
![]()
نووسینی: تاھیر عەبدولواحید
ئەم ماوەیەی ڕابوردوو لەسەر چرپای ناساغی فرسەتێکم دۆزیەوەو دەستمکرد بە خوێندنەوەی رۆمانی شەوگەڕەکان. ئێمە زۆرجار ئەبێت سوپاسگوزاری نەخۆشیش بین، چونکە دوورمان دەخاتەوە لە جەنجاڵیەکانی نێو ژیان و بوارێکمان بۆ دروست ئەکات تا باشتر نزیک بینەوە لەخۆمان و پلانی نوێتر بۆ داهاتووی ژیانمان رێکبخەینەوە. پلانی نوێی منیش دیسان خوێندنەوە بوو، دەستپێکی خوێندنەوەکانیشم رۆمانە دانسقەکەی میران ئهبراهام بوو، چونکە لەڕۆژی بڵاوبوونەوەی چەند پەڕەیەکم لێخوێندەوەو بڕیارم دابوو کاتێکی تایبەتی بۆ دانم، ئەم رۆمانە بۆ ڕۆژەکانی ژیانی سەر چرپای نەخۆشی هاوڕێیەکی شیرین بوو، وەک خودی نووسهرهکهی دەیدواندم. زۆرجار ئازاری ئەڕەواندمەوە و ئەوماوەیەش کە سەرقاڵی خوێندنەوەی شەوگەڕەکان بووم ژیان بە بەتاڵی تێنەپەڕی و بەسەر چرپاکەمەوە لە چەندین پەنجەرەوە لە حیکایەتی ژیانی ئەوانی ترم ئەڕوانی و ئاشنابووم پێیان. ژیانی تایبەتی و دونیای مارتن و ئەیفا سەلەمۆی دایکی. سامان خدر و کارل و کارمن و سمکۆ فەرهاد و سەلیم و فاتیمەی خوشکی، لەگەڵ بەریەککەوتنم لەگەڵ ژیانی مارتن و یادەوەریەکانی هەستم بە دوو جۆر لە ژیانی جیاواز کرد، ژیانیک پڕاوپڕ لە وزە و ڕەنگ و بۆن و ژیاندۆستی، بە بەراورد لەگەڵ ژیانیکی چەپێنراوی گرمۆڵە بە مەرگدۆستی و سەرکوتکاری و بێحورمەتی بەرامبەر بە مرۆڤ. ژیانی مارتنی خۆرئاوایی و بەریەک کەوتنی لەگەڵ خەڵک و ژیانی خۆرهەڵاتی، بەتایبەت کە دێتە میسر، تیایدا جیاوازی و شەبەقێکی گەورە دەبینین لەڕووی کەلتور و ژیانکردنەوە. مارتن سەرباری ئیدراک و هەستە بونگەراییەکانی، سەربە سروشت و دیوێکی رۆشنتری ژیانە، کە پانتاییەکی فراوانتری بۆ خەون و ژیان و هونەر تێدایە، مارتن رۆحێکی گەڕیدەیە، شپرزەی بینینەوەی شوێنە نادیارو نەدۆزراوەکانی تێدایە، سەلیم و فاتیمەی خوشکی و دایکیان لەگەڵ دەوروبەرەکەیان قوربانی میسۆلۆژیا و داب و نەریتی کۆمەڵایەتی و نێرسالاری و دیوێکی تاریکی ژیانن، لەو ڕووەی تری ژیان ئینسان بەتەنها ئەتوانێ خەون بە دونیای ئەوانی ترەوە ببینێت و ناتوانێ خۆی بێت. هەرکاتیش جورئەتی کرد ببێتەوە خۆی… ئەوا باجەکەی ژیانی خۆی دەبێت. نموونەش حیکایەتی ژیانی فاتیمە و ژنە رەشپۆشەکانی بیابانن لەو زیندەخەونەی کە مارتن دەیبینێت لەبیابانەکەدا. سامان خدر و سمکۆ فەرهادی پەنابەریش بەشێوەیەک لە شێوەکان قوربانی و کوڕی بێنازی کەلتورێکی هاوشێوەن لەڕوخساردا، دیوی دووهەمی ژیانی مارتن لەهەندێ ڕوویەوە گوزارشته لە پەروەردە و کاریگەری ژیانی ئەیفا سەلەمۆی دایکی. ئەیفای شێوەکاری یاخی هەڵگری دوونیابینیەکی باڵایە بۆ ژیان و قەدەری ئینسان کە ڕەنگ و هونەری رەنگڕێژی کردۆتە ڕوانگە بۆ خوێندنەوەی خۆی و دەوروبەر. دایکی سەلیم و فاتیمەش مرۆڤێکی چەپێنراو و بڕست لێبڕاو بەدەست باری سەختی ئابووری و سیاسی و دڵڕەقی کەلتوری کۆمەڵایەتی و جەبەرووتی پیاوێکی شەهوانی ئایندار، ئەم رۆمانە سەرباری ئەو جیاوازیەی کە لەنێو کەلتوری خۆرئاوایی وخۆرهەڵاتیا دروستی کردووە، بەڵام هێشتا بوارێکی بۆ دۆزینەوەی ژیان و یاخی بوون و وردەکاریە بە بەهاکانی ژیاندۆستی تێدا ماوەتەوە.
