
![]()
نووسینی: شهفیق حاجی خدر
ئەم ڕۆمانەی هاوڕێ (میران ئەبراهام)، کە بە زمانێکی سادە و ڕەوان و شیرین داڕێژراوە، کەچی ڕووداوەکانی کە لە دووتوێی سەدەی ڕابردووو دایە، بێ گرێوگۆڵ نین، بەڵکو پڕ لە ژان و ناسۆری نەبڕاوەن.
ئاخر باپیرە خایم کە لە ١٩٠٠ لە نیشتمانێک لەدایک دەبێ، هزر و هۆشی بەڕێوەبردن و ڕەفتارنواندن لەگەڵ یەکدی، ئەو لەگەڵ یەکدیەی، کە هەر لەنێو خۆیدا دابەش بووە، بووەتە من/ئێمە و تۆ/ ئێوەی بەرانبەر. ئەو دابەشبوونەش وەنەبێ حەقیقەتی زمان و مێژوو و بەرژەوەندی هاوبەش ئافراندبێتی، بەڵکو بیروبڕوا و ئیمان دابەشی کردووە، ئەو بیروبڕوایەی لە زەمەن و زەمینێکی زوور دوور بۆ خۆسەپاندن هاتووە، ئیدی خۆی بە شکۆدار و بەرانبەرەکەی کە بڕوایەکی تا ڕاددەیەک جیاوازی هەیە، بەبێ شکۆ بە کەمتری دەزانێ. کاتێکیش شکۆ لە مرۆڤ داڕنا، دەروازە لەسەر هەموو کوێرەوەرییەک دەکرێتەوە.
نیشتمانی سارا، کە نیشتمانی ململانێی ڕەفتاری داسەپاوە، ململانێی بڕوا و ئیمانە، ئەمەش هەمووی لە سۆنگەی زاڵبوون و هێزی جەستەیی، هێزی ژمارە، بە واتایەکی دیکە هێزی زۆرینە و کەمینە. بەشێوەیەک مادام من لەم نیشتمانە زۆرینەم و ملکەچی بڕوا و هەڵسوکەوت و غەدری زۆرینەیەکی لە خۆم باڵاترم، ئەوا منیش هەمان ڕەفتاری بڕوا و دەسەڵاتی سەردەستە بەکاردەهێنم و زۆرینایەتی خۆم بە هەرچی ئامرازی ناڕەوایە دەسەپێنم.
ئەم ڕۆمانە لەگەڵ سەرهەڵدانەوە لەسەر چەند ڕاستییەکی مێژوویی، کە بەداخەوە مێژوونووسەکانیشمان پەردەپۆشیان کردووە، باس لە هەڵسوکەوتێکی کۆمەڵایەتی ڕێخۆشکەر بۆ زوڵم و زۆر دەکا، لە ڕێی ئەم هزرەوە باس لە زەمینەسازی هەموو ڕەفتارێکی ناشارستانی و دژەمرۆڤی گەمەی قێزەونی زۆرینە و کەمینە دەکا… ئاخر کاتێک دەسەڵاتی باڵا زوڵمێک لەکەمینەی خوارەوە دەکا، بۆ دەبێ زۆرینەی پلە دوو بۆی ببێتە پرد، یان بۆ دەبێ ئەو کەلێنەی زۆرینە و کەمینەیە درزێکی بچووک بکاتە خەرەندێکی هەزار بەهەزار.
تۆ بڵێی پێوەرەکانی نیشتمانپەروەری ئەوە نەخوازێ زۆرینە باوەشی گەرم و فراوانتر بکا و کەلێنی جیاوازییەکە پڕبکاتەوە، بەڵێ هەق بوو وابێ، بەڵام بەداخەوە کاتێ بڕوای پیرۆز خەتی ڕاست و چەپی بەسەر شتەکاندا هێنا، ئیدی شیرازە دەپچڕێ و هەر بەڕبەی تەق تەق دەپێورێ.
ڕۆماننووس لە دووتوێی ڕوداوە چڕوپڕەکانی نێو ئەم کتێبەدا، زۆر وەستایانه بێ لایەنگیری، تەنیا ڕۆڵی نیشاندەر دەبینێ… حوکمی کۆتایی بۆ سەلیقەی بابای خوێنەر جێدێڵێ.
ناوەڕۆکی ئەم ڕۆمانە زۆر قسەوباسی بوێرانە هەڵدەگرێ، ئاخر ژانی نیشتمانی سارا بەقەد سەدەکان دوورودرێژە.


