Loading

نووسینی: گۆران سماقوڵی


رۆمانی شەوگەڕەكان: “ئارامگەی مرۆڤە كەنارگرتووەكانە و كتێبێكە پڕا‌وپڕ لە ڕەنگ و بۆیە، تەژیە لە هێڵی دژوار و تابلۆی ئەیستراكت”.

سیحری شەوگەڕەكان لەوەدایە. لەوێڕا خوێنەر بەر چەندان تابلۆ دەكەوێت، بێ ئاگا مرۆڤ لە سووچی ژوورەكەی خۆیدا دەست لە ڕەنگ و هێڵ و ڕوخسارە چێكراوەكانی ناو تابلۆكان دەدات. ئەوەی وادەكات ئەم كتێبە بەگرنگەوە چاولێ بكەین، جیاواز لە رۆمانەكانی تر، كە نووسەركانیان كوردن، ئەوەیە، زەمینەی رووداوەكان و كەراكتەرانی رۆمانەكە‌و خودی رووداوەكانیش دوور و نزیك پێوەندی بە كوردستانەوە نییە. دروستە نووسەر كوردە، وەلێ كۆی رووداوەكان لە نێو ئەمستەردام لە هۆڵەندا ‌و قاهیرە لە میسر روودەدات.

نووسەر زیرەكانە خوێنەر ئاشنای سەرجێكردنی هۆڵەندیەكان و زیندانەكاتی قاهیرە، لەیەك كاتدا دەكات، هاودەم لەرێگای خوێندنەوە، خوێنەر والێدەكات كاڵ بینینی عەرەبەكان‌و تۆخ بینینی ئەوروپایەكان بۆ ڕەنگ و ژیان هەست پێبكات. ئەم رۆمانە جۆرێكە لە فیلم، بەوەی خوێنەر سانا هاتن‌و رۆیشتن، جۆریەتی نانخواردن، جەنجاڵی شار و كەلتووری جیاواز دەبینێت. جیا لەمانەش خوێنەر لەم رۆمانەدا بەر گۆرانی‌و شیعر، سێكس‌و خەیاڵ، دەكەێت. كە نووسەر بلیمەتانە بە تاودانی هەسپی خەیاڵ وێنای شتەكانی كردووە. دەكرێ بڵێین نووسەر بەبێ ئەوەی بێت و ماشێن بۆخوێنەر بەكرێ بگرێت، گەشتی بۆ سازدەدات و دەیانباتە ئەوپەڕی دونیا.

گەر شەو ئاماژە بێت بۆ ترس و تۆقان، یان شەو خۆفریودان و خۆزیندانیكردن بێت لە كونجی ژوورێكدا، ئەوا شەوگەڕەكان ئاماژەیە بۆ مرۆڤە گۆشەگیر و ئارەزوومەندانی شەو، ئەم كتێبە ئەفسانی ترس لە شەودا ڕەتدەكاتەوە، بەڵكە هانمان دەدات ببین بە شەوگەڕ، ئەوانەی حەزیان بەتەنیایی و سوڕانەی سەرشەقامە چۆڵەكان هەیە، ئەم رۆمانە كارێك دەكات هەموو ئەو مرۆڤانەی حەزیان بە تەنیا و شەوگەڕەی هەیە، گەر تا ئیستاش بە نائاگایەوە ئەوەیان كردبێت، بەهۆی ئەم كتێبەوە بە سەلیقەتر لە جاران ورد دەبنەوە و تیژتر دەڕوانەوە ئاسمان و ئەستیرە و دره‌خت و دارتێل و بارینی كلۆ بەفرەكانی زستان. لە شەوگەڕەكانی میران، شەو واتا خۆبوون و تێكەڵ بوون بە خود، دەرچوونە لە دونیا جەنجنڵ و گەڕانەوەیە بۆ خۆت.

ماوتەوە بڵێم ئەم رۆمانە ئەزموونێكە تا ئەوپەڕی جوانی، جوانە. شەوگەڕەكان لە نووسینی میران ئەبراهام‌و لە بڵاوكردنەوەی ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەری ئەندیشە لە 2015.