سامان خدر و فاتیمەی جوانەمەرگ و دایکی فاتیمە نموونەی مرۆڤی خەونبینن بە ژیان و دونیایەکی باشتر کە لەسەر ئیرادەی خودێکی ژیاندۆست دروست بوبێت. یادەوەری تابلۆی زیندانیەکان لەسەر دیواری زیندانەکەی مارتن لە میسر گێڕانەوەیەکی ئاڵۆزی ترە بۆ حیکایەتی ژیاندۆستی ئەوانی تر لەنێو کەلتورێکی داڕزیودا. تابلۆکانی سامان خدریش هاوارێکی پڕ له ژیان و تاساوی بەشێکی تری خۆرهەڵاتە که ئەویش کوردستانه، ئەیفای شێوەکار بە هەموو دڵتەنگی و یاخیبوون و شپرزەییەکانیەوە هەڵگری ڕۆحی شێوەکاری هۆڵەندی فینسینت ڤان کوخە، ئەشێ ئەم لێکچوونەش پەیوەندی بە نزیکی ئەیفاوە هەبێت لەگەڵ مێژوو و پەروەردەی هونەری شێوەکاری لە ووڵاتی هۆڵەندا و کاریگەری ئەو شێوەکارە بەناوبانگە لەسەر ئەیفا. بەڕای من وەک خوێنەرێک سەرباری کارەکتەرەکانی تر، ئەیفای شێوەکار دایکی مارتن سەرنجڕاکێشترین کارەکتەری نێو ڕۆمانی شەوگەڕەکانە و لەنێویاندا ئەدرەوشێتەوە. ئەو هەڵگری ڕەهەندێکی ئەنتۆلۆژیە کە ڕەنگ وەک سروشێک لە عەقڵ و خەیاڵدانیەوە دەڕژێتە سەر تابلۆکانی و ژیانیان تێدا ئەخولقێنێت. ئەیفا وەک شپرزەییەکی بوونگەرییانە خۆی کەنارگیر دەکات لەیاسای باوی سروشت، وەک چۆن قەدەری خولقاندنی تابلۆکانی بەدەستی خۆی دروستدەکات، ئەوهاش مناڵێک بەبێ باوکێکی ڕاستەوخۆ و ئامادە دروست دەکات، کە مارتن سەلەمۆیە. ئەو ئەبێتە خالقی قەدەری هێنانەژیانی مارتن، بەڵام رێکەوتی ژیان بەبێ ویستی ئەیفا، باوکێکی مەجازی دەهێنێتەوە ڕێی مارتن کە ئەویش دواپیاوی نێو ژیانی ئەیفایە واتە (کارڵ).
رۆمانی شەوگەڕەکان بەتەنها بەشێکی حیکایەتی ژیانی ئینسانەکان ناگێڕێتەوە، بەڵکو ئەنسکلۆبیدیایەکە بۆ زانیاری دەربارەی چەندین سەرچاوەی زانستی و هونەری و جوگرافی گرنگ. دابەشبوونی ئەم رۆمانە بۆ ٢٤بەش وەک یەکەی کات بەراوردە بە یەکەی کات لە شەو و رۆژێکدا.
ماچ و باوەشێکی قووڵ.
تاهیر


