
![]()
شوان عوسمان
چیرۆک یانی گێڕانەوە هەموو چیرۆکێک پڕە لە گێڕانەوە، هەر چیرۆکێکیش چەند گێڕانەوەیەکی هەیە و هەروەها گێڕانەوەش دیسان پڕە لە چیرۆک، ئێمە خۆشمان پڕین لە چیرۆک و گێڕانەوەی یەکتر بۆیەک و ئێوەش بۆ ئێمە، بەڵام کێ ئەوە دەگێڕێتەوە دیارە کەسێک هەیە ئەوە بە گوێگرتنێک دەیخوێنێتەوە و وەکو چیرۆکخوانیش دەیگێڕێتەوە یان بە زمانێک دەینوسێتەوە کە چیرۆکنووسە، هەر چیرۆکنووسێک دەتوانێت بە زمانی خۆی و ھزری خۆی چیرۆکەکە بگێڕێتەوە ئەوەش دەبێتە جیاوازی لە نێوان زمان و رێنووس و داهێنانەکان، داهێنان لەو جیاوازی زمان و هزرەوە دێتەکایەوە کە نوسەرێک لەگەل نوسەرێکی دیکە جیاوازن لە دەربڕین، چیرۆکنووسی باش چیرۆک بە باشی دەقۆزێتەوەو داهێنانی باشیش لە تەکیدا دەکات، هەروەها پێ بەپێی گۆڕانی قوتابخانەو زەمەن زمان و هزری نوێش پێوەری جیاوازیەکان دەگۆڕێن..
دیارە ئەوەی داهێنان لە داهێنان جیاواز دەکاتەوە هەر چیرۆکەکان نین، بەلکو کەسەکانن ئەوانەی بە زمانی جیاواز و هزری جیاوازەوە بابەتەکە دەکەن بە نوسین، ھەروەھا شتێک دەخەنە ناو پانتاییەکانی رۆشنبیری کە جیاوازە، نوسەری باش تا خاڵە جیاوازەکان نەدۆزێتەوە ناگات بە داهێنان لەبەرئەوەی نوسین دەرکەوتنی بابەت و هێڵ و خاڵی تازەیە نەک دووبارەکردنەوەی دەقە کۆن و هێڵی هزرەباوەکان..
بەمە نوسەرەکە قالبی خۆی دەشکێنێت و کۆمەڵگاش خۆی لە قالبدان و فۆرمی کۆن دەدزێتەوە و نوێ دەبێتەوە، هەروەها بازنە داخراوەکانیش دەربازیان دەبێت و دەکرێنەوە، ئەوەش پەیامی ئەدەب و ھونەر و داھێنانە، رەنگە لە کۆمەڵگا داخراو و تەنگەبەرەکان چیرۆکەکان چەند چیرۆکێکی دیاریکراو بن و دووبارە ببنەوە، بەڵام شێوەی گێڕانەوەکە و زمانی نوسینی چیرۆکخوانەکە بەرهەمەکان جودا بکاتەوە و پەیام و پرسێکی نوێش بخاتە روو کە ئەوە ناوی لێدەنرێت داهێنان و تازەگەریی..
من و ئێوەش کاکە (میران ئەبراهام)مان زیاتر وەکو رۆماننوسێکی جیاواز ناسیوە کە لە نێوان دوو فەرهەنگ و دوو کۆمەڵگای کاڵ و تۆخی ئێرەو ئەوێدا دەنوسێت، فەرهەنگێک کە کۆنەو ئەو خۆی تێدا نوێدەکاتەوە وەکو کورد فەرهەنگێکی تیژڕەویش کە نوێیە و پڕە لە داهێنان کە هۆلەندییە، کەوابوو ئەو بەدوو هزرەوە بیردەکاتەوەو ھزری دەگوشێت تا شتێکی جیاواز بێنێتە بەرھەم..
ھاوکات تا بە هۆلەندی کوردی نەک کوردی هۆلەندی بنوسێت، بەلام لەو کتێبەی ئەم دواییە (رۆژی رەشنووس) کەسێکی دیکە دەناسین کە چیرۆکنوسە، چیرۆکنوسێکی دووبارەبوو نا،لە نوسینەکان ھەست بە جیاوازیەکی نوێ بەدی دەکەین..
