
![]()
نووسینی: ئیدریس مستەفا
لە نێوان رۆمانی “خەمی مەستوورە”ی میران ئەبراهام و “شەو”ی ئێلی ویزەڵ.
لەو رۆمان و چیرۆکانەی سەبارەت بە کۆمەڵکوژی خوێندبێتمەوە رۆمانی “شەو”ی ئیڵی ویزەڵ بوو بەڵام خەمی مەستورەی میران ئەبراهام ئەم رایەی گۆڕیم، روونتر بڵێم خەمەکەی زیاد کردم، نا ببورە دڵخۆشیەکی پڕ لە خەمی پێدام کە بە کوردی رۆمانێک بنوسرێ لەو ئاستە بەرزە سەبارەت بە ئەنفال و مانەوەکانی ئەنفال و لە هەمان کاتدا خوێنەری زوبانەکانی تر لێی بێ بەش بن. با تۆزێک باسی “شەو”ی ئێڵی ویزەڵ بکەم کە وەرگێڕدراوەتە سەر چەندان زمانی جیهانی تر جگە لە کوردی و عەرەبی نەبێ. دیارە عەرەب هەرگیز رۆمانی حەسرتەکانی جولەکە تەرجەمە ناکەن؟؟!!. ئێڵی ویزەڵ خۆی یەکێک بووە لەو جولەکانەی لە کامپی ئاشڤیتزی نازیەکان بڕیاربووە بسوتێنری کە دوو سێ رۆژێکی مابوو بەڵام لە کۆتاییەکانی جەنگی جیهانی دووهەمدا لە لایەن هێزی هاوپەیمانانەوە کەمپەکە ئازادەکرێ و ئەمیش رزگاری دەبێ لە مانگی ٤ی ١٩٤٥دا. لەو کورتە رۆمانەیدا باس لە حاڵەتی کوشتن و چۆنێتی سوتاندن خۆیان ناکات بەڵکو باسی لەو حاڵەتە دەروونی و بارە ماتەمینیەی دەکات کە تێی کەوتوون. کە چۆن شەوێک بە هێمنی و بە بێ ئاگایی دەرودراوسێ و بە بێ چآوی شارەوە بەڕێیان دەکەن بەرەو چارەنوسێکی نادیار کە گوێت لە دەنگی وەڕینی سەگێکیش نابێت، ئەوەی گوێت لێ دەبێ تەنها دەنگی هەنگاوەکانیان و هەناسە و ئاهی ناو سنگیان و سیمای زەندەقچوونیانە. دوایتر چۆن ئەو رووداوە لە بەردەم پرسیاری جارەنوسسازدا دایدەنێ. نوسینی ئەو رۆمانە وا لە دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل دەکات کە بیکەن بە سەرۆکی وڵاتی ئیسرائیل بەڵام ئێلی ویزەڵ ئەو پۆستە رەت دەکاتەوە لەگەڵ سوپاسی بێ پایانیدا بۆیان.
