![]()

“بۆ خالید فه‌ره‌ج که هه‌موو جارێک ده‌یگوت: “من جارێکیان دڵم له موسڵ لێ به‌جێ ما”، هه‌روه‌ها زوو زوو ئه‌وه‌م لی ده‌بیست: “سه‌رم له‌و شاری موسڵه سپی کردووه”.
“لە زانکۆی موسر تەڵەبە بووم، ساری دووەمم بوو، ڕۆژەکیان لەنێزیک زانکۆ مامۆستایەکیان کوشتبوو، ئەوجە دیعایە براو بووه‌وە عەلەساس کوڕێکی کورد ئەو ئیشەی کردیە، بە قسەی تەڵەبان دەیانگۆت بە چاوی خۆمان دیتیتمان، بەرام ئەو کوڕە وکی قەتێی لێیدا بزر بوو، بەڕاستی ئەمن دوایێ گێم لەوانە بوو، چونکە ئەو ڕۆژە بێدوودری چوومە زانکۆ، دوایێ گیرام و بەبێ لێپرسینەوە دوو سار سجنیان کردم، لۆیە لە خوێندن بێبەش بووم. لۆیە هەرکە دەچمە موسرێ ڕوحم دەردێ، هەتا دێمەوە هەولێر لەرزم دێتێ، بەس ناچاریشم، زوو زوو لۆ ئیشی خێرێ دەچم.”
چیرۆکی ڕه‌ش و سپی
“کاکه، واسڵ! واسڵ!”
خه‌ڵه‌فی چایچی کاتێک ئه‌وه‌ی گوت، لێم پرسی: “کێ پاره‌ی چایەکه‌ی منی داوه؟”
ده‌ستی بۆ سووچی لای ڕاستی چایخانه‌که‌ی ڕاکێشا، بێ ئه‌وه‌ی لێم بڕوانێت؛ له‌به‌ر خۆیه‌وه گوتی: “ئه‌و دوو پیاوه شه‌پقەله‌سه‌ره.”
له خه‌یاڵمدا به خۆمم گوت: “ده‌بێت کێ له شاری موسڵ من بناسێت! یان تۆ بڵێی وه‌کوو جاران لێره چاودێریی هه‌موو ڕێبوارێک بکرێت!”
دوای ئه‌م خه‌یاڵه‌م، ته‌زوویه‌کی سارد له ته‌وقی سه‌رمه‌وه تاوه‌کوو به‌ر پێم چوو، دووراودوور به‌ترسه‌وه له کابراکانم ڕوانی، سه‌ریان نابوو به سه‌ری یه‌که‌وه و به‌چپه قسه‌یان ده‌کرد. بۆ چه‌ند هه‌ناسه‌یه‌ک له‌ناو ده‌رگای چایخانه‌که‌دا ڕاوه‌ستام، خه‌ڵه‌فی چایچی خه‌ریکی پاککردنه‌وه‌ی مێزێک بوو، دوو پیاوه کڵاوله‌سه‌ره‌که ده مه‌ترێک له منه‌وه دوور بوون، ده‌ستم هه‌ڵبری و ویستم بانگیان لێ بکه‌م و سوپاسیان بکه‌م، نازانم بۆچی له بڕیاره‌که‌م په‌شیمان بوومه‌وه، له‌و کاته‌دا سه‌رنجم چووه سه‌ر شاشه‌ی ته‌له‌ڤزیۆنێک که به‌ته‌نیشت وه‌جاخی چایچییه‌که‌وه هه‌ڵواسرابوو که پێشتر ته‌نها گوێم له ده‌نگی بوو، ده‌نگی گۆرانیبێژه‌که خه‌یاڵی گۆڕیم و ده‌ستی پێ داگرتمه‌وه، پڕ به چایخانه‌که هاواری ده‌کرد، له‌و کاته‌دا چه‌ند جارێک له خه‌یاڵی خۆمدا گۆرانییه‌که‌م گوته‌وه، دیمه‌نی سه‌ر شاشه‌ی ته‌له‌ڤزیۆنه‌که ڕه‌شوسپی بوو، پاشان ده‌ستم داگرته‌وه و له ده‌رگای چایخانه‌که بێده‌نگ چوومه ده‌ره‌وه، له‌سه‌ر شه‌قامه‌که هێشتا گوێم له ده‌نگی گۆرانییه‌که بوو، له‌ژێر لێوه‌وه دیسان ئه‌م دوو دێڕه‌م له‌گه‌ڵ گۆرانیبێژه‌که‌دا گوته‌وه:
“عيرتني بالشيب وهو وقار
ليتها عيرت بما هو عار”.
به‌لای ڕاستی چایخانه‌که‌ی خه‌ڵه‌فدا و به‌سه‌ر شۆسته‌ی شه‌قامی باب تۆپدا ڕۆیشتم. کاتێک دوور که‌وتمه‌وه و ده‌نگه‌که له‌به‌ر گوێم‌دا کپ بوو، خه‌یاڵم چوو بۆ لای کوڕه‌که‌م، بیرم له‌وه ده‌کرده‌وه کاتێک هاتم له‌و چایخانه‌یه دانیشم؛ له ته‌له‌فۆنه‌که‌دا چیی پێ گوتم: ناوی نه‌خۆشخانه‌ی ڕزگاریی هێنا، گوایا له‌گه‌ڵ دایکی له‌وێ بوون، هه‌روه‌ها گوتی دوای کاتژمێرێک ئه‌نجامی پشکنینه‌کان وه‌رده‌گرینه‌وه. خۆ ده‌نگی به‌رزی ئه‌و گۆرانیبێژه نه‌یهێشت باش لێی حاڵی ببم!
به‌به‌رده‌می ڕیزێک دووکانی جلوبه‌رگدا تێپه‌ڕیم، مۆبایله‌که‌م له جانتاکه‌م ده‌رهێنا و له‌ناو ده‌ستمدا ڕامگرت، ویستم به ته‌له‌فۆن پرسیاری ئه‌وه له کوڕه‌که‌م بکه‌م، کاتێک ژماره‌که‌یم هێنایه سه‌ر شاشه‌ی مۆبایله‌که‌م، بینیم وێنه‌یه‌کی نوێی دانابوو، دایکی له‌سه‌ر قه‌ره‌وێڵه‌یه‌ک پاڵ که‌وتووه، خۆیشی له ته‌نیشتیه‌وه دانیشتبوو، هه‌ردووکیان لێیان ده‌ڕوانیم. چه‌ند جارێک لێم ڕوانی و پاشان زه‌نگم بۆ لێ دا، سێ جار زه‌نگه‌که لێی دا، له‌و کاته‌دا ئافره‌تێک له پێشمه‌وه ده‌ڕۆیشت و ده‌نگی ته‌قوهوڕی پێڵاوه پاژنه به‌رزه‌کانی تێکەڵاو به زه‌نگی مۆبایله‌که‌م ده‌بوو، ته‌نووره‌یه‌کی ڕه‌شی ته‌سکی له‌به‌ردا و قۆڵی تاوه‌کوو سه‌ر شانه‌کانی لێ ڕووت کردبوو، پرچی ڕه‌شی تاکوو سه‌ر سمتی درێژ بوو، هێشتا زه‌نگی مۆبایله‌که‌م لێی ده‌دا، بێ ئه‌وه‌ی دایبخه‌مه‌وه یان چاوه‌ڕوانی بکه‌م؛ مۆبایله‌که‌م خسته‌وه ناو جانتاکه‌م و کلیلی ژووره‌که‌م گرت به ده‌ستمه‌وه، ئافره‌ته ڕه‌شپۆشه‌که به‌به‌رده‌م ئوتێل حه‌سووندا تێپه‌ڕی، لام دا و ویستم بۆ ناو ده‌رگای ئوتێله‌که بچم، دیسان له ئافره‌ته‌که‌م ڕوانی و ئه‌ویش به‌ڕێکه‌وت ئاوڕی بۆ دامه‌وه و زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌کی بۆ کردم، پاشان ڕووی وه‌رگێڕا.
له‌ناو ده‌رگای ئوتێله‌که‌دا وه‌ستابووم و له دواوه لێم ده‌ڕوانی، شێوازی ڕوخساری له‌پێش چاومدا بوو، به‌تایبه‌تی چاوه ڕه‌ش و گه‌وره‌کانی. بێ ئه‌وه‌ی له خه‌یاڵی خۆمدا هیچ بڕیارێکم دابێت، لای ده‌ستەڕاستی به‌رده‌م ئوتێل حه‌سوونم گرته به‌ر و دوور و نزیک دوای ئافره‌ته ڕه‌شپۆشه‌که که‌وتم.
ده‌نگێک له‌ناو جانتاکه‌مه‌وه ده‌هات. به سه‌رقۆڵی کراسه‌که‌م ئاره‌قه‌ی ناوچه‌وانم سڕی، زنجیری جانتاکه‌م داخست، نازانم پله‌ی گه‌رما چه‌ند ده‌بوو، سه‌ر سنگم و ناو شانم ئاره‌قه‌یان لێ ده‌چۆڕا و به سه‌ری په‌نجه‌کانم زوو زوو سنگم ده‌خوراند.
به درێژاییی شه‌قامی باب تۆپ، بیست مه‌ترێک له‌دوای ئافره‌ته ڕه‌شپۆشه‌که‌وه ڕۆیشتم. کاتێک خۆی کرد به کۆڵانێکدا، له پشته‌وه لێم ده‌ڕوانی. بۆ ئه‌وه‌ی لێم ون نه‌بێت، هه‌نگاوه‌کانم خێرا کردن و گه‌یشتمه سه‌ر سووچی کۆڵانه‌که. کاتێک ویستم به ده‌ستەڕاستمدا لا بده‌م، له‌ناکاو ئافره‌ته ڕه‌شپۆشه‌که له به‌رده‌ممدا قوت بوویه‌وه، به جۆرێک خه‌ریک بوو لووتی به لووتمه‌وه بنووسێنێت، چاوه ڕه‌شه گه‌وره‌کانی به ڕوومدا داچڕی و به‌تووڕه‌ییه‌وه پێی گوتم: “چییه؟ چییه؟ شه‌رم له خۆت ناکه‌یت دوام که‌وتوویت!”
هه‌ناسه‌ی بۆنی ڕازییانه‌ی لێ ده‌هات. به‌هه‌ڵه‌شه‌یی له خه‌یاڵمدا له وه‌ڵامێک ده‌گه‌ڕام. ئه‌و تۆنی ده‌نگی نزم کرده‌وه و گوتی: “له ڕابواردن ده‌گه‌ڕێیت، وا نییه؟”
له خه‌یاڵمدا له‌نێوان به‌ڵێ و نه‌خێردا بووم، له‌ژێر لێوه‌وه به‌ترسه‌وه پێم گوت: “به‌ڵێ.”
له مۆبایله‌که‌ی ڕوانی و خستیه‌وه ناو جانتای شانه‌که‌ی، بێ ئه‌وه‌ی لێم بڕوانێت؛ به‌نازێکه‌وه گوتی: “ڕابواردن له‌گه‌ڵ مندا گران له‌سه‌رت ده‌که‌وێت!”
که ویستم وه‌ڵامی بده‌مه‌وه، ئه‌و به ڕاست و چه‌پی کۆڵانه‌که‌دا ڕوانیی و له‌به‌ر خۆیه‌وه گوتی: “ده‌ی پێشم بکه‌وه وه‌کوو ئه‌وه‌ی مێردم بیت! بڕۆ بۆ به‌رده‌م ئه‌و ده‌رگا سێ تاکییه شینه‌ی له به‌ری ده‌ستەڕاستمانه‌وه لێمان دیاره، ترس و شڵه‌ژانت پێوه دیار نه‌بێت و له چوارده‌وری خۆت نەڕوانیت، له به‌ر ده‌رگاکه‌دا بوه‌سته.”
دوای ئه‌وه‌ی بێده‌نگ سه‌رم لێ ڕاوه‌شاند، گه‌یشتینه به‌ر ده‌رگاکه. کردیه‌وه و پێکه‌وه چووینه ژووره‌وه. له‌و کاته‌دا که‌سم له‌و کۆڵانه تاریکه‌دا به دی نه‌کرد و بێجگه له بۆنی هه‌ناسه‌ی ئه‌و، زوو زوو شنه‌بایه‌ک ده‌هات و بۆنی پرته‌قاڵه‌کانی ناو حه‌وشه‌ی ئه‌و کۆڵانه‌ی له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌هێنا.
بێده‌نگ پێشم که‌وت و ده‌رگای ماڵه‌که‌ی کرده‌وه، به داڵانه‌که‌دا بۆ ژوورێک له پشته‌وه‌ی ماڵه‌که چووین. دوای ئه‌وه‌ی گڵۆپی ژووره‌که‌ی داگیرساند، خێرا بێ ئه‌وه‌ی هیچم پێ بڵێت؛ ده‌ستی کرد به داکه‌ندنی جله‌کانی. له ته‌نیشتیه‌وه ڕاوه‌ستابووم و به‌سه‌رسامییه‌وه له قژه ڕه‌ش و پێسته گه‌نمڕه‌نگییه‌که‌یم ده‌ڕوانی. به‌ڕووتی هاته به‌رده‌مم و جانتاکه‌ی له شانم کرده‌وه و فڕێی دایه سه‌ر زه‌وییه‌که، له‌و کاته‌دا به‌هه‌ڵه‌شه‌ییه‌که‌وه په‌لاماری جانتاکه‌م دا، دیسان به گرتم به ده‌ستمه‌وه، زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌کی بۆ کردم و ده‌ستی کرد به کردنه‌وه‌ی قۆپچه‌ی کراسه‌که‌م، ده‌ستی هێنا به ڕانمدا و به‌نازه‌وه پرسیی: “دۆلارت پێیه یان دیناری عێراقی؟”
دوای چه‌ند هه‌ناسه‌یه‌ک به‌ڕووتی له‌سه‌ر جێگاکه به‌رامبه‌ر یه‌کتر دانیشتبووین، ده‌ستی گرتم و لێی پرسیم: “دیانه‌تت چییه؟”
ده‌مم ته‌ته‌ڵه‌ی کرد و پێم گوت: “مه‌سیحیم.”
پاشان به‌سه‌ر جێگاکه‌دا ڕاکشا و له به‌رده‌ممدا که‌وته سه‌ر ده‌م، له‌سه‌ر سمتی چه‌پی به خه‌تێکی شینی تێکشکاو نووسرابوو: “عيرتني.”
ده‌ستی برد و له چه‌کمه‌جه‌ی دووه‌م و خواره‌وه‌ی ئه‌و کۆمیده‌یه‌ی له‌ته‌نیشتی جێگاکه‌وه بوو، کتێبێکی به‌رگ ڕه‌شی گه‌وره‌ی ده‌رهێنا. له به‌رده‌ممدا له‌سه‌ر ده‌ستی ڕایگرت، له‌به‌ر خۆیه‌وه پێی گوتم: “ده‌ی، سوێندم به ئینجیلی پیرۆز بۆ بخۆ، که جارێکی تر ڕێگات ناکه‌وێته‌وه سه‌ر ئه‌م ماڵه و نامناسیت و هیچ له نێوانماندا ڕووی نه‌داوه!”
سووچێکی کتێبه به‌رگ ڕه‌شه‌که‌ی ده‌ستیم گرت و پێم گوت: “بمبووره، من موسوڵمانم!”
دیسان وه‌کوو جاری پێشوو له به‌رده‌ممدا پاڵ که‌وته‌وه و کتێبه‌که‌ی ده‌ستی خسته‌وه ناو چه‌کمه‌جه‌ی خواره‌وه‌ی کۆمیده‌که، له‌و کاته‌دا ده‌ستم هێنا به‌سه‌ر خاڵه کوتراوه‌که‌دا که پێده‌چوو تازه کوتابێتی، چونکه هێشتا پێستی سنووری نووسینه‌که خوێنی تێ زابوو، چه‌کمه‌جه‌ی سه‌ره‌وه‌ی کۆمیده‌که‌ی کرده‌وه و کتێبێکی به‌رگ سپی و هه‌مان قه‌باره‌ی ده‌رهێنا و له‌سه‌ر ده‌ستی له‌به‌رامبه‌رم ڕایگرت، پێش ئه‌وه‌ی ئه‌و به قورعان سوێندم بدات، زه‌نگی مۆبایله‌که‌م له‌ناو جانتاکه‌مدا له‌سه‌ر زه‌ویی ژووره‌که لێی دا.


