‌کو چه‌ند بۆ ڕۆح و جه‌سته‌ی ئه‌و خه‌ڵکه به‌سوودن، ئه‌و خه‌ڵکه پێویسته فێربێت، ڕێز له به‌رهه‌می خۆماڵی بگرێت و گرنگی پێ بدات، چونکه ئه‌وه بۆ ئه‌و ته‌ندروسته و له (DNA)ی ئه‌وه‌وه نزیکه، ئیتر هه‌رچ کاڵایه‌ک بێت کتێب بێت یان خوارده‌مه‌نی.
ئه‌وه من لێره‌دا به‌درێژی باس له بواری فه‌لسه‌فه ناکه‌م، چونکه پریساره‌که‌م ئه‌وه‌یه؛ ئایا کێ و به چ ئاستێک کتێبی فه‌یله‌سوفه‌کانیان وه‌رگێڕاوه، له‌کاتێکدا فه‌لسه‌فه ده‌بێت بخوێنرێت نه‌ک بخوێنرێته‌وه، که به‌رهه‌می خه‌یاڵی هه‌ندێک له‌و فه‌یله‌سوفانه بۆ زۆرینه‌ی خه‌ڵکی وڵاته‌که‌ی خۆیشیان گرانن و لێیان تێناگه‌ن، هه‌روه‌ها مه‌رج نییه زۆرێک له به‌رهه‌می ئه‌و فه‌یله‌سوفانه بۆ کۆمه‌ڵگای کوردی به‌که‌ڵکبن.
فەرەیدون سامان: هه‌ندێک که‌س و به‌تایبه‌تی خوێنه‌ران له باشوری کوردستان هێشتا ناوی تۆیان نه‌بیستووه، ئایا کتێبه‌کانی تۆ وه‌کو پێویست خوێنراونه‌تەوە و لەباره‌یان نووسراوه؟ یان له گۆڤار و ڕۆژنامه و میدیاکاندا ڕیکلامیان بۆ کراوه؟
میران ئه‌براهام: له‌ڕاستیدا کتێبه‌کانم خۆیان ده‌بێت جێگای خۆیان له نێو کتێبخانه و فه‌رهەنگی کوردی‌دا بکه‌نه‌وه، ئیشی من وه‌کو نووسه‌ر ئه‌وه‌یه، که هه‌وڵی خۆم بخه‌مه کار و ئه‌وه‌ی له‌توانامدا بێت، له ئاستێکی ئه‌ده‌بی باڵادا و له فۆرمی ڕۆمان یان چیرۆکدا کتێبه‌کانم بنووسم، ئیتر ئه‌ویتر ده‌که‌وێته سه‌ر کتێبخانه‌کان و خوێنه‌ر که بڵاوبێته‌وه و بخوێنرێته‌وه، له‌کاتێکدا ئێمه باس له پرۆسه‌ی نووسین ده‌که‌ین، به‌تایبه‌تی ژانرێکی ئه‌ده‌بی دیارکراو، که کاتی ده‌وێت تاوه‌کو کتێبێک، ده‌خوێنرێته‌وه و ده‌ماوده‌م باس ده‌کرێت و ده‌نگ ده‌داته‌وه.
بۆ ئێمه ڕۆژنامه و گۆڤارمان هه‌یه تایبه‌ت بێت به بواری نووسین و خۆیان له به‌رهە‌می باش بگه‌ڕێن و ڕیکلامی بۆ بکه‌ن و بیخوێننه‌وه و له‌سه‌ری بنووسن، هه‌یشبێت زۆر زۆر ناوازه‌ن، بێجگه له‌وه هه‌موو ڕۆژنامه و گۆڤار و میدیاکان دابه‌ش بوون به‌سه‌ر شار و پارت و ئایدۆلۆژییه‌کاندا، هه‌روها هه‌ندێک جار ده‌بێت به‌ختت هه‌بێت تۆی نووسه‌ر له‌و جێگایانه هاوڕێ یان دۆستێکت هه‌بێت، وه‌کو تر کتێب یان به‌رهه‌مه‌که‌ت ناوی ون ده‌بێت، ئه‌م باسه‌یش قسه زۆر هه‌ڵده‌گرێت و من نامه‌وێت هه‌مووی به‌سفر بکه‌م هه‌وڵی هه‌ندێک بسڕمه‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی هه‌یه وه‌کو پێویست نییه.