رۆمانی “خەمی مەستورە”ی میران ئەبراهام چڕوپڕتر و بگرە تەنها باسی حالەتەکانی ناوەوەی ئەنفال دەکات کە بە چەندان قات بە ئازارتر و کارەساتباراویترن لە حاڵەتەکانی دەرەوەی ئەنفال بە رادەیەک مەستوورە هاوار دەکات بۆ ئەمیش وەک ئەوان نەڕۆیشتووە. ئەوان یەک جار بە جەستە مردن بەڵام هەر چرکەی مردنێکە، بەڵام چ مردنێک مردنی روح. بە خوێندنەوەی ئەم رۆمانە چەند شتێ باشتر تێگەیشتم و چەند شتێ درکیان زیاتر بزواندم. ئەنفال لە هەموو جینۆسایدەکانی تری مرۆڤایەتی جیاوازترە، نەک لە کوشتن و کاولکاریەکەی بەڵکو لە بابەتەکەی. ئەنفال تەنها کۆمەڵکوژیە کە هێزی سەربەستی نەتەوەییخوازی کوردی بە وێنەی هێزی داگیرکەری عەرەبی بەشێکی سەرەکی بێ لە دروستکردنی دۆخەکە و فتیلە لێدەر ی و ئەنجامدەر و بەشداریکەر و ئینجا بە قێزەوەن کردنی چ لە دەسەڵاتی شاخ و چ لە حوکمی شاریاندا. لە لایەک ئەو هیزەی بڕیارە بیانپاریزت، وەک باوکی لە دەنگی رادیۆکەوە گوێبسیتی دەبێت، پشت لە خەڵکەکە دەکەن و وەک بەرزەکی بانان بۆی دەردەچن، واتە لە پشتەوە ئەنفال دەکرێن و تەسلیم بە هێزێکی تری کوردی دەکرێن تاکو لە پێشەوە بۆ هەمیشەیی ئەنفالەکەیان تەواو بکات. بایزی مێردی دووەمی ئەنفالچی و نەوەکانی دوای ئەنفال کە پەلاماری دەدەن و ئەو حوکمە کوردیەی هیچی لە دۆخی نائارامی مەستورە نەگۆڕی بگرە نائارامتری کرد……. ئەمە ئەو خەمەی مەستوورەیە کە لە کاتی خوێندنەوەیدا یەک دوو جار ویستم لێی رابکەم بەڵام هەر ئارامم نەگرت و هاتمەوە سەری تا تەواوم کرد. خەمەکانی مەستوورە هەمان خەمن چ رۆژگاری سەرۆکمان زێڕە بێت و چ رۆژگاری کوردایەتی بێت. گەر لەسەر دەستی دەورانی پێشوو کچەکانی و مێردەکەی بە جەستە ئەنفال کرابن ئەوا ئەم لە هەر دەورەیەکدا بێت روحی ئەنفال دەکرێ و ئەم پرۆسەیەش یەکبینە، رۆژ و شەوە دووبارە دەبێتەوە. رزگارکردنی وڵات نەک هەر خێزانەکەی بۆ ناگەڕێننەوە بەڵکو خەمەکەی زۆرتر دەکەن. ئەو حاڵەتە دەروونی و تەنیاییەی مەستوورە هەیەتی هەر رۆژەی ئەنفالێکە بۆخۆی، ئەنفالێکی هێمنانە، ژیانێک کە هەر رۆژە و هەرشەوە دەیخەنەک ژێر گڵ و بەر دەستڕیژی گوولە دەدرێت و زیندوو دەبێتەوە. ئەمە ژیانی ژنێکی ئەنفال بەجێماوە.
توانایی میران ئەبراهام لە نوسینەوە و پیشاندانی ئەم ورد و درشتە خەمانەدایە کە کەم نوسەر دەتوانێ گوزارشتیان لێبکات. ئێڵی ویزەڵ خۆی لەو شەوەدا بووە بەڵام هێندەی میران ئەبراهام قوڵ نەبۆتەوە لە نوسینەوەی ئەو ماتەمینی و خەم و حەسرەتەی خۆی و خێزانەکەی، بۆیە لێرەدا دەڵێم خۆزگە ئێڵی ویزەڵ خەمی مەستوورەی دەخوێندەوە و خۆزگەش دەگەیشتە بەردەم خوێنەرانی زوبانەکانی تر. نوسینەوەی کارەساتێک بە باسکردنی دیوەکانی دەرەوە نین بە تەنها وەک دیمەن و رووداوە جەرگبڕەکان بەڵکو بە نوسینەوەی ئەو دیوانەی ناوەوەیە کە کەس نایانبینێ جگە لە خەمهەڵگرەکانی ئەو کارەساتانە خۆیان نەبێ. پیشاندانی ئەو دیوانەی ناوەوە کە رۆژانە بورکانێکی نەکوژاوە دڵ و دەروونیان هەڵدەقرچێنێ و گەر بچێتە ناویەوە ئەوا بۆن سۆ وێرانت دەکات، بەڵام نازانم میران ئەبراهام چۆن دزەی کردۆتە ناو ئەو دیوە نەدیوانەی ناوەوە چونکە ئەو دیوانە زۆر پەنهانین و جگە لە جەرگسووتاوەکان نەبێ کەس نایان بینێت.


