Loading

نوویسینی: هه‌رێم عوسمان


نیشتمانی سارا خستنەڕووی ڕەهەندە جیاوازەکانی یادەوەری شارێکە لە چاوی کۆمەڵ و بنەماڵە و خێزانێکی لە پەراوێزدا سەنتەر، ئەم خێزانە لەبەرچاوە، جولەکەکانن، کە بەردەوام لە ژێر سێبەری بەرد و جنێوی ئێمەی کوردی موسڵماندا بوون. جولەکەکان لەم شارە لە سەنتەری ترس و سوکایەتی و دەرکردندا بوون. ئەوان دەیانویست ئەوەبن کە هەن، وەک خۆیان و بە جیاوازیی و هاوبەشییەکانمان پێکەوە بژین، بەڵام ئێمە دەمانویست ببن بەوەی ئێمە دەمانەوێت، ئەگەر بشبان بەوەی ئێمە دەمانەوێت، بیانوومان پێدەگرتن، متمانەمان پێنەدەکردن! دەستەڵاتی یەکبەدوای یەکی ئەم وڵاتە، ئەوانی لە ڕیشەهەڵکێشا. ڕۆمانەکە تراژیدیای ژیانی جولەکەکانی ئەم ناوچەیە و عێراق و بەتایبەت سلێمانی دەگێڕێتەوە. گێڕانەوەیەک لێوانلێو لە جوانی و ترس و نیگەرانی، جوانییەک لە هونەری گێڕانەوە لە ڕێگەی زمان و وێنەی سینەمایی و کەسێتی زیندوو و دڵنشین، ترسگەلێک لە دیمەنی تۆقان و تیرۆر و وێنەگەلی ڕەش، نیگەرانییەک لە ئایندە و بڕوا و بیرکردنەوەی جیاوازییکوژ.
لەم ڕۆمانەدا مێژووی زیاتر لە سەدساڵی سلێمانی لە چاوی جولەکەکانەوە دەبینین. مێژوویەک پڕ لە نادادی و ستەم بەرامبەر بە ئەو مرۆڤانەی ئێرەیان بە ماڵی خۆیان دەزانی و بۆی دڵسۆزبوون، وەلێ ئێمەی موسڵمانی کورد هەرچی بەدئاکاری هەیە بەرامبەریانمان کرد، ئێمە لەبری لە ڕێگەی ئەوانەوە کوردبوون ببینین، دەمانسڕینەوە. چەقی ڕۆمانەکە بەشێوەی ئاسۆیی و ستوونی دەسوڕێتەوە، بنەماڵەی خایم چەق و بنکی گێڕانەوەن، بەڵام لەڕێگەی ئەم بنەماڵەیەوە مێژووی شارەکە دەبینینەوە، هاوکات بەهۆی ڕووداوەکانی ئەم شارەش دۆخی جولەکە و بەتایبەت بنەماڵەی خایم دەزانین، کەواتە ڕایەڵێکی پەیوەندیمان هەیە، کە بەشێوەی ستوونی بە ناو بنەماڵەکە ڕۆدەچێت، بەڵام بەشێوەیەکی ئاسۆیی مێژووی عێراق و بەتایبەت سلێمانی دەبینینەوە. گۆڕانی تەکنیکی گێڕانەوەش لە هەر بەشێکی ڕۆمانەکە تایبەتمەندی گێڕانەوە و دەرچوون و دروستکردنی پنتی دیکەی ڕوانینە، هاوکات تیشکۆخستنە سەر پانتاییە ستوونیەکەیە.
