
![]()
نووسینی: شوان حوسمان
مەستوورە کاراکتەری ژنێکی بەهێز (بەشی ١)
(مەستوورە)، گێڕانەوەی چیرۆکی دایکانی ئەنفالکراو،ژنێک کە بە رێکەوت لە رووداوێک دەردەچێت و لەگەل مێرد و منداڵە بە ئەنفالکراوەکانی جیا دەکرێتەوەو دەبێتە پالەوانێکی واقیعی ئەو رۆمانە کە بە واقیعیش هەبووە نەک دروستبکرێت..
دایک لەو رۆمانەشدا وەکو پالەوانێک و کاراکتەرێک دووبارە دێتەوە بەر دیدی خوێدنەوە، بەڵام بە شێوەیەکی دیکە و لە کۆمەلگایەکی دیکەی جیادا کە قوربانیە نەک ببێتە خانم و هونەرمەندێک، هەروەها لە چەند وێنەیەکی دیکەش لە سکێچی دایک دووبارە دەبنەوە وەکو دایکی (مەستوورە) و خۆی کە دایکە و دایکی چەند دایکێکیشە، ئەو دایکە بەدبەختانەی دووبارەی کۆمەڵگای ئێمەن بەڵام لە شتێکی دەگمەن نەبێت ئەوەندە جیاواز نین، هەروەها لە نموونەی ئاسکێکی دووگیانی کوژراوییش سکێچی دایکێکی دیکە دێتەوە بەر دیدمان..
لە هەموو حالەتی دایکەکان و لەهەردوو رۆمانیشدا ئەوەی دەگوترێت لەوانەیە ئەوە بێت: ” دایک بۆ ھەموومان چەندجار دایکە وەکو بوونێکی رۆحی و فیزیکی..”، بەڵام بۆ رۆماننووس پاڵەوانێکی بەرجەستەی ناو دەقەکانە، بەلای ئەو دەقێکی بێ دایک بوونێکی ناتەواوی پێنەگەیشتووە.. (مەستوورە) کاراکتەری ژنێکی بەهێزی ناو کۆمەڵگایەکی بێهێزە، ئەو نایەوێت وەکو ئەو خەڵکە داماوە لە کاتی نەگبەتیەکان بەدەم شوکرانەوە بڵێت ” خوا گەورەیە .. خوا گەورەیە ..” روو لە خۆی دەکات و بە خۆی دەڵێت : ” قسەی قۆڕ..ئنجا ئەو خەڵکە قوڕ بەسەرەش زو زوو دەڵێن خوا گەورەیە، ئنجا دەبێت ئەو خوایە پشتیوانی لە کێ بکات..” ڵاپەڕە ١٣٠ کتێبی (خەمی مەستوورە) میران ئەبراهام..
ئەوە ھار پرسیارێکی سادە نیە پرسێکی فەلسەفی کۆ وتازەیە دابێت لەگەلمان بژیت ، بەڵام دواییش کە گوێی لە دەنگی تەقە دەبێت خۆی لەبیر دەچێت و وەکو خەڵکەکە بێئاگایانە دەڵێت خوا گەورەیە.. ئەوە چ ترسێکە باوەڕە لەقەکان قیت دەکاتەوە، یان نوسەر دەیەوێت ئەوەمان پێبڵێت هەر هەموومان وێنەیەکی گچکەی رەسمەکانی کۆمەڵگای خۆمانین، وەکو خوو و نەریت و دیاردە دووبارە دەبێتەوە، بەهەمان شێوەی ئەو ترسە کە لەگەلیدا دەژی، ترسی دەنگی تەقە لە ژیانی ئەودا کە هەمیشە هەبووە و دووبارە بۆتەوە، بەڵام ئەو نەیتوانیوە لەگەلی رابێت چونکە پەیوەندی بە ترس و کوشتن و مردنەکانەوە هەیە کە ناتوانین لەگەلی رابێین تا `ئەوکاتەی بەسەر خۆیدا زاڵ نەبێیت ناتوانێت ترس رام بکرێت، ئەوەش ئەوکاتە دەردەکەوێت کە لە دوا دیمەنەکانی رۆمانەکە بە چەکی (شێخ بایز) ئەو جاشەی لە ترسی خەڵک و پێشمەرگە وەکو خەڵکەکە رادەکات و خۆی بزر دەکات، مێردی دووەمی پاڵەوانیشە، پاڵەوان ئەوکاتە تاکە ژنێکە کە ترس ناناسێت و بە تەنیا بە گەڕەکەکەی دەسوڕێتەوە بە چەکەکە تەقەیەک دەکات، لەو رۆژە ترسێک لە خۆی دەکوژێت..
(جەلەمۆرد) لەو رۆمانە وەکو ناوێک زۆر دووبارە دەبێتەوە چ وەکو شوێنی لەدایکبوونی (مەستوورە) یان شوێنگەی دووبارەببونەوەی تەوەرەکانی ئەنفالەکە، تەنانەت بە (شاخی مۆرد) و دارە بۆنخۆشەکانی (دارمۆرد) یش ئاشنامان دەکات ، نوسەر لەو گوندە گچکەیەوە بەناو پڕۆسەی کارەساتی ئەنفالمان دەبات بە بۆنە خۆش و ناخۆشەکانیەوە..
ئەنفال دەبێتە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی و دووبارە دەبێتەوە لەناو رەوشت و بیرکردنەوەکانمان ئەوەتا لە دیمەنێکی خەڵکی تێنووی ژن و جەستە کە شاڵاو بۆ جەستەی (مەستوورە) دەبەن لە کاتێک بە خواردنی ئەو مورەبایەی کە بە دەستی خۆی دروستی کردبوو ببوو بە کەرەستیەکی ئەلکهولی و سەرخۆش دەبێت، ئنجا بە بنکراسێکی نیمچە رووتەوە دەچێتە ناو بازاڕ..
بازاڕی ئێمە لە هیچ بازاڕێکی بێویژدانی دونیا ناچێت بۆ دەرکەوتنی ژن بە تایبەتی ئەگەر رووت و رەجاڵ بێت، ئەنفال لەوێ دووبارە دەبێتەوە بەڵام لەلایەن گەنج و منداڵی گەلەکەی خۆت، ئەویش بە ناوی شێت و سۆزانی دەستی بۆ دەبردرێت بەڵام لە بنچینەدا یەکیان نیە، جگە لە بێوەژنێکی ئەنفالکراو نەبێت، نوسەر پسپۆڕانە کاریگەری دوو دیمەنی جیاوازی ئاوێتەی یەک کردووە و یەک شتمان پێدەڵێت کە ئێمە کۆمەڵگایەکی روالەتین و لەسەر رواڵەت بە پەلە حوکم دەدەین و بەبێ ئەوەی بیربکەینەوە، هەروەها وێنەی دەروونی کۆمەڵگایەکی داخراو وکەبتکراو بە ئیمانمان بۆ دەخاتە روو کە لەپڕ بۆ شەهوەتی جەستە دەبنە گەلەگورگ و هێڕش دەبەن.
مەستوورە نەزیفبهربوونێکی بەردەوام (بەشی ٢)
(مەجیدە شەل) وەکو پاڵەوانێکی دیار و گرنگ و دووبارەبوونەوەی قوربانی ئەنفالەکان و قوربانی دەست کۆمەڵە، هەروەها کاراکتەرێکی فریشتەیی مەستوورەشە کە هەموو کەڵێنەکانی ژیانی پڕدەکاتەوە بە قسە و هاوکاری کە بزر دەبیت لە راکڕدنەکەی کۆچوڕەودا، سەگێکی شەلی جادەکان دەبێتە برادەر و هاوەڵی مەستوورە کە ناوی لێ دەنێت (مەجی) بە یادی وەفا و بێگەردی (مەجیدە شەل)، نوسەر لەو رۆمانەیدا ئاژەڵ دێنێتە ناو دەەکان و دەیانکاتە پالەوان جارێک وەکو (کتە)ی پشیلە و جارێکیش وەکو (مەجی) ئەوەش دوو رەهەندی لێ دەردەکەوێت کاتێک کە ئاژەڵەکان لە مرۆ دڵنەرمتن، یان لاکردنەوەیە لە کۆمەڵگای دوورخراوی ئاژەڵان و هێنانی وەکو کاراکتەر لە رۆماندا، نوسەر بەبێ کاریگەری کۆمەڵگای رۆژئاوایی نانوسێت کە ئێستا لەناو ئەو باکگراوانەدا دەژیت، لە (شەوگەرەکان) دا هەست ناکەیت کە کەسێکی رۆژهەڵاتی ئەو رۆمانەی نوسیوە، لێرەش لە هێنانی ئاژەڵ بۆ ناوماڵ و روانین لە خوا وەکو ئەوان نەک روانینی خەڵکی ئاسایی رۆژهەڵات…
لێرە لەو رۆمانە هەردوو کاراکتەری ئاژەڵیەکانی ناو رۆمانەکە کەمئەندامن ئەوەش کارێکی بە رێکەوت و بێ پێشینەی بیرکردنەوە نیە، نوسەر وەکو دوو قوربانیش دەردەکەون یەکیان هەردوو چاوی کوێرە و ئەویدیکەش شەلە، لەوانەیە ئەوە پیمان بڵێت کۆمەڵگای سەقەت هەمیشە پەککەوتەیی لە بیرکردنەوە و لە رۆح و جەستەی مرۆکان دووبارە دەکاتەوە و ئنجا دڵی هەر بەوە خۆش نابێت تا ئاژەڵەکانیش پەک نەخات…
(نەزیفبوون) وەکو حالەتێکی چەندبارەی خوێن لەبەرڕۆیشتنی گەلێک، لێرە دووبارەیە وەکو ئەنفال و وەکو بەدەنی گەلێک و ناوگەلی ژنێک کە ناوی موستوورەیە، لە نێوان دوو حالەتی نەزیفدا دوو رانەوەستانی و دوو شوێنی جیاواز خوێنیان لێ دەڕوات،(گەل و ناوگەل) چ پەیوەندیەک هەیە کۆیان دەکاتەوە جۆرەها داڵ و مەدلول لێرەدا لەو رەهەندە زەمەنیانەدا کۆدەبنەوە تا شتێک بڵێن، لەگەل دیمەنەکانی ئەو رۆمانە دەڕۆن و خوێنیان راناوەستێت تا دواجار بەرلەوەی رۆمانەکە چک بکات خوێن لە هاتنی گیان مەستوورەش چک دەکات، هەرچەندە زۆر ئاشکرا نیە بەربوونی خوێنەکە بە چ راوەستا دەبێتە لوغزێک تا بەدوای بگەڕێین، وەکو ئەو لوغزانەی ئاشکرا دەکرێن یان شوێنبزر دەکرێن لە لایەن نوسەرەوە…
نوسەر بوێرانە لێرەش خۆی لە هەندێک چەمکی حەرام و بڤەو لوغز دەدات ، ئەگەر لە دوا ڵاپەڕەش بێت تا لە قەوارە حەرامە نادیارەکانیان پرسێک بێنێتە ناو نوسینی کوردی وەکو چەمکی (زەوق) یان (خوا)، بەڵام جوانترین وەسفی خوا ئەوەیە کە لەگەل کتە پشیلەکەی باسی ناوی خوا دەکات کە لەناو راستگۆیی قسەکاندا پشیلە ئەوەندە گوێی لەو ناوە دەبێت لەپڕ روو لە کتە دەکات و پێی دەڵێت: ” کتە ..ئەوە بە ناوی خۆت تێنەگەیت..”.. “
ئەو قسەیە لەوانەیە بە هەمان ئەو ئاژەڵە ئەگەر ئێمە هەر شتێکمان لە دایک و باوکمان گوێ لێ بیت ئەوە دەڵێین و بیری لێ دەکەینەوە و فێری دەبین ووەکو ئەوانیش بەکاریدەهێنین، ئەگەر هەر کەرەستەیەکمان بەناوی خوا ناوزەد کردبووایە ئەوانیش دەبوونە ئەوەی فێری دەبووین لەو کۆمەڵگا داخراوانە هەندێک شت پیرۆزتر دەکرێن لە هەندێک شوێنی دیکە وەکو هەمان پرسیاری فەلسەفی (نیتشە) کە دەڵێت “ئەوە ئێمە بووین خوامان دروستکرد یان خوای ئێمەی دروستکرد..”
دواڵاپەڕە کتێبەکە پاڵەوانی رۆمانەکە بەدەم گریان و پرس و پرسیارێکی سادەوە لەگەل خوای خۆی نەک خوای کۆمەڵگا بەو شێوەیە قسە دەکات : ” حەزم دەکرد لەم کاتەمدا،قوڵایی دڵمەوە بمتوانیایە بانگت بکەم، دەزانم تۆ دەبوویت بە هێزێک تا وەکو وبەرگەی بگرم، ئیتر پەنات پێ نابەم و ناوت ناهێنم،دڵگرانم، کە دلم لێت رەنجاوە، با بە ناشوکری بێت، من ناشوکرم و منەتم پێت نیە.تەنانەت ئەگەر بۆ زیندووبوونەوەش بێت…
رۆمانووس هەمیشە لە رۆمانەکان کەسێتی بەبایەخ بێمنەت و بوێر و بەهێز لەناو رۆمانەکانیدا دێنێتە بوون کە وەکو کۆمەڵگا بیرناکەنەوە چ لە شەوگەڕەکان بێت یان لە مەستوورە، ئەوەش دەبێتە تایبەتمەندیەکی جیاواز و جێبەجێکردنی ئەرکی ئەدیب، مەستوورەلە پڕۆسەیەکی نەگبەتی لەدایکبووە بەڵام وەکو ژنێکی نەگبەت و بەزیو و لاواز یان تێکشکاوی بێخەون و خەیاڵ و گەڕانەوە نیە، هەمیشە بە خەیاڵ و خەون بۆ گوند و مال و منداڵەکانی دەگەڕێتەوە کە دوا دێرەکانی رۆمانەکە لە نێوان خەون و خەیاڵ و ژیان و مردندا تەواو دەبێت، نوسەر دەیەوێت بڵێت هیچ کەسێک بەبێ بێخەون و بەبێ خەیاڵ ناتوانێت بژیت و بەهێز بێت و هەڵبکات.
سەرچاوە
(خەمی مەستوورە) میران ئەبراهام ساڵی ٢٠٢٠