لەو کتێبە جاروبار هەست بە هەناسەی نوسینی رۆمانێکیش دەکرێت، هەروەها لێرە چیرۆکنووس بۆ تازەکردنەوەی زمان و تەکنیکی چیرۆکەکانی پەنای بۆ فێرگەیەکی تازەی ئەدەبی ئەورپی بردووە کە بە ناوی دەڕبڕینخوازییەوە (ئیمپرشیۆنسیم) ەوە دەناسرێت، ئەوەش وەکو شەپۆڵێکی هونەری چیرۆک نووسین ھەیە ، هەر خۆیشی لە پێشەکی کتێبەکەی ئاماژەی بەوە داوە، مەبەستیش لەوە راگرتنی سەرنجە لە سەر ئەزموونکردنی ژیان، دیارە هۆلەندییەکان بەو شێوازە ئەدەبیە نوێیە دەنووسن، بیرۆکەی ئەو شەپۆڵەش ئەوەیە کە خوێنەر بەرلەوەی لە دەروازەی هەر چیرۆکێک بچێتە ژوورەوە بەرکوڵیک لە خوێ چێشتی چیرۆکرکە تام بکات یان نوکەقەڵەمێک زانیاری وەربگرێت و تەیارببێت..
نوسەر لەناو ناوەندێکی زیندوودا دەخوڵێتەوە و کە ناچارە خۆی نوێبکاتەوەو کاژی کۆنیش دابماڵێت ئەو دەزانێت ئەگەرنا دەبێت دووبارەی تەوەرەکانی پێشوو بکاتەوە، گرنگە نوسەر لە پێشەوەی خۆی بڕوانێت نەک هەر ئاوڕ لە دواوەی بدات پەنابردن بۆ دەوربەرێک کە رۆشنتر بیربکاتەوە لە دەوربەری خۆت ،کارێکی باشەو باشتریش رووە تاریکەکانی خۆت لەلا بەدیار دەکەوێت..
هەموو چیرۆکەکان بوونێکی راستەقینەییان هەیە لەناو بوونی ژیان، نەک لە قوڵایی خەیاڵێکەوە سەرچاوەیان گرتبێت، پاڵەوانەکان راستین و ئەفسانەیی نین و هەستیان پێدەکەیت و دەتوانیت دەستیان لێدەیت و بەریان بکەویت و بەرتدەکەون، زۆربەی پالەوانەکانیش رۆلی چیرۆکخوان دەبینن و سەربوردەی خۆیان ھەیە و دەیگێڕنەوە، زۆربەیان چیرۆکخوانێکیان هەیە بەڵام چیرۆکنوس ئەو کەسە نیە بەلکو پالەوانێک رۆلی ئەو دەبینێت، وەکو لە چیرۆکی (برینی وەچاخ کوێر) کە باس کۆچە زۆرەملێیەکەی کوردە فەیلییەکان دەکات کە بەرەو ئێران رۆیشتن…
نوسەر وەکو لە بەرهەمەکانی پێشوو ناسیمان وەکو ئەدیبێک و مێژووناسێک کە لە رێی ئەدەبەوە بیەوێت مێژوو بنوسێتەوە لەو کتێبەش گەڕانەوە و گێڕانەوەی بۆ مێژوو هەیە و جارجار بەسەری دەکاتەوە، مێژوو خۆی لە خۆی چیرۆکێکی درێژە و گیڕانەوەی خۆی هەیە بەڵام کە بووە چیرۆک و رۆمانێک وێنە و قسە و زمانێکی دیکەی دەبێت شانبەشانی ئەدەب سەربوردەکانی دەنوسێتەوە ..
لە نێوان چیرۆکنووس و مێژوونوس چیرۆکخوان و گێڕەرەوەیەک هەیە کە دەمانگەڕێتەوە بۆ ئەو سەرەمانەی کە رۆیشتووون و نایانەوێت بڕۆن…
کاکە میرانم دەمێکە بە دەربەندەکانی مێژوو دەمانبات و رابردوو دەخاتە ناو دەقی کتێبەکانی، وەکو لە نیشتیمان سارا و خەمی مەستوورەش، بەڵام لێرە لە خەمی فەیللییەکان و ١٩٦٣ و هاتنی شالاوی بە عارەبکردن بۆ کوردستان لە ١٩٣٠، هەروەها لە باوکوری کوردستانیش لە (روورەش) گەڕانەوە بۆ سەردەمی (سوارەی حەمیدییە)..
