
![]()
نووسین: هۆشهنگ شێخ محهمهد
مرۆڤ لە نێوان خۆرئاوا و خۆرهەڵاتدا، ئازادی و زینداندا، نەرم و نیانی و توندوتیژیدا، هونەر و کارەساتدا، شەوانی ڕۆشن و تاریکی بەندیخانەکاندا تێ دەپەڕێت. مرۆڤ لەنێوان حەقیقەتی شیرین و واقیعی تاڵدا دەژیێت و دەمرێت، ژیان لەنێوان دوو ئەزموونی دژ و ناتەبا و ناڕێک و نا هاوئاهەنگدا پێڕەوکە دەکات، جیهان لەنێوان دوو زەمینی پێچەوانە و بەرواژی یەکدیدا خۆی دەردەخات، دونیایەکی نەخۆش بە زەبر و زەنگ، تێ هەڵدان، تاریکی و مردنەوە چارەنووسی مرۆڤەکان لەسەر زەوییەکەیدا بە مێژوو دەکات.
ڕۆمانەکە سەرەتا جیهان لەنێو هونەر و ڕەنگ و هۆشیارییەکی باڵادا وێنا دەکات، دواتریش بەهۆی تەنیا (ناو)ێکەوە ئەم جیهانە دەکەوێتە نێو هۆشیارییەکی تری پێچەوانەوە کە بە هیچ شێوەیەک گونجان و هاڕمۆنی لەنێوان توخمەکانی بوون و ژیاندا ناناسێت!
(میران ئەبراهام) لەم ڕۆمانەشدا دوای (نیشتمانی سارا)، (جووبوون) دەکاتەوە بە گرێیەکی بەهێزی ڕووداوەکان و ئەزموون کردنی ژیان و جیهانێکی پڕ لە کێشە، جیهانێک کە لە بەرامبەر کەسێکدا، غەیری ڕق و هێز و توورەیی هیچی تری پێ نییە، جیهانێکی ڤاڵا لە هونەر و خەیاڵ و ویست و ئارەزوو بۆ باڵایی و هۆشیاربوون بە مرۆڤبوونی مرۆڤ و بە هەبوونی بوون و ئەم جیهانەی مرۆڤی تێ فڕێ دراوە؟!
لە سەرەتادا دەبینین مرۆڤ وەک (هونەرمەند) کەوتووەتە نێو جیهانێکی هاڕمۆنی، سستەماتیک، ئارام و میهرەبان، بە هونەر و ڕەنگ و میوزیک و هۆشیارییەکی باڵا گەورە دەبێت و خۆی دیار دەدات، بەڵام دواتر دەبینین مرۆڤ وەک (بەراز) فڕێ دەدرێتە جیهانێکی فەوزا، ناڕێک، ناتەبا، نەخۆش و دەردە دار بە جۆرەها ئازار و ئێش و ژانەوە.
جیهان لە نێوان ئەم دوو وێنەیەدا دابەش دەبێت و لەگەڵ دابەشبوونە ئەنتۆلۆجییەکەی، دابەشبوونێکی ڕەمزیش ڕوو دەدات، لایەکی تاریکیی ڕۆشن و لایەکی ڕووناکیی تاریک، ڕووناکی و تاریکیش لە ڕووی ئەخلاقییەوە دەبنەوە بە دوو ڕەمزی چاکە و خراپە. لەنێو ئەو دوو واقیعە دژ و ناتەبایەدا، مرۆڤ ئەزموونی وێنەکانی جیهان دەکات و لە ڕەهەندێکەوە بۆ ڕەهەندێکی دی دەگوازرێتەوە.
هێزی خۆشەویستی، عەشق، هونەر، باوەشی دایکایەتی، منداڵبوون و جەستە و سێکس و دەیان هێز و وزە و توانای تری نێو مرۆڤەکان، لە ڕێی ڕووداوەکاندا دێنە پێش، هێزی ژیان لەنێوان دوو کولتوور و شارستانی جیاوازدا، لەنێوان دوو کۆمەڵگەی ناسازدا، بە جۆرەها وێنە لە ناوچە و جوگرافیا جیاوازەکاندا خۆی دەردەخات. هێزی مرۆڤ بۆ بەرگری و مانەوە، بۆ زیندووبوون و بەردەوامیدان بە خەون و ڕەنگاوڕەنگکردنی کارەساتەکان لەڕێی هونەرەوە، هێزی هونەر لەنێو دڵ و خەیاڵدا، لەنێو ژیان و واقیعدا، لەنێو تابلۆ و ڕۆحدا، وەک ڕەنگەکانی نێو ڕەوانی مرۆڤە جیاوازەکان دەردەپۆقێت و دەتەقێتەوە!
لەم ڕۆمانەدا زمانێکی شاد، هونەرییانە کارەساتەکان دەنووسێتەوە، مرۆڤەکان جوان دەکات، یان جوانی جیهان لەنێو فەوزا و ناتەبایی و توندوتیژیدا کەشف دەکات، ڕۆح و ئیرادەی مرۆڤ لە نێو تاریکی و بۆنی گوودا، بۆ جوانی، بۆ حەقیقەت، بۆ ژیان و زیندبوون بەرز دەکاتەوە. وەک ئەوەی ژیان بازنەیەک بێت و هەمیشە بەڵێنی هاتنەوەی شادی بە مرۆڤ دەدات!


