Loading

نووسینی: دانا نازه‌نین


من لەبەر ناوی مه‌ستووره دەستم بۆ ڕۆمانەکە برد، چونکە مه‌ستووره لەخەیاڵدانی ئێمەدا ئاماژەیەکی ئیستاتیکی ڕۆمانتیکیانەی هەیە، ئەدەبیاتی ئێمە مه‌ستووره‌ی بەم جۆرە بۆ وێناکردووین، مەحاڵە ناوی ئەستوورە ببیستیت و شۆخێکی نازدار و بەعیشوە بەناوخەیاڵدانتدا گوزەر نەکات. بەڵام میران ئەبراهام ئەم وێنا جوانەی مه‌ستووره لەناو خەیاڵدانت دا وێران دەکات و دەیشکێنێت، وێنە خەیاڵیەکەی مه‌ستووره‌ی مەستانمان (مه‌ستووره‌ی ئه‌رده‌ڵانی)مان بۆ ئاوەژوو دەکاتەوە بە مه‌ستووره‌ی بێکەس و خۆش نەویستراوی دەرکراوی وەلانراو، ئەڵبەتە ئەوە میران نیە ئاوا لە مه‌ستووره دەکات، بەڵکو واقیعی کوردبونی ئێمەیە مه‌ستووره‌کانمان دەشکێنێت و وێرانیان دەکات، میران تەنها دەستمان دەگرێت و مه‌ستووره‌کانمان پیشان دەدات و لەوەهمی مه‌ستووره‌ی بێخەوش بەخەبەرمان دێنێت و تراژیدیای مه‌ستووره‌کانمان بۆ دەگێڕێتەوە.

خەمی مه‌ستووره، تەنها خەمێکی نەژادی و نەتەوەیی-سیاسی نیە، بەڵکو خەمێکی جێندەری و ژن بوونیشە، مه‌ستووره تەنها قوربانیەکی شۆفێنیزم و بەعسیزم نیە، بەڵکو قوربانییەکی مۆراڵه‌ کۆمەڵایەتیە نامەدەنیەکانی کوردبوونیشە. ئەوە کۆمەڵگایە بەر لەهەمووشتێک مه‌ستووره‌ی چادوگەر لە زانین دەخات و کەسیەتیەکی ساویلکەی پێدەبەخشێت و دنیابینیەکی وای پێدەبەخشێت؛ کە هەموو بەڵاکان، قەدەرە بەدەکان، هێزە شەڕانگێزەکان بە سیحر و ئەفسونی ئەهریمەنانە و زکماکیانەی خۆی دەزانێت.

وەک کیژۆڵەیەک و ڕەگەزێکی نەفرینی خوای و شەڕەنگێز و سەربەشەیتانەکان، مه‌ستووره زۆر لە پیکۆلای کارئەکتەری ڕۆمانی (شینترین چاو)ی تۆنی مۆریسن دەکات، کە کیژێکی ڕەشپێستە و ڕەشیەتی و کچییەتی خۆیی لێبۆتە بەڵا و تەوق و سزایەکی ئیلاهی، که خۆی باوەڕی بەوە هێناوە… ڕەشیەتیەکەی هۆکارێکی حەتمی و سروشتی ڕقلێبوون و تەنیابوون و دەرکردنیه‌تی لە کۆمەڵگا.

ئەم دیدگایە لەناو دونیابینی مه‌ستووره‌شدا بەزەقی دیارە، کە پێی وایە کچێتییەکەی وەک نەفرینێکی ئیلاهی کە نازانێ بۆچی لەسەری ئەو سزا دەدرێت. هۆکاری تراژیدیاکانی ژیانیەتی، کە لەڕاستیدا ئەوە خوا نیە سزای دەدات بەڵکو ئیگۆی پیاوانەی ئەقڵیەتی کۆمەڵگای خێڵەکی کوردییە، ئەوە خۆشنەویستنی خدر و بایزی مێردییه‌تی وای لێدەکەن کە لەخۆیدا هەست بەگوناهێکی ئەبەدی و ئەزەلی نادیار بکات. ئەوە توندی و ڕەقی باوکی و شێخ بایزە وای لێدەکات کە خۆی وەک بونەوەرێکی نابوت و نامۆ بێتە پێشچاو… کە تەنانەت پشە و مەجی سەگیش خۆشیان ناوێت. له‌شاری هەولێر شەقامەکانی ئێسکان و قەڵاتێ و گەڕەکی عارەبان لەگەڵ جوانی و زیندووێتی نۆستالۆژیەکەیاندا لای نووسەر، بەڵام لە ساتەوەختی ڕۆمانەکەدا لە بێدەنگیەکی ترسناکی مەرگ ئامێزدایە، بێدەنگی هەولێر تەنها بێدەنگیەکی ساتەوەختی تێپەڕبوو نییە لەناو ڕۆمانەکەدا، بەڵکو بێدەنگییەکە تا مەرگی مه‌ستووره‌یش دەمێنێتەوە، بێدەنگییەکە کە حەرەس قەومی و چەکدارەکان و بارەگاکانی حیزب و دەستەواژە هەڵواسراوەکانی وه‌کو؛ ‘ب ژ ی س ە ر ۆ ک’ شارەکەیان لە جوانییە نۆستالۆژیا و زیندویەتیەکەی دابڕیوە و شارەکەیان کوشتووە، بەڵام مانەوەی بەردەوامی ئەم شارە بەبێدەنگی تا کۆتایی ڕۆمانەکە، بێدەنگییە جێگیرەکەی هەولێر بۆمنی خوێنەر چێگەی تێڕامانە، لەکاتێکدا کە ئەم بێدەنگییە تاوه‌کو ئیمڕۆیش بەردەوامی هەیە، دۆخێکە تا ئاستی یەکبوون چوونیەکە لەگەڵ هەولێری ئیمڕۆدا، کە دەکرێ بپرسین بۆچی ئاوا و لەبەرچی و نهێنی ئەم چەق بەستنە لەبێدەنگیبووندا دەبێت چی بێت؟!