![]()
نیشتمانی سارا
نووسه‌ر: میران ئه‌براهام
ژانر: ڕۆمان
ساڵی چاپ: ٢٠١٩ سلێمانی
چاپی دووه‌م: ناوه‌ندی که‌پر ٢٠٢٠
چاپی سێیه‌م: ٢٠٢٢
چاپی چوارەم: ٢٠٢٥ ناوه‌ندنی ڕه‌هەند/ سلێمانی
قه‌باره: ٤٥٠ لاپه‌ڕه
دیزاینی به‌رگ: که‌پر

ڕۆمانی نیشتمانی سارا: یه‌کێکه له ڕۆمانه کاریگه‌ر و پڕ خوێنراوه‌کانی نێو کتێبخانه‌ی کوردی، مێژووی سه‌د ساڵی نه‌ته‌یه‌ک یان شارێک، به‌شێکه له‌و مێژووه ونبوو یان له‌بیرکراو‌ه‌ی که له ئێستا و ڕابووردوودا تۆمارنه‌کراون، ئیتر له‌به‌ر هه‌رچ هۆکارێک بێت، ئه‌م ڕۆمانه ته‌نها مێژووی چه‌ند که‌سێک یان ته‌نیا که‌مایه‌تییه‌ک نییه، به‌ڵکو ده‌یان که‌سایه‌تی ناودار له مێژووی شاری سلێمانیدا به‌زمانی خۆیان و له فۆرمی هونه‌ری (ڕۆمان)ێکدا خۆیانمان بۆ نمایش ده‌که‌نه‌وه. کتێبێک بۆ ناسینی شوناسی شار و نه‌ته‌وه‌یه‌ک، که پێمان ده‌ڵێت دین ڕه‌گه‌زنامه‌ی ئێمه نییه!
بڕگه‌یه‌کی کورت له ڕۆمانی نیشتمانی سارا:
له قوتابخانه‌ی ڕوشدییه و ڕۆژی یه‌که‌می ساڵی دووه‌می خوێندنم، کاتێک هه‌موو چووین بۆ پۆله‌که‌مان، قوتابییه‌کان دوو دوو چوون و ڕه‌حله‌یه‌کیان گرت و بێده‌نگ پێکه‌وه دانیشتن، من بەته‌نیا مامه‌وه و له دووره‌وه چه‌ند جارێک له مامۆستاکه‌م ڕوانی، چونکه ساڵی پێشوو له‌گه‌ڵ خامێی موشێی عه‌تار له‌سه‌ر ڕه‌حله‌یه‌ک دانیشتبووین، ئه‌وه بوو خامێ وازی له قوتابخانه هێنا و منیش ساڵی دووم بەته‌نیا مامه‌وه، کاتێک مامۆستا‌که ئاماژه‌ی به ڕه‌حله‌یه‌کی به‌تاڵ کرد، چووم له ته‌نیشتی ڕه‌حله به‌تاڵه‌که‌وه ڕاوه‌ستام، کوڕێکی سپیکه‌لانه‌ی باریکه‌له به‌رامبه‌رم وه‌ستابوو، به‌رده‌وام له یه‌کتریمان ده‌ڕوانی، نه‌موێرا دانیشم و دیار بوو ئه‌ویش هه‌مان هه‌ستی هه‌بوو، له‌و کاته‌دا مامۆستا‌که هات و ده‌ستێکی خسته سه‌ر شانی من و وتی، ‘دانیشن ده‌ی، پێکه‌وه دانیشن.’ من خێرا بەترسوله‌رزێکه‌وه گوێڕایه‌ڵی بووم و دانیشتم، کوڕه‌که هێشتا بەپێوه وه‌ستابوو، به هه‌ردوو ده‌ستی توند قه‌راغی ڕه‌حله‌که‌ی گرتبوو، به‌رده‌وام بەتووڕه‌یییه‌وه له منی ئه‌ڕوانی، مامۆستا‌که چه‌ند جارێک داوای لێ کرد دا‌نیشێت، به‌ڵام ئه‌و کوڕه، وه‌کو ئەوەی شه‌خته‌ڵان بێت و خوێنی به‌ستبێتی، نه‌یده‌توانی له ته‌نیشتی منه‌وه دا‌نیشێت، کاتێک مامۆستا‌که چوو بۆ لای، زۆر به‌ناڕه‌حه‌ت توانیی ده‌ستی له قه‌راغی ڕه‌حله‌که بکاته‌وه، ناچار بوو گوێی گرت و به ده‌سته‌که‌ی تری دوو شه‌پازله‌ی توندی کێشا به بناملیدا و به‌زۆر له ته‌نیشتی منه‌وه دای نا، منیش به لاچاو لێم ده‌ڕوانی، ته‌واوی جه‌سته‌ی ده‌له‌رزی و فرمێسک به چاویدا ده‌هاتنه خوار، مامۆستا‌که گه‌ڕایه‌وه لای ته‌خته‌ڕه‌شه‌که و بێده‌نگ به‌رامبه‌رمان ڕاوه‌ستا، ڕوانیم قوتابییه‌کانی تر هه‌موو له منیان ده‌ڕوانی، منیش له‌و کاته‌دا خۆم پێ ڕانه‌گیرا و ده‌ستم کرد به گریان، له خه‌یاڵی خۆمدا وتم، ‘به هۆی منه‌وه ئه‌و کوڕه داماوه لێدانی خوارد!’ دوای ئه‌وه مامۆستا‌که یه‌ک یه‌ک ناوی خوێندینه‌وه، ئێمه‌یش هه‌ڵده‌ستاینه سه‌ر پێ و به‌ڵێمان بۆ ده‌کرد و له جێگای خۆمان داده‌نیشتینه‌وه، مامۆستا‌که دوای ناوی من، ناوی فوئاد مه‌عرووفی خوێنده‌وه، قوتابییه‌که‌ی ته‌نیشتم بەترسوله‌رزێکه‌وه هه‌ستایه سه‌ر پێ، هه‌ستم پێ کرد، که زۆری له خۆی ده‌کرد تاکو به‌ڵێ بۆ مامۆستا‌که بکات، سه‌ری داخستبوو له به‌رپێی خۆی ده‌ڕوانی، بەبێزارییه‌که‌وه سه‌ری هه‌ڵبڕی و له مامۆستا‌که‌ی ڕوانی و پاشان له‌ژێر لێوه‌وه و به نووزەنووزێک گوتی، ‘به‌ڵێ.’
خوێندنەوە و ڕانان


