لە دوو چیرۆکی (بەختی ئەوان) و (چیرۆکی رەشوسپی) چیرۆکنووس شێوزارێک بۆ نوسین بەکاردەبات لە دیالۆکەکان کە شێوەزاری رەسەنی خۆی نیە بەڵام زۆر سەرکەوتووە لەگێڕانەوە و چنینی وتوێژ و قسەکردن وەکو ئەوەی لە دەڤەرێکی دیکە ژیانی گوزەراند بێت، بەو شێوەزارە نەک هەر تاموچێژ دەبەخشێتە سەربوردەی پالەوانەکان کە بە شێوەزاری خۆیان قسە بکەن نەک زمانی نوسەر..
بەلکو ئەوەشمان پێدەڵێت کە ئەوە وردوخاشکردنی کۆمەڵێک تاقودیواری دەستکردە لە نێوان شێوزارەکانی ناو یەک زمان، لەبەرئەوەی گەورەبوونی زمان لە کاڵکردنەوەی دیالێکتە گچکەکان نیە، بەلکو لە زەقکردنەوەیانەو تا زمان پتەوتر و زیندووتر و سەربەخۆتر بێت ئەگەر ئەو شێوەزارانە پیادەی سەربەخۆیی خۆیان بکەن دەسەڵاتی زمان بەربەرەڵاتر دەکەن، بۆیە بەکارهێنانیان پێویستە، هەروەها چیرۆکنووس لەو کتێبە بە زمانێکی تەنزئامێز زیاتر لە جاران دەنوسێت ئەوەش تام و چێژێک دیکە بە گێڕانەوەکان دەدات..
دووری هەمیشە دەبێتە هەر ئەو دوورییە دوورە نیە لە نێوان وڵات و دوورەوڵاتی دێنێتە کایەوە بەلکو رەهەندی کات وشوێنی رۆلیان هەیە لە نوسین و خوێندنەوە، جا لەلایەن نوسەر زێد تەوەرێک سەرەکیە لەو کتێبە لە زۆربەی چیرۆکەکان دەردەکەوێت بە گوێرەی دووری و نزیکی ئەو لە بازنە وخوڵگە تەوەرەکانی زێد دووری و نزیک دەبنەوە..
پالەوانەکان قوربانین ئنجا لەدەست کۆمەڵگا بێت یان ئەوانەی دروشمی گۆڕینی کۆمەڵگایان بەرزکردۆتەوە چیرۆکی (بەختی ئەوان) حەمباڵێکەو لە تەقەدا لە قاچەکانی دەبێت، فەییلیەکان لە(برینی وەچاخکوێر) و لە (فەرشەکەی دایکم) باوکی پالەوانەکە پێشمەرگەیە و بە ناوی خیانەت بەکوشتن دراوە لە (برینی ناو وێنەکۆنەکان) کوژرانی کەژاڵ بە بڕیاری شۆڕش، شێرکۆ لە (یاری کۆتایی) تا مردن لەسەر عارەبانەیەکی کەمئەندامی ژیانی تەوەو دەکات…
لە ئەدەب وێنە زمانی هەیە و دەکەوێتە قسە قسەش وێنە دەکات.
میران ئەبراهام نوسەرێکە لەیەک قەوارەدا ناگیرسێتەوە، بەلکو باز بەسەر جوگرافیا دەستکرد و سروشت و نائاساییەکان دەدات، ئەو ئەو کەسە نیە لەناو گۆڕانەکان بەشێوەیەک بگۆڕێت تا ونبوون بزرببێت، مێژوو و رابردووی خۆی و نەتەوەیەک کە لەناو یەک جوگرافیا نەگۆڕدا دێنێتەوە جووڵە تا پێمان بڵێت ئەو نەگۆڕان و مانەوە چەند زیانی بە چارەنووس و ئایندەی ئێمەوە گەیاندووە، هەروەها نوسەرێک مێژوونوس نیە بەڵام بە هەمان هەناسەی هەللاجێکی مێژووناس مێژوو شیدەکاتەوە و شەنوکەو دەکات تا هەڵە و کەموکوڕیەکان ببینین و بزانین لە رابردوو چەند ستەممان لە خۆمان و نەتەوەیەک کردووە..
سەرجەم چیرۆکەکانی ناو ئەو کتێبە بە تەکنیک و شێوازێکی نوێوە نوسراون کە خۆی لە پێشەکیەکەی ئاماژەی پێداوە، هەروەها خۆشم لە بەشی یەکەمی خوێندنەوەکەم باسم کردووە کە لە گێڕانەوەکانی هانای بۆ فێرگەیەکی تازەی ئەدەبی جیهانی بردووە کە بە ناوی دەڕبڕینخوازییەوە (ئیمپرشیۆنسیم)، چیرۆکەکان بە زمانێکی سادەوە نوسراون، بەڵام پڕن لە وردەرایەڵ کە دەتباتە ناو گێڕانەوەیەکی دیکەوە..
چیرۆکی (رەشوسپی) ئەو چیرۆکە وەکو دەگوترێت ھەویرێکە ئاوێکی زۆر ھەڵدەگرێت، چیرۆکێکە پڕ لە وردە چیرۆکی جیاواز
لە ناوە.رۆک دا، ئایا لێرە رەش و سپی هەر بە مانای ئەو دوو رەنگە دژبە یەکەوە دێن کە یەک یەک بخوات یان رەشیبکاتەوە بە کوژاندنەوە، لەو چیرۆکەدا کە رووداوەکانی لەناو شاری موسڵە، بەڵام بۆ نوسەر موسلی هەڵبژاردووە جێگەی رامانە لەبەرئەوەی ئەو شارە شارێکی نائاسایی بووە لە رووی ترس و سامی دەزگا ئەمنیەکان و بەعس هەروەها بۆ پیاوانیش لەو سەردەمە شوێنێکی تایبەتی بووە بۆ پیاوان بۆ رابواردن و خۆبەتاڵکردنەوەی ئارەزووە سێکسیەکانیان لە تاکە شوێن بووە لە هەموو شوێنێکەوە بۆی دەچوون، رۆژی قیامەتێکی ئەوسا بووە کە کڕیاڕ وفرۆشیاری جەستەی تێدا دەردەکەوت، ئەو پەیوەندیەی هەبوو لە نێوانیان پارە بوو..
پالەوانەکە کەسایەتیەکی کوردی نامۆیە لە روانین و رامان چیرۆکخوانەکە دەڵێت لە سەرەتای بە دیالێکتێکی ناوەخۆیی ناوچەی هەولێرەوە دەڵێت : لە موسل “هەتا دێمەوە هەولێر لەرزم دێتێ،ناچاریشم زوو زوو لۆ ئیشی خێرێ دەچم..” لا٤٠
بەرلەوەی بچینە ناو گێڕانەوەکە دەمەوێ ئەوەش بڵێک هاوڕێم میران لێرە تەکنیکی شێوەزار و زمانی رەسەنی پاڵەوانەکانی بەکاربردووە نەک خەڵکی هەولێر بێت و بە دیالێکتیکی سلێمانی گفتوگۆ بکات ئەوە دووڕوویی و ناڕاستگۆییەک دروست دەکات لە نێوان نوسەر و خوێنەر..
دیارە کەرەستەی سەرەکی ئەدەب زمانە، زمانی یەکگرتووش هێزی مانەوەی خۆی باشتر رادەگرێت لە یەکێکی لاواز، ئەو یەکێتیەش لە نێوان بەکاربردنی هەموو شێوەزار و زارۆچکەکانی ناو یەک زمانە لە رێی قسە و نوسینیش، ئەدەبی گەورە و رووبەر فرەوان بە یەک زمان نانوسریتەوە بەلکو دەبێت هەموو جۆگەلەکان بگەیەنێتەوە یەک تا رووباری گەورەی زمان بەهێز و بەرەوت و خۆشڕەو بێت، چیرۆکنووس لە نوسین و زمانی نوسینەوە خۆی لەناویەک زمان و رووبەری تەسکدا قەتیس نەکردووە، بەلکو لە چەند چیرۆکێکدا بە شێوەزارێکی دیکە لە شێوەزاری خۆی دەنوسێت و لەو بوارەشدا وەکو ئەزموونێکی نوێ تێیدا سەرکەوتوو بووە و زۆر شارەزایە لە بەکارهێنای زاراوەو وشە و رستەکان وەکو خۆیان..
موسڵ لەو شارانە بووە خێری پیاوانی تێدا بووە فیردەوس و بەهەشتی حۆریەسۆزانیەکان کە پێیان لەناو دادەنا خۆیان لەبیر دەچوو و هەر ژنێکیان بینی بێت بە سۆزانی تێگەیشتوون تەنانەت ئەو کارەی کە بۆی دەهات لەبیری دەکرد دوای هەوای خۆیان دەکەوتن، چەمکی رەش و سپی وەکو پێوەرێکی مامەلەکردن لەگەل بەرژەوەندییەکان لە نێوان کەسە کڕیار و فرۆشیارەکان دووبارە دەبێتەوە، هەر هەموویان فێڵ و درۆ لەگەل یەک دەکەن، ئەوە کڕۆکی رەش و سپی رووە دووڕووەکانی کۆمەڵگایە، پیاوەکە لەگەل ژنەکەی درۆ و فێڵ دەکات ژنە سۆزانیەکەش لەگەل مێردەکەی هەمان درۆ و فێڵ دەکات..
ئەو چیرۆکە پێمان دەڵێت لە دوو پڕۆسەدا ئایین رۆلی جیاخوازی لە نێوان رەگەز و کەسەکان پێنەکراوە بازرگانی و سێکسکردن کە هەردووکیشیان پارە گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی بووە لە نێوانیان، لەوێدا ژنێک کە بە دزی کۆمەڵگاو مێردەکەی ئەو دوو پڕۆسەیە هەردووکیان ئەنجام دەدات لە رێگایەکی ناڕەوا ناپاکی لەگەل پیاوەکەی و پارەی ناپاکیش پەیدا دەکات، تا ئێرە رەنگە شتێکی ئاسایی بێت یان ئاکارێکی نامۆ نەبێت بە کۆمەڵگا، بەلام ژنەکە وەکو فرۆشیارێکی جەستە لەپێناو لەزەت و پارە بێت یان ھەر پارە ئامانج بێت، رێکەوتنێکی خۆی ھەیە لەگەل کڕیاڕەکانی بۆ ئەوەی ئەوان جارێکێ دیکە نەبینێتەوە و یەکجارو دواجار بێت دوو کتێبی ئاسمانی لەبن سەری دانەوە ئینجیلێک و قورئانێک بۆ حەلال کردنی کار و ماڵەکە نا بۆ سوێند دانی کڕیارەکان تا جارێکی دیکە سەرنەکەنەوە بەو ماڵە کەس کەس نەناسێت..
کە لە کۆمەڵگایەکی ناڕاستگۆ راستی دەکەوێتە قەیران ئایین دەکەوێتە نێوان هەردوو کەسی باوەڕپێنەکراو، ئەگەر سەردەمێک ئایینەکان بە شەڕ و بە فێڵ مڕۆکانیان لە خشتەبردووە، ئێستا مرۆیە دووڕووەکان وەکو کەلوپەلێک پێویست بۆ بازاڕەکانیان بەکاری دەبەن، ژنە سێکسفرۆشەکە کە پیاوەکە دەباتە ژوورەوەی ماڵەکەی بۆ رابواردن دوای رووتبوونەوەی ژنەکە دەزانێت ئەو پیاوە وەکو خۆی کەسێکی درۆزن و دووڕووە بۆ ئەوەی ئاشکرای نەکات لەو کارە و جارێکی دیکە نەیبینێتەوە،
لێێ دەپرسێت تۆ مەسیحی یان موسڵمان، پیاوەکە دەڵێت مەسیحیم ژنەکە ئینجیلێکی لە چەکمەجەیەک بۆ دەردێنێت و پێیدەڵێت سوێند بەو ئینجیلە بخۆ جارێکی دیکە نایەیتەوە ئەو ماڵە و ناتبینمەوە، پیاوەکە دەڵێت نا موسلمانم ژنەکە ئەوجارە دەست بۆ چەکمەجەیەکی دیکە دەبات و قورئانێکی دەردێنێت تا سوێندی بەو کتابە بدات، ئایین لێرە وەکو ترسێک دەبێتە پاڵپشتیەک بۆ درێژەدان بە درۆ و و دووڕووییەکان..
چیرۆکەکان لە واقیع دا هەن بەڵام کەسێک دێت ئەو چیرۆکانە کۆدەکاتەوە و دەیانگێڕێتەوە کە نوسەرێکی چیرۆکناس یان چیرۆکزان بێت، لە چیرۆکی ٤ (خوێنی قومارچی) بەو چیرۆکەوە دەچیتەوە سەردەمی منداڵیمان ئەوکاتەی لەسەر جادەکان لگاو دەکرا و پێش سیناماکان بە گەورەو گچکەو پیاوو ژنەوە قەڵابالغ بوون، یان گەمەکانی دووگۆلی ناو گەڕەکەکان، بەڵام بە زمانێکی تەنزئامێز و پڕ لە شۆخییەوە ئەوە روودەدات، چیرۆکنووس لەو چیرۆکەدا تراژیدیای گەڕەکەکان دەنوسیتەوە بە شێوازێکی کۆمیدیی، هەندێک دیاردە دەگێڕیتەوە کە دیاردەی گەندەڵی ئەو سەردەمە بوون لەوانە باسی ئوتێلێک دەکات کە ئەوکاتە سێ نەریت و خووی بەدی تێدا ئەنجام دەدرا منداڵبازی و قومار و سێکسبازی پیاو لەگەل ژنان، دەبێت لەو سەردەمە لەو ئوتێلانەی ئێستا چ شتێک بگوزەرێت من دڵنیام هەرسێ خووەکان بوونیان لە جاران زیاتریش بووە کە تلیاک و سیخوری مافیاش زیادی کردووە ..
پاڵەوانی ئەو چیرۆکە خەلیلە عارەبە کە شەقاوەیەکی قوماربازە و لە کەس قبوڵ ناکات حەقی بخوات، فەریدەخێڵ و مەلا ئیسماعیل دوو رەش و سپی ئەو چیرۆکەن کە دووڕوو و درۆزن و وەکو خەلیل نین کە ئەو تا رادەیەک ڕاستگۆترە لەوان یەکیان کە مەلایە و قورئانخوێنی مزگەوت و پێشنوێژیش دەکات، بەڵام هەردوو چاوی کوێرە رووەکەی دیکەی قومارباز و نێرباز و ئارەقخۆرە، لەگەل فەریدەخێڵ کە بەدزی رادەبوێرێت و هەمووجار بەو شێوەیە پێیدەڵێت :
” دەی ماڵت ئاوەدان بێت ، فەرید تۆ کوڕێکی چاکیت، مادام دڵی نابینایەک رازی دەکەیت، خوا هەموو گوناحەکانت دەبەخشێت..” فەریدەخێڵیش پێی دەڵێت :” چەلتە چەلت کوێری فیعلچی، ئەوە روبعێک قەرزاریت..” ڵاپەڕە ٥٤
ئەو چیرۆکە بەتامترین چیرۆکی تەنزدار و کۆمیدیە لەناو کتێبەکە، لێرەش چیرۆکنووس بە زمانێکی گاڵتەئامێزی خۆش تراژیادیاکانی شارێک دەنوسێتەوە..
میرانی رۆمانووس لێرە لەو ئەزموونەی چیرۆکنوسینەدا ئەوەندە بە فەنتازیا و خەیاڵەوە خەریک نیە ئەوەندەی بەدوای ئەو رووداوانە دەڕوات کە لە واقیعدا هەن و روویانداوە، نەک بە خۆی بکەوێتە هێنا و دروستکردنیان، بۆ نموونە لە چیرۆکی (فەرشەکانی دایکم)کوڕێک لە غوربەتەوە دەگەڕێتەوە دوای سەردەمانێک کە باوکی نزیکەی ٢٥ ساڵە کە بەدەستی هاوڕێیە پێشمەرگەکانی کوژراوە دەڵێت :
هەرچەندە من حەزم دەکرد باوکم ترسنۆک بووایە و ئێستا لە ژیاندا بمایە…’ ڵاپەڕە ٨٤
(برینی وەجاخکوێر) چیرۆکێکی دیکەیە کە مێژووی نەتەوەیەک لەوێ دەگەڕێنێتەوە یان خوێنەر دەباتە ئەوێ،
ئەو برینە باس لە برینی ژنومێردێکی فەیلی دەکات ئەوان هەریەکەیان برینیان دوو برینە لەیەک زامی گەورە
برینێکی نەزیف و یەکێک نەزۆک برینە نەزیفەکە کە مێژووێک لە بێنیشتیمانی بوونی فەیلیەکانەوە هاتووە کە لە نێوان دوو نیشتیمانبوون خوێنی لەبەر دەڕوا ئەوی دیکەش ئەو برینە بە قەتماغەیە کە بە هیچ شتێک نە وشک دەبێت و نە تەڕدەبێتەوە وەکو نیشتیمان کە وەجاخکوێربوونە..
ئەو دوو هاوسەرە کە دووجار و بە دوو برین بە نیشتیمان و بێ نیشتیمان وەجاخکوێر دەبن وەکو کوردیش مێژوویەکیان هەیە لەگەل هەتکبوون بەدەست سوپاکان ئنجا سوپاسی رژێمی بەعس بێت لەو سەردەمە یان سوپاس ئیسلام لە سەردەمی کۆن، پیاوەکە خوێندەوارە بە پلەی پرۆفیسۆر بەڵام دوودڵە لەو مێژووە کە نوسیویەتی ئەوەندەی دە بەرگ کتێب دەبێت لەبەرئەوەی لەوانەیە لەپڕ بەو تەمەن و نەخۆشیانەوە لەپڕ بمرێت و کەسیشیان لە دواوی ئەوان بێت و چاپیان بکات لەبەرئەوەی وەجاخکوێرن..
لە ناوی چیرۆکەکە دەتوانی بۆ ئەو بیرەراگوزاریە بڕۆین کە کورد لەبەردەم مۆین کە کورد هەمیشە لەبەردەم مێژووەکەی وەجاخکوێر بووە، نە بە خۆی نوسیویەتیەوە نە مێژووناسەکانیش یاری باش بوون تا بە دادپەروەری تۆماری بکەن، بەلکو لەلایەن یاری نەیار و نەیارەکانەوە مێژوومان نوسراوەتەوە، هەروەها لە بەرکەوتننی ئەو برینانەدا خوێنەر بە برینێکی دیکە دەکەوێت برینی ژنایەتی ژنێکی ئیسلام کە لەوێ هەست دەکەیت کە برینی پیاوێکی فەیلی وەکو برینی ژنێکی فەیلی نیە کاتێک کە باسی بەهەشت دەکات و دەڵێت ” ئێ تۆ بەختی ئەوەت هەیەو پیاویت، کەواتە خەمت چییە زیندوو دەکرێیتەوە بۆ لەوەڕان و پەڕین وەکو تۆ کەسێکی زۆر ئازا بیت، مەگەر من بزانم چەند دەستەپاچەیت، تۆ دڵی ژنێکت پێ رازی ناکرێت، ئەوە من لە پانزە ساڵیتەوە تۆ دەناسم وهاوسەری ژیانتم، دڵنیام تۆ بە کەلکی ئەو دونیایە نایەیت کە ناویان لێ ناوە بەهەشت ..” لاپەڕە ٩٤
لەو پەرەگرافە بەراستی برینێکی گەورەی ژنانی ئیسلام دەخاتە روو کە لە دوو دونیادا شتێکی نیە لێی رازی بن و تامێک بەوان نادات تا بیری لێ کەنەوە، جگە لە گومانێک لەو یەقینەی پیاوان نەبێت شتێک ناگەیەنێت..
درێژترین چیرۆک (یاری کۆتایی)یە لەوێ شێرکۆ کە قوربانی شەڕ وسیاسەتە وەکو سەربازێک راکردوو لە جەنگی ناڕەوا
پالەوانەکە دووجار دەکوژرێت لە وڵات و دوورەوڵاتی هەر دەبێتەقوربانی مرۆڤە دڵڕەقەکان جا ئەگەر جەنگ بێت یان لە ساێ لایەنگیری وەرزشوانی تیمێک بەدەست هاودژەکانی..
ئەو کتێبە هەر ئەوەندە نیە کە من ئاماژەیم پێداوە خوێندنەوەی چێژێک زمان و زمانەوانی و تەنزی کۆمیدیا و تراژیدایامان پێدەدات تا زووتر بیخوێننەوە تامەکان زووتر پێتان دەگات، دەستخۆش لە کاکە میرانی خۆشەویست ئەکەم دووبارە و هەربژین.
فێبریوەری ٢٠٢٢ ھۆلەند
سەرچاوە:
(رۆژی رەشنووس)-میران ئەبراھام- کۆمەڵەچیرۆک-٢٠٢١


