
![]()
نووسینی: باهۆز مستەفا
رۆمانێکی مێژووی سیاسییە، لە سەدەی رابوردووەوە دەست پێدەکات تا دوو هەزار و هەشت. باسی بەیەکدادانی ئاینی و مێژوویی خێزانە جووەکان دەکات لە شارەکانی کوردستان بەگشتی و سلێمانی بەتایبەتی، هەروەها دەچێتە بنجوبنەوانی کێشە و جیاوازی و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دەرودراوسێ و هاوشارییەکانیان، بەتایبەتی جیاوازی ئاینی.
هەر زوو مام سلێمان ئاگاداری خایم دەکاتەوە کە ئێوە جیاوازن لەگەڵ منداڵانی شار؟ ئەم بیرکردنەوە، یان بڵێین پەروەردە خێزانییە وایکردووە منداڵە جووەکان لەگەڵ قوتابییەکان بەیەکەوە دانەنیشن، وای لێدێت ماوەیەکی باش لەگەڵ فوئاد معروف قوتابی قسە لەگەڵ یەکتر نەکەن.
لێرەدا هەست دەکەین خراپی پەروەردە چ کاریگەرێکی نەرێنی هەیە لەسەر بەیەکەوە ژیان و لاوازکردنی گیانی خۆشەویستی لە کۆمەڵگا دا.
دایکی خەونی بوو کوڕەکەی ببێتە حاخام، هەموو یاری و برادەراتییەکی لێسەندرابۆوە، ئەمە وای لە خایم کردبوو هەست بەنامۆی خۆی و دەوروبەری بکات، بەڵام لە سەفەرکردنیان لە سلێمانییەوە بۆ هەولێر تا لەوێش بڕۆن بۆ سەر قەبری پێغمبەر ناحوم لە ئەلقوش، تووشی چەند رووداوێک دەبن ئەو کات هەست بە جیاوازی خۆیان دەکات، کاتێک پۆلیس و مەلای کۆرە دەیانگرن و فڕێیان دەدەنە ناو حەوزی ئاو لەبەر ئەوەی جوولەکەنە و لە رۆژی لەدایکبوونی پێغمبەر هاتوونەتە ناوشار.
پاشان دەچێت بۆ کەرکووک و ماوەیەک لەوێ دەمێنێتەوە لە کنێسەت لەلای شارۆن حاخم دەخوێنێت و لەگەڵ ماتان خەریکی شەراب خواردنەوە و پەیکەرتاشی دەبن، تا لە کۆتای ماتا بێزار دەبێ و بە خواردنی قارچکی حەمرین خۆی دەکوژێ لەبەر نەخۆشی و ستەمی تورکەکان.
هێزی عوسمانییەکان، ئارامییان لە خەڵکی شار و گوندەکان بڕیوە بە گرتن و سەرانە وەرگرتن و بەزۆر فێرکردنی زمانی تورکی، گرتنی خەڵک و رەوانەکردنیان بۆ سەفەربەلیک و نەگەڕانەوەیان، شێخ و مەلاکانی سلێمانی زیاتر ئازاری خەڵکیان دەدا بۆ رازیکردنی تورکەکان، هەندێکجار دووجار سەرانەیان وەردەگرت بۆ خۆیان و بۆ تورکەکان، هەروەها خەڵکیان هاندەدا لەگەڵ تورکەکان دژی رووسەکان شەڕ بکەن بەناوی ئاین لەسەردەمی شێخ محمود، سوڵتانیش، شێخ و مەلاکانی خەڵات دەکرد.
ئینجا سەفەر کردنی بۆ بەغدا بە رێگای کەرکووک و مانەوەی لە ماڵی کانیشا و دروستبوونی یەکەم هەستی خۆشەویستی لە نێوانیاندا.
دوای ژیانێکی دوورودرێژی ئاوارەیی لە دەرەوەی نیشتمان، خایم سەردانی کوردستان دەکات لە تەمەنی ۹٦ ساڵی و لەگەڵ سالار و ئارۆن و خێردا بە دوای گۆڕی مردووانیان دەگەڕێن، بەڵام هەموو شتێ گۆڕاوە و ناناسرێتەوە.
لێرەدا نووسەر دەیەوێت پێمان بڵێ کوردستان هی هەمووانە بە بێ جیاوازی، ئێمە تەنیا جیاوازی ئاینیمان هەیە، ئەوە داگیرکەر و دوژمنانی وڵاتن ئاژاوە و دووبەرەکی لە نێوانمان دروست دەکەن و شێخ و مەلا و ئاغاکانیش بۆ بەرژەوەندی خۆیان ئازاری خەڵکی کوردستان زیاتر دەکەن، تورکەکان رێگا نادەن بە زمانی دایک بخوێندرێت تەنیا زمانی تورکی.
هەروەها بیرمان دەخاتەوە کە جوولەکەکان ماڵ و موڵکێکی زۆریان لە کوردستان هەبوو، کەچی نەک ماڵ بگرە کنێسەتەکانیشیان کراونەتە تەکییە و مزگەوت…
راستە جووەکا داخراون، بەڵام نیشتمانی خۆیان خۆش دەوێت و لە هەر شوێنێک بن یادی کوردستان دەکەنەوە، کەچی ئیسلامی تووندڕەو یەخەیان بەرنادا، ئەوەبوو لە حەیفا خامێ موشێ عەتار دەکوژن.
لە کۆتای دەستخۆشی لە کاک میران ئەبراهام دەکەم بۆ ئەو رۆمانە جوان و پڕ ماندوو بوونە، بابەتەکەی وایکردووە هەست بە درێژدادڕی، یان زۆری لاپەڕەکان نەکەیت.
۷ی فێبریوەری ۲٠۲۱