ڕۆمانەکە بە گێڕانەوەی وێنا و بەرجەستەکردنی خەونێکی ترسناکی جوان لە دایکەوە بۆ کوڕەکەی دەستپێدەکات، کە خایم دەبێت ببێت”حاخام”. خەونگەلی جولەکەکان بۆ نەوەکانیان بە درێژایی ڕۆمانەکە بەردەوامی هەیە و هەرجارە و لە شێوە و فۆرمی نوێدا کەسێتییەکان لە تاریکی و تیرۆری جولەکە لەلایەن ئەوانەوە ئاگادار دەکاتەوە، کە ئەم وڵاتە بۆ ئێمە ئەمان نییە، دەبێت بەردەوام نیگەرانی نەوەکانتان بن، هاوکات نیگەرانی خۆبوون بن، کە ئەوانیتر دەیانەوێت خۆیەتیتان بسڕنەوە. بۆنی ڕازیانە لە هەناسەی ئەو کەسێتیەی نێو خەون و خەیاڵگەلە و لەگەڵ ئاماژەی ئەوەی هەموو شتێک لەوێ ڕوودەدات، دەبێتە ڕێدۆزی پێشکەوتن و بەرکەوتنی کەسێتییەکان، کە لەلاپەڕە ٨٦ و ١٠٠ دووبارە دەبێتەوە و لەگەڵ شارۆنی حاخامی مامۆستا هاوئاواز دەبن، وەک ئاراستەکەری خایم، دواتر سارای کوڕەزای خایم لەلاپەڕە ٣٥٣ باسی خەونە ترسناک و نەگریسەکەی خۆی دەگێڕێتەوە، کە کۆڵی لێنادات، لە کۆتاییشدا ئارۆنی کوڕی سارا لە هۆڵەنداش بەو خەونە میراتیە دەژی. خەون و خەیاڵەکان ژیانی ئەم بنەماڵەیە داگیر دەکەن، لەبەرئەوە نەوە بە نەوە شێت دەبن، یاخود خۆکوژی دەکەن، یاخود گەڕانەوە بۆ نیشتمانی سارا کۆیلە و داگیریان دەکات.
ڕۆمانەکە لە پێنج بەشی سەرەکی و چەندین وەچەبەش پێکهاتووە، بەشی یەکەم درێژترین بەشی ڕۆمانەکەیە و بە گێڕانەوەی کەسێتی سەرەکی و یاداشتەکانی (من-خایم) دەستپێدەکات، بەڵام لە گێڕانەوەی مندا سوود لە دەنگ و نامە و یاداشتی ئەویتری سەرەکی ناو ڕووداوەکان وەردەگیرێت، ئەمەش لەکاتێکدایە کە خایم سەفەر دەکات و لە سلێمانی نابێت، ڕۆشتن و جووڵە زۆرەکانی خایم، وا دەکات گێڕانەوە لە جوڵەدابێت، بزێوی گێڕانەوەش بونیاتەکانی دیکەش دەبزوێنێت. هاوکات گرنگە ئاماژە بەو خاڵە بکەم، کە ڕۆمانەکە تایبەتمەندی مێژوویی و گەیاندنی زانیاریی لە خۆگرتووە، واتە ڕۆماننووس مەبەستی بووە مێژووی ئەم شارە تۆماربکات، بۆیە لە هەندێک شوێندا ڕاستەوخۆ بە وردی ڕۆژ و مانگ و ساڵی ڕووداوەکان دەنووسێت[ئەمە خاڵێکی لاوازی گێڕانەوەیە لە ڕۆمانەکەدا، بەڵام بەهۆی دەفتەری یاداشتەوە پاساوی هەیە]. ئەم تۆمارکردن و گواستنەوەیە، ڕەهەندێکی مێژوویی و واقیعیتر بە ڕۆمانەکە دەدات و گێڕانەوەش لە هەندێک لایەندا پابەند دەکات، هاوکات دەستکراوەی دەکات بەسەر بەرینی واقیعدا، لەبەرئەوە دەبینین چەندین کەسایەتی دیاری شاری سلێمانی لە ڕۆمانەکەدا ئامادەن…….
* ئەمە بەشێکی زۆر کورت لە وتارێکمە لەبارەی ڕۆمانی نیشتمانی سارا، کە لە ئایندەدا لەگەڵ چەند وتاری ترمدا لە کتێبێکدا بڵاوی دەکەمەوە.