![]()

“بۆ مامۆستا سه‌رمه‌ند، که ڕۆژێک وه‌کوو دڵشکاوترین و بێبه‌شترین که‌سی ئه‌م جیهانه به‌ڕێبواری له غه‌ریبی ڕێکه‌وتم کرد و چیرۆکی خۆی بۆ گێڕامه‌وه.”
ڕێگای نێوان ئیشه‌که‌م و ماڵه‌وه، له‌و نێوانه‌دا به‌ژێر پردێکدا تێده‌په‌یم، کاتێک ده‌گه‌یشتمه نێزیکی؛ بۆنی ئه‌و که‌سانه‌م ده‌کرد که له‌ژێر ئه‌و پرده‌دا ده‌ژیان، نازانم ژماره‌یان چه‌ند بوو، به‌ڵام شه‌وێکیان زیاتر له بیست که‌سم ژمارد، هه‌رچ که‌سێک به‌وێدا تێده‌په‌ڕی بانگیان ده‌کرد، زۆربه‌ی جار ئه‌م دێڕه بوو: “شتێک پاره ناده‌یت، ته‌نها ئه‌وه‌نده بۆ کڕینی نانێک!” ڕۆژێکی زستان یه‌کێک له‌وان؛ کابرایه‌کی کورته‌باڵای گه‌نمڕه‌نگ هاته سه‌ر ڕێگاکه‌م و توند ده‌ستی گرتم، به زمانێکی هۆڵه‌ندیی نیوه‌ناچڵ: “ته‌نها پاره‌ی نانێک!”
منیش گوتم: “ئه‌گه‌ر پێت نه‌ده‌م؟”
“ئه‌وا منیش ده‌ستت لی به‌ر ناده‌م و نایه‌ڵم بڕۆیت!”
ئه‌و ورده‌پاره‌ی له جزدانه‌که‌مدا بوو؛ کردمه ده‌ستیه‌وه که له‌بیرم نه‌ماوه چه‌ند بوو، یان ئه‌و ساته سه‌رنجم لێ نه‌دا چه‌ند بوو، له ترساندا نه‌بوو… وابزانم ئه‌و ئاوا بیری لێ ده‌کرده‌وه، به‌ڵکوو کاریگه‌ریی چاوه کز و ڕووه ڕه‌شهه‌ڵگه‌ڕاو و ماندووه‌که‌ی بوو. کاتێک لێم پرسی: “تۆ خه‌ڵکی کوێیت؟”
له وه‌ڵامدا گوتی: “کوردستان، عێراق، عێراق…”
“که‌واته تۆ کوردیت! ده‌ی له کوردستان خه‌ڵکی چ شوێنێکیت؟”
“سلێمانی.”
چیرۆکی منیش
پێنج ساڵ پێش ئێستا به‌جێم هێشت. ئه‌و ڕۆژه‌ی ویستم بڕۆم، هاته سه‌ر ڕانه‌کانم دانیشت و پێی گوتم: “ئه‌م ڕۆیشتنه‌ی تۆم پێ قبووڵ ناکرێت، ده‌ترسم له بێتۆییدا بمرم!”
منیش پێم گوت: “ئه‌وه‌نده نابات و به یه‌ک شاد ده‌بینه‌وه.”
دیسان ئه‌و لێی ڕوانیم و به‌نازێکه‌وه گوتی: “له‌و ڕۆژه‌وه‌ی بڕیاری ڕۆیشتنت داوه، بۆنت به مه‌ڵاشوومه‌وه نووساوه!”
منیش به‌پێکه‌نینه‌وه پێم گوت: “ئه‌وه‌نده قووڵ هه‌ستی خۆتم بۆ ده‌رمه‌بڕه، با به‌رگه‌ی دووریی نێوانمان بگرم.”
کاتێک ئه‌مه‌م پێ گوت، سه‌ری له‌سه‌ر شانم دانابوو، له‌ژێر لێوه‌وه گوتی: “پیاو بوونه‌وه‌رێکی خۆپه‌رستن، ئه‌به‌د له عه‌شقی ژن تێناگه‌ن.”
ده‌ستم له‌سه‌ر شانیه‌وه برد و توند له‌باوه‌شم گرت، ماچێکی سه‌ر ڕوومه‌تیم کرد: “حه‌ز ده‌که‌م تۆ زۆر له من دڵنیا بیت که منیش عاشقی تۆم و بێ تۆ ژیان هیچ مانایه‌کی نامێنێت!”
دوای تاوێک بێده‌نگی، ئه‌و گوتی: “دەی با بزانین کاممان نه‌فه‌سدرێژ و به‌وه‌فا ده‌بین، ئێستا هیچ ناگوترێت.”
له بیستی ديسه‌مبه‌ردا و دوای زیاتر له پێنج ساڵ دابڕان، له‌به‌ر ئه‌و گه‌ڕامه‌وه. ئه‌و ساڵانه‌ی له یه‌ک دوور بووین، ته‌نها بۆ جارێکیش چییه به‌باشی یه‌کترمان نه‌دواند. کاتێک ته‌له‌فۆنمان بۆ یه‌ک ده‌کرد، به‌ڕێکه‌وت هه‌ردوومان مه‌ست بووین، ده‌ممان گۆی نه‌ده‌کرد و من باسی گه‌ڕانه‌وه‌م بۆ ئه‌و ده‌کرد و ئه‌ویش شیعری بۆ ده‌خوێندمه‌وه، له کۆتایی هه‌موو لێدوانێکماندا ئه‌و ده‌یگوت: “ده‌ی ئیتر منیش!”
به تاکسییه‌ک چووینەوە ماڵەوە، ئه‌سانسۆری ئه‌پارتمانه‌که له کار که‌وتبوو، منیش ناچار لە کۆڵم کرد و بۆ قاتی شه‌ش به قادرمه‌کاندا سه‌رم خست. ماڵه‌که‌مان وه‌کوو خۆی بوو، هیچ شتێک له جێگای خۆی نه‌گۆڕابوو، ته‌نها ئه‌وه‌نده نه‌بێت دیواره‌کانی بۆیاخێکی سه‌وز و به کاغه‌زی ڕه‌نگاوڕه‌نگ داپۆشرابوون، دیار بوو هه‌ندێک له کاغه‌زه‌کان کۆن بوون و که‌تیره‌کانیان وشک بووبوونه‌وه و که‌وتبوونه سه‌ر زه‌وییه‌که. له چێشتخانه‌که شووشه‌ی به‌تاڵی شه‌راب تاوه‌کوو ژووری دانیشتنه‌که‌مان ڕیز کرابوون، یه‌ک جۆر شه‌راب، شووشه‌ی شه‌رابی ملخواری “میرلۆ” بوون. له سووچێکی ژووره‌که‌وه به پاکه‌تی جگه‌ره‌ی به‌تاڵ خانوویه‌کی دروست کردبوو، جله‌کانی له‌سه‌ر قه‌نه‌فه‌کان هه‌ڵڕژابوون. له کاتێکدا ئه‌و شووشه‌یه‌ک شه‌رابی له که‌نتۆری جله‌کانی ده‌رهێنا و دوو قومی لێ دا و شووشه‌که‌ی به‌به‌تاڵی خسته‌وه نێو که‌نتۆره‌که، پاشان هات و له شانمه‌وه له‌سه‌ر جله‌کانی و لەسه‌ر قه‌نه‌فه‌که دانیشت، هه‌ر چه‌نده هه‌وڵم له‌گه‌ڵ دا لێی نه‌ڕوانیم، چه‌ند جارێک ویستم لێوه ته‌نک و سارده‌که‌ی ماچ بکه‌م، ڕێگه‌ی پێ نه‌دام، پاشان تاوێک له‌باوه‌شم گرت و بۆنم کرد، دووباره له‌ناو خۆمدا بۆ ڕۆحی ئه‌و ده‌گه‌ڕام، هه‌ر چه‌ند هه‌وڵم دا هه‌ستم ڕێگای نه‌چوویه‌وه سه‌ر بۆنه سروشتییه‌که‌ی ئه‌و ژنه‌ی جاران. چه‌ند جارێک له‌ژێر لێوه‌وه گوتی: “پێت شاد بوومه‌وه…”
جانتای سه‌فه‌ره‌که‌م ده‌کرده‌وه، له‌ژێر لێوه‌وه وه‌کوو بیه‌وێت له‌گه‌ڵ خۆیدا بدوێت؛ گوتی: “هەوا شتێک دەگێڕێتەوە کە هێشتا ڕووی نەداوە.”
“ئه‌مشه‌و!”
دیسان به هه‌مان ڕیتمی ده‌نگ و بێ ئه‌وه‌ی لێم بڕوانێت و وه‌ڵامم بداته‌وه، گوتی: “تۆ لەنێو مندا بمێنەرەوە، دە‌ره‌وه ساردە، ئەم شەقامە بەستوویەتی.”
“به‌ڵێ، چونکه ئه‌مشه‌و بیستی دیسه‌مبه‌ره.”
“سوور باوەش دەکات بە بووندا و بیستی مانگ لە ڕۆژژمێرەکەدا خوێنی لێ دێ.”
“بیستی دیسه‌مبه‌ر!”
دوای ئه‌و دابڕانه دوورودرێژه، پێویستمان به‌وه بوو لێکچوونێک له نێوانماندا بدۆزینه‌وه تاکوو بیکه‌ینه خاڵی ده‌ستپێک و له‌وێوه له یه‌کتر تێبگه‌ین. دوای تاوێک بێده‌نگی، ئه‌و گوتی: “تۆ لەم شه‌وه‌دا باوەشم پیا بکە، تا له‌ناو تۆدا ماڵەکەم بدۆزمەوە.”
“ته‌نها ئه‌مشه‌و؟ به‌نیاز نیم ئیتر به جێت بێڵم!”
“با ئه‌مشه‌و پێکه‌وه بنووین، تا سبه‌ینێ یەک ئاراستەمان هەبێ بۆ ڕۆیشتن.”
“به یارمه‌تیت بێده‌نگ بیت باشتره، ئه‌و وڕێنه‌یه‌ت له چییه! ده‌زانی منیش… ده‌ڵێم زۆر ماندووی ڕێگام و تۆزێک خاترم بگره.”
ده‌ستی هێنا و سه‌ری دوو په‌نجه‌ی له‌سه‌ر لێوم دانا و قسه‌که‌ی پێ بڕیم، ڕووی گرژ کرد و لێی ڕوانیم: “ته‌مه‌ن زیندانە، ئازادییش زیندانە، له‌وانه‌ش گرانتر خۆشه‌ویستیمه بۆ تۆ.”
بیرم له قسه‌کانی ده‌کرده‌وه، به شێوەیەک نه‌مده‌زانی چیی وه‌ڵام بده‌مه‌وه، له کاتێدا من له خه‌یاڵمدا ده‌گه‌ڕام، ئه‌و به‌رده‌وام بوو، گوتی: “نیازێک دەخەمە دڵمەوە کە تۆیت، ڕقێک بخه‌ره دڵتەوە کە منم.”
“ڕق له تۆ؟ دیاره مه‌ستیت!”
“لە دوای ڕۆیشتنت؛ ته‌واوی ئه‌م شاره به دواتدا گه‌ڕام، هاوڕێیه‌کت پێی گوتم له‌وانه‌یه له کڵێسا بێت!”
“كڵێسا! جا بۆچی به‌دوامدا گه‌ڕایت؟”
“ویستم ئه‌م بیستی مانگی دیسه‌مبه‌ره به‌یه‌که‌وه بین.”
“منیش ئه‌م ڕۆژه‌م له بیر بوو، ده‌ی ئه‌وه‌تا پێکه‌وه‌ین. که‌واته حه‌زه‌که‌ت هاتووه‌ته دی!”
“دوای چی! دوورییت بووە بە نەخۆشی و ئه‌م بیستی دیسه‌مبه‌ره سوور ده‌بینم، به‌ڵام ده‌مه‌وێت دیسان تێنه‌په‌ڕێ.”
“ته‌واو، گرنگ ئه‌وه‌یه ئه‌مشه‌و پێکه‌وه‌ین.”
“دوایی دێمه سه‌ر پێکانت و پێکه‌وه سه‌ما ده‌که‌ین، ئه‌مشه‌و چیی تر دەڵێی؛ ده‌ی پێم بڵێ؟”
“ئاخ، ئێوه‌ی ئافره‌ت ئه‌به‌د دڵی پیاوتان پێ ڕازی ناکرێت!”
کاتێک ئه‌مه‌م پێ گوت؛ ده‌مم نابوو به‌لای گوێیه‌وه، بۆنی لاملیم ده‌کرد و ئه‌و له‌ژێر لێوه‌وه به‌لای گوێم‌دا چرپاندی: “پیاوه‌کان دڵیان ته‌نها پارچه‌یه‌ک گۆشت و خوێنه، باشتره پێم بڵێیت ئێوه‌ی ئافره‌ت هه‌وه‌سی پیاوتان پێ دانامرکێته‌وه!”
“له‌وانه‌یه ئه‌وه‌ش هه‌ڵه‌ی سروشت بێت که ئێمه‌ی پیاوی ئاوا خوڵقاندووه!”
“ئاوا ئازیزم، ئیتر ئه‌وه‌یه مه‌سه‌له‌که.”
“بۆ ده‌بێت دایم ڕاستییه‌کان لای تۆ بێت!”
“زۆرم له‌سه‌رت نییه.”
“عه‌شقت جۆرێکه له زۆرداری!”
“جا بۆچی قبووڵته؟”
“وه‌کوو خۆت وتت، له‌وانه‌یه ئه‌وه‌ش هه‌ڵه‌ی سروشت بێت!”
“که‌واته تۆیش وه‌کوو من گیرۆده‌یت؟”
“جۆرێک!”
“وا بزانم منیش…”
هێواش و له‌ژێر لێوەوه، تۆنی ده‌نگی زۆر گۆڕابوو، بۆ یه‌که‌م جار بوو لێم بڕوانێت، چاوی ته‌ڕ بوون… کاتێک به ده‌نگێکی تێکشکاوه‌وه پێی گوتم: “تۆ له‌م شاره مه‌ڕۆ! ئه‌گه‌ر به‌یانی له خه‌و هه‌ستایت، لاته‌وه دانیشتووم و چایم بۆ لێناویت. دوایی که خۆر هه‌ڵهات، له‌به‌ر ڕووناکیی خۆردا لێم بڕوانه. دوای گه‌ڕانێک، پێکه‌وه بۆ ناو جێگاکه‌مان ده‌گه‌ڕێینه‌وه و ئه‌گه‌ر هه‌ر به‌نیازی ڕۆیشتن بوویت، پێش ئه‌وه‌ی پێڵاوه‌کانت له‌پێ بکه‌یت؛ به‌ئه‌سپایی تێر ماچم بکه، پاشان نیازێک بخه‌ره دڵته‌وه که تۆ له‌و ڕۆیشتنه‌ت په‌شیمانیت!”
دوای تاوێک بێده‌نگی، ده‌مویست فرسه‌ت بێنم و له جانتاکه‌مدا دیارییه‌کانی بۆ ده‌ربێنم، ڕێگه‌ی پێ نه‌دام و گوتی: “تۆ به‌ته‌نیا مه‌ڕۆ، با سه‌فه‌رێک پێکه‌وه بکه‌ین، هه‌ردووکمان به‌ره‌و وڵاتێکی دوور ده‌ڕۆین، شوێنێکی زۆر زۆر دوور که که‌سی ناسراوی لێ نه‌بێت!”
له وه‌ڵامدا پێم گوت: “سه‌ر سه‌هۆڵبه‌نده‌کانی جەمسەری سه‌روو یان خواروو، ده‌ڵێن ئه‌وێ که‌سی لێ نییه!”
وای زانی من گاڵته‌ی پێ ده‌که‌م، لێی ڕوانیم و به‌بێزارییه‌که‌وه گوتی: “گاڵته‌ت لێ نه‌یه‌ت و به‌ڕاستمه، زۆر له خه‌ڵکی بێزارم!”
“خه‌ڵکی، چی…؟”
ته‌نها به‌ده‌میه‌وه پێکه‌نیم، پاشان له‌ژێر لێوه‌وه پێی گوتم: “زۆر له دوورییش ده‌ترسم.”
“له چی؟”
“دووری!”
“دووری له کێ؟”
“نازانم، هه‌ست ده‌که‌م ئه‌م شاره جادووی لێ کردووم!”
“جادوو!”
“ده‌ی تۆ پێت وا نییه؟”
“خۆ له‌وانه‌یشه وا بێت، ئه‌وه‌ی ڕۆژێک به ڕێبواری بێته ئه‌م شاره، ئیتر قوڕی به سه‌ر!”
“من بۆ سه‌ردان بۆ ئه‌م شاره هاتم.”
“ئێ کێ فریوی دایت؟”
“خوانه‌ناسێک فریوی دام و ئه‌م شاره‌ش جادووی لێ کردم.”
“بۆ دیسان باسی ڕۆیشتن ده‌که‌یت که هه‌ست ده‌که‌یت دڵت به‌خشیوه و جادووشت لێ کراوه! تۆ جانتاکه‌ت پڕه له ده‌رمان، ئیتر بەبێ دڵ و بە جه‌سته‌یه‌کی نه‌خۆشه‌وه بۆ کوێ ده‌چیت!”
“نازانم! ئاخر له‌وانه‌یه ئه‌وه هۆکار بێت.”
“هه‌ڵدێیت له ده‌ست…”
قسه‌که‌ی پێ بڕیم و خۆی لێ نێزیک کردمه‌وه و لووتی چه‌قانده ڕوومه‌تم، له‌و کاته‌دا توند ده‌ستی گوشیم و به‌هێواشی گوتی: “له‌ده‌ست ژنبوونم.”
کاتێک ئه‌مه‌ی گوت، بۆنی هه‌ناسه‌یم کرد، پاش تاوێک بێده‌نگی لێم پرسی: “بۆنی تاڵییه‌ک له هه‌ناسه‌ت دێت!”
“تۆ ته‌مه‌نێک پێش ئه‌مڕۆ، دوو قومت له شووشه‌یه‌کدا له ژووره‌که‌م به‌جێ هێشتبوو.”
“نا، نا، ئه‌وه‌ت نه‌خواردبێته‌وه!”
“بۆ خۆپه‌رست، ده‌ترسم بۆ خۆتت هه‌ڵگرتبێت!”
له‌دوای ئه‌مه‌وه من هیچم پێ نه‌گوت، ته‌نها ئه‌وه‌نده نه‌بێت به‌لاچاو لێم ده‌ڕوانی، به‌ڵام دڵم که‌و‌تبووه په‌له‌په‌ل. پارچه‌یه‌ک کاغه‌زی له گیرفانی پاڵتۆکه‌ی ده‌رهێنابوو، تاوێک بوو به ده‌ستیه‌وه بوو، لێی ڕوانی و خوێندیه‌وه:
“من ڕۆژه‌کان ده‌ژمێرم،
تۆیش شه‌وه‌کان بگره،
کاتێک ژیان کۆتایی هات،
من له‌وێ چاوه‌ڕێتم.”
سه‌ری له‌سه‌ر شانم بۆ ڕانه‌ده‌گیرا، هه‌ستم به ساردیی جه‌سته‌ی ده‌کرد، پاشان له‌ژێر لێوه‌وه زۆر هێواش به گوێیدا چرپاندم: “ده‌ترسم، زۆر ده‌ترسم…”
“له چی؟”
“له‌وه‌ی تۆ، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌ی له‌و شووشه‌یه‌دا بوو!”
چه‌ند هه‌ناسه‌یه‌ک ڕووی لێ وه‌رگێڕام و پاشان بێ ئه‌وه‌ی لێم بڕوانێت، سه‌ری له‌سه‌ر شانم دانایه‌وه، له‌دوای ئه‌مه‌وه یه‌کترمان نه‌دواند، له پشتیه‌وه ده‌ستم برد و له‌ژێر باڵیه‌وه ناوقه‌دیم گرت و توند نووساندم به خۆمه‌وه، هه‌ستم کرد سه‌ری له‌سه‌ر شانم قورس بووبوو، ده‌م و لووتم خسته ناو قژی و به گوێیدا چرپاندم: “منیش…”


