
![]()
(كه به زمانی فارسی له كۆلێژی زمانی زانكۆی سه‌لاحه‌دین پێشكه‌ش كراوه)
نووسینی: سه‌نا حه‌سه‌ن حسێن
خه‌می مه‌ستووره، ڕۆمانێكه كه خوێنه‌ر به زۆری له ڕێگه‌ی خودبێژی “soliloquy”و مۆنۆلۆگی ناوەكی “monologue interior”یەوە ئاگاداری ڕووداوه‌كانی ده‌بێت. ئەمەش شێوازێكە، كه‌متر نووسه‌رێكی كورد له ڕۆمانه‌كانیدا به‌كاری هێناوه، بەجۆرێك ڕه‌نگه خه‌می مه‌ستووره یه‌كێك بێت له‌و ڕۆمانە ده‌گمه‌نه كوردییانەی كە خوێندوومه‌تەوە و تێیدا نووسه‌ر تا ئه‌م ڕاده‌یه فۆكۆسی خستبێته سه‌ر گۆشه‌نیگا و ڕاسته‌وخۆ گۆشه‌نیگای خستبێته خزمه‌تی ڕووداوه‌كان و پڵۆت و كه‌سایه‌تییه‌كانی نێو چیرۆكەكەوە. هه‌رچه‌نده ئه‌وه‌ی كه باری قورسی ڕووداوه‌كانی له ئه‌ستۆ گرتووه خودبێژییه، كه كه‌سایه‌تییه‌كان (به تایبه‌ت مه‌ستووره وەك گێڕه‌ره‌وه‌ی سه‌ره‌كی ڕۆمانه‌كه) به قسه‌كردن له‌گه‌ڵ خۆیاندا، نه ته‌نیا ئه‌ندێشه و هه‌سته‌كانیان به زمان دێنن، به‌ڵكو چیرۆكه‌كه‌ش بەرەوپێش دەبەن. یه‌كێكی تر له‌و خاڵه به‌هێزانه‌ی كه وا ده‌كات ڕۆمانی خه‌می مه‌ستووره، وەك ڕۆمانێكی سه‌ركه‌وتوو بناسێنێت، به‌كارهێنانی دیالۆگه به‌پێی ئاستی كه‌سایه‌تی و زاری ناوچه جیاوازه‌كان. چونكه خوێنه‌ر له ڕێگه‌ی دیالۆگه‌وه نه ته‌نیا به خودی ڕاسته‌قینه‌ی كه‌سایه‌تییه‌كان ئاشنا ده‌بێت، به‌ڵكو یارمه‌تیده‌ره بۆ ئه‌فراندنی فه‌زایه‌كی ڕیالیزمیی تر له ڕۆمانه‌كەدا. به گشتی ده‌كرێ بڵێین خه‌می مه‌ستووره، ڕۆمانێكه له سه‌ره‌تاوە تاوه‌کو كۆتایی هه‌ر له ڕێگه‌ی مۆنۆلۆگ و دیالۆگەوە بەرەوپێش ده‌چێت و خوێنه‌ر هه‌ر له‌م ڕێگه‌یه‌وه ده‌رك به پڵۆت و كه‌سایه‌تی و ناوه‌رۆكی چیرۆكه‌كه ده‌كات؛ كه ئه‌مه‌یش نیشاندەری ئەوەیە نووسه‌ر شاره‌زاییه‌كی ته‌واو و دروستی له‌سه‌ر بنەما و ڕه‌گه‌زه پێكهێنەرەكانی چیرۆك هه‌یه، به تایبه‌ت مۆنۆلۆگ و دیالۆگ و كاركردیان “function”له‌سه‌ر چیرۆك. چونكه له‌و ڕێگه‌یه په‌یوه‌ندییه‌كی ڕاسته‌وخۆ له نێوان خوێنه‌ر و تێكستدا دروست ده‌كات. هه‌روه‌ها نووسه‌ر به سودوه‌رگرتن له جۆره‌كانی گۆشه‌نیگا به تایبه‌ت خودبێژی، بارودۆخی دژوار، هه‌ستیار و ته‌نیایی قوڵ و ناكۆتای مه‌ستووره وه‌ك كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی ده‌خاته ڕوو، بێ ئه‌وه‌ی خۆی ڕاسته‌وخۆ له چیرۆكه‌كه‌دا ده‌ركه‌وێ یان خوێنه‌ر هه‌ست به سێبه‌ری نووسه‌ر بكات.


