Loading

نووسینی: سیروان که‌ریم

من بە عادەتی خۆم هەر وام، کە بمەوێت کتێبێک بخوێنمەوە، زۆر حسابی ورد بۆ ئەوە ناکەم لە کوێم و کێم لەدەوره. هەر ئەو ئێوارەی کە کتێبەکەم لە ئەندێشە کڕی، شەوەکەی دەستم کرد بە خوێندنەوەی. خۆشبەختانە دوای سێ ڕۆژ تەواو کرد، هەمیشە کە دەست بۆ کتێبی هاوڕێیەکم دەبەم دەترسم، ئەمەش ڕەنگە عادەتم پێوە گرتبێت، بەوەی کە دەقەکە خوا نەکردەن باش نەبێت.

زۆر گرنگە بۆ ڕۆماننووس لەگەڵ خوێندنەوەی دەقەکەیدا که‌راکتەره‌کانی لەسەرتادا بێن و بچن، ئەم دەقە وابوو. هەر لەسەرەتای ڕۆمانەکەوە مارتن بە هەموو سەرکێشی و خەون و بێتاقەتیەکانیه‌وە دێت. مارتن بۆ من ئەو کوڕەیە، کە دەمان کێشێت بە کەلتوری نێوان دوو وڵاتدا، وڵاتێکی ڕۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاست، کە پڕە لە ململانێی دینی و ڕەتکردنەوەی ئەویتر و کوشتنی جوانیەکان. هاتنی مارتن بۆ میسر، کەشف کردن و نیشاندانی ئەو دیوە ناشیرینەی وڵاتانی عەرەبییه، کە بەردەوام مرۆڤە جوانەکان لە چاڵدەنێن. میسر ئەگەر چی خاوەنی مێژویەکی گەورەی حەزارەتە، بەڵام لەم کتێبەدا دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە، یەکێک لە جوانیەکانی نووسەری ئەم کتیبە ئەوەیە، کە زوومی لەسەر وڵاتی میسر کردوە! چونکە وڵاتانی تری عەرەب ئیتر هەژارن! زۆر جوان توانراوە کلتوری میسری دیراسە بکرێت و دیوێکی مێژویی ئەو وڵاتە لەم کتێبەدا بخرێتە ڕوو بە هەموو ململانێی سیاسی و دینی و کەلتورییەوە، کە ڕەنگە نووسەرانی عەرەبیش بازیان بەسەردا دابێت. لێرەوە هەستدەکەیت نووسەری ئەم کتێبە خەڵکی قاهیره‌یه. بیرمان نەچێت نووسەر لەم دەقەدا، دوو لەت بووە، بە دەست دوو فکرەی جیاوازی ناو کتێبەکەوە، کە هەریەکەیان هەڵگری توخمێکی ئەنتی یەکترین لە حیکایەتدا… سەلیم و مارتن بە ڕووداوێکی زۆر جوان دنیا دەگێڕنەوە، بە زمانێک کە زۆر لە خۆکردنی تیا نییە، هەر یەکەیان ئەوە دەگێڕنەوە کە نووسەر دەیەوێت، سەلیم عومەر کە جێیدێڵیت بیری دەکەیت، ئاغاکەی باوکی و براکانی و ئینجا فاتیمەیش پڕ بەسەرمان هاوار دەکه‌ن. سەلیم عومەر پڕ سەری لە کارەساتە، هەمیشە لە دەمی سەلیمەوە ئەو حیکایەتانە دێنە دەرەوە، کە خوێنەر بە تامەزرۆییەوە ناچار دەبێت گوێیان لێ بگرێت. سەلیم پێمان دەڵێت، مانەوە لە بەندینخانە هەم چێژە هەم ئازار. لێرەوە زمانی شیعر و خەیاڵ لە دایک دەبێت، گێڕانەوەی ئەو هەموو خەیاڵەی ناو سەری مارتن لە بەندینخانەکەوە، بیابانەکە دەبڕێت و دەچەقێتە زیهنمانەوە. بەندیخانە لەم ڕۆمانە‌دا هەڵگری جۆرێک لە گێڕانەوەی ئەو خەیاڵانە‌یه کە لای مارتن بەردەوام بە بەردەمیا دێت و دەچێت. ئەو فلاشباگانەی کە دێنەوە بۆ لای ئه‌یفای دایکی، ئینجا تابلۆکانی. لێرە بێ دوو دڵی خوێنەر ئەزموونی تەواوی ناو بەندینخانە دەکات و بەر ئەو بێتاقەتیانە دەکەوێت، کە مارتن وێنەیان بە خەیاڵ دەکێشێت.

من حەزناکەم قسە لەسەر کافە شۆپەکانی هۆڵندا و دیسکۆ و مردنی ئەیفا و حیکایەتەکەی کارڵ و مردنی باوکی کارڵ و ئینجا فاتمە بکەم. ڕەنگە ئەمانە بۆ من خۆش نەبێت لە ئێستادا قسەیان لەسەر بکەم. تابلۆکانی سامان خدر و ئەیفا بۆ من نانوسرێتەوە. لەوه دەگەڕێم مارتن چۆن لە دایک بووە، ئاو و هەوای ئەمستردام با بۆخۆیان بەسەر شۆستەکاندا بڕۆنەوە سەر ئەو کۆڵانانەی دەستێکی هونەری خوڵقاندونی. با نامەکەی سەلیم کەسێکی تر بیخوێنێتەوە. کارمن نەچێتە باوەشی مارتنیشەوە، من هەر خۆشم دەوێ، با منداڵەکەی هەر لەو ژورەدا بێت. لۆتە، منداڵێک کەس نازانێت باوکی مارتنە یان کەسێکی تر.

ئەم نوسینە تەنها بۆ ئەوە بوو، کە نووسه‌ری ئه‌م ڕۆمانه بزانیت که کتێبەکەم خوێندۆتەوە، بۆ من ڕۆمانێکی فرە تایبەت بوو. یەعنی جوان بوو زۆر جوان بوو، ڕێز و خۆشەویستیم بۆ نووسه‌ر کاک میران.