Loading

سەدەیەك درۆ: سەرزەمینێك لە هیتلەر, نیشتمانی سارا بخوێننەوە ( رۆمانێك وەك فیلم)

نیشتمانی سارا، لە نوسینی (میران ئەبراهام)، یەكێكە لەو رۆمانە دانسقانەی كە ئازارت دەدات، ئەو ئازارەی پێت دەڵێت، تۆ نزیكەی سەدەیەكە درۆ دەكەیت، سەدەیەكە درۆت دەرخوارد دەدەن.
ئەم رۆمانە باسی ژیانی شاری سلێمانی دەكات لە سەدەی رابردوو، ئەو دەمەی جولەكە و مەسیحی و موسوڵمان لەم شارەدا ژیاون، پێش ئەوەی زۆرینەی ئێمەی موسوڵمانی رەشۆك و وەلائی بۆ دەسەڵات جولەكە قڕ بكەین و ڕاویان بنێین بۆ تاراوگە یان بۆ خاكی ئیسرائیل.
میران ئەبراهام بە ناوی رۆمان نوسینەوە، مێژوویەكی راستەقینەی شار پیشان دەدات، كەچۆن جولەكان ، زێدی جولەكەكانی شاری سلێمانی، لە ناخ و یادەوەری شاردا دەسڕدرێتەوە.. پێت دەڵێ: چ درۆیەكی گەورەیە بڵێین سلێمانی و كوردستان شوێنی پێكەوە ژیانی ئاشتیانەی ئایینەكانە.
لە نیشتمانی سارادا، ئازار و مەینەتی جولەكەكانی شار دەبینی:
– ناهێڵن تێكەڵ بە گەڕەك و خەڵكی تر ببن
– هەرچی زێرابی شارە بەناو گەڕەكی جولەكان دەروات
– رۆژانە لە دەرەوەی گەرەكی خۆۆیان بە هاندانی دەسەڵات و پیاوانی ئایینی موسوڵمان، بەردباران دەكرێن.
– چۆن موسولمانی ئەم شارە تەنیا خۆی بە كورد دەزانێ و جولەكە بە میوان لەناو شاری خۆی و نیشتمانی خۆی.
– چۆن موسوڵمانی دوو ڕوو، لە پارەی سەرانە و باج سەندن لە جولەكە، دەچێت بە پارەكەی حەج دەكات.
– چۆن دێن دەرۆزە و سواڵ لە جولەكە دەكەن لە گەرەك و قەیسەری نەقیب، بەڵام دواتر جنێویان پێدەدەن و سوكایەتیان پێ دەكەن.
ئەم رۆمانە پێمان دەڵێت، ئەوە تەنیا هیتلەر و دەسەڵاتی سیاسی نیە كە جولەكەیان لە كوردستان بنبڕ كردوە، بەڵكو زۆرینەی موسوڵمانی شار بەشداربون لە ڕاوەدونانی جولەكە، بە بەشداری راستەوخۆ یاخود بە بێدەنگ بون، ئەگەرچی زۆریان هاوشێوەی كەریمی ئەلەكەی مەسیحی دەستگیرۆیی خەڵكی شاریان كردوە لە گرانیدا.
ئەم رۆمانە، مێژویەكی دەقاودەقی ئەو سەردەمەی شارە، مێژووی لەشێوەی رۆمان گێراوەتەوە، بەڵام ئازارت دەدات، بەجۆرێك خەون دەبینی كە بگەڕێیتەوە بۆ ئەو سەردەمە و لەبەردەم گەڕەكی جولەكان بوەستیت و هەر كەسێك لە زەوی بەیت كە دەیەوێ بەرد بگرێتە خایم، یان سارا یان هەر جویەكی تر.
لەم رۆمانەدا دەبینی دەسەڵاتی سیاسی و پارەدارانی موسوڵمان چۆن دەست تێكەڵ دەكەن، كنێستەكان سەرەتا بەناوی چاكردنەوە دادەخەن و دواتر دەیكەن بە مزگەوت، جادە بەسەر گۆڕستانی جولەكەكاندا رادەكێشن، خانوی جولەكەكان دەدەن بە موسوڵمانان و جگە لەو ستەمەش، كاكی موسوڵمان درۆ دەكات كە كڕیویەتی.
میران ئەبراهام باسی ئەو درۆیە دەكات كە هەمیشە و تا ئێستاش دەكرێـ، گوایا گۆڕی جولەكەكان زێڕ و زیوی تیایە، ئەمەش بۆ ئەوەی خەڵكی چاوچنۆكی شار بچن گۆڕەكان هەڵبدەنەوە و گۆڕی جولەكە نەمێنێ، بۆیە سارا بە دەرونێكی شێواوەوە و بە توێی ژێركراسێك خەیاڵی دەیبات بۆ سەر گۆڕستانی جولەكەكان و ئێسك و پروسكیان كۆدەكاتەوە.. دەچێت بەگژ مەلای مزگەوتەكەدا كە لەجێی كنێستەكە نزای تیا دەكەن بۆ خوای موسوڵمانان.. تاڵانی دژی جولكە دەكەن، ماڵ و سامان و مێژوەكەشیان لەبن دێنن، بەڵام سۆفیەكانی هەورامان بە هانایانەوە دێن.
ئەوەی جێی گاڵتەجاڕی یە یەك كەس لە نوسەر و رۆژنامەنوس و ئەدیب و هونەرمەند لەو سەردەمەش باسی ئەو مەرگەساتە ناكەن كە بەسەر جولەكەدا هاتوە لە سلێمانی ( بێگومان لە هەولێر و شارەكانی دیكەش هەروابوە).
نیشتمانی سارا ئەگەر بكرێت بە فیلم، بڕوام وایە هیچی كەمتر نابێت لە شاكارە گەورەكانی جیهان لە شێوەی ( پیانۆ ژەن، ژیان جوانە) كە سەربوردەی تاوانی دژ بە جولەكە دەگێڕێتەوە و خەڵاتی زۆریان بەدەست هێناوە.
میران ئەبراهام هێند دەست رەنگینە، منی موسوڵمان وا لێدەكات هەست بە ئازاری سالار بكەم، كاتێك دەبێتە كۆمەڵە و لە شاری خۆیدا كە ناسنامەی خۆیشی گۆڕیوە بە موسوڵمان، هەر بە شیوعی و پیسی دەزانن.
لەم رۆمانەدا دەزانی درۆ چەند زۆرە لە مێژووماندا، چەندە ئازار لەمێژووماندا هەیە، چەندە پەڵەی پەشم بە ناوچەