Loading

ڕۆمانی “نیشتمانی سارا” و چەند گوتەیەکی تیژتێپەڕ

ڕۆمانی “نیشتمانی سارا” لە نووسینی میران ئەبراهام، یەکێ لەو ڕۆمانانەیە کە ژیانی جووەکانی کوردستان لە سەردەمی نوێ بە وردی باس دەکات. من سەبارەت بە جووەکانی کوردستان ئەوە سێهەمین ڕۆمانە دەیخوێنمەوە، کە یەکیان ڕۆمانی شلۆمۆ کورد و من و ڕۆژگاری سەمیر نەقاش بوو کە لە عەڕەبییەوە وەرگێڕاوەتەوە سەر زمانی کوردی و تایبەتە بە ژیانی شلۆمۆ لە سابڵاغ یا هەمان مەهابادی ئێستا و سەردەمی شەڕی جهانی یەکەم، دووهەم ڕۆمانیش شیری مووسای سابیر ڕەشیدە کە عەبدوڵڵا سەڕاجی کاراکتێری نێو ڕۆمانەکە لە عەممانی پایتەختی ئۆردن بڕیار دەدات ژیان و گێڕانەوەکانی ئێسحاقی جوو بکاتە بابەتی ڕۆمانێکی. کۆتایی ڕۆمانیش ئەو نیشتمانی سارایەیە، کە هەرسێک ڕۆمان باسی بەش مەینەتی و بەدبەختی گەلی جوو دەکەن لە وڵاتی کوردستان لە سەردەمێکی مێژوویی تایبەت دا بە شێوەیەک کە هەست بە ئاستەنگی و بارودۆخێکی نگریس بکەن لە ژیانیان لە کوردستان. ئەگەرچی هەر سێک کاراکتەری سەرەکی، یانی شلۆمۆ کوردە و ئێسحاقی جوو و خایمی پیر خۆیان بە کورد دەزانن و ئامادەن لە جوو بوونیان گوزەشت بکەن بەڵام لە کورد بوونیان نا، ئەوە لای ئێمە درووست دەبێت و زەینمان ئانگژای ئەوە دەکەین کە ئاین ماکی سەرەکی جیاکەرەوەی نەتەوە و گەلەکان نییە، بڵکە ڕەگەز و نیشتمانیانە، کە نیشتمانی ئێمەی کورد بە جوو و گاور و موسڵمان و ئیزەدییەوە کوردستانە و ئەگەر لێی دووریش کەوین وەک خایم ڕۆژێک یا دوو ڕۆژیش بێت دەبێ بۆی بگەڕێینەوە تا لانیکەم لەوێ بمرین.
من ئەو ڕۆمانەی میران ئەبراهامم بە وردی خوێندوەوە و ژیانی سارا و مەحموود بەڕاستی تاساندمی، بە تایبەت سارا ئەو وەختانەی ڕۆحی باو و باپیران و نەنکەکانی لە گەڵی پیاسەیان دەکرد و دەئاخێفان. سارا مەرگێکی دڵتەزێنی شۆڕشگێڕانەی بوو و وەک زۆر شەهیدی ڕێی ئازادی و بەختەوەری مرۆڤ لە شاخ و ناشوێن دا گیان دەسپێرێت و ئەسپاردەی شاخ دەکرێت.
هیوادارم دۆستان بیخوێننەوە چوون بارتەقای یەک سەدە قسەی نەگوتراوەی سەردەمی ئێستای کوردە جووەکان لەو ڕۆمانە دا باس کراوەتەوە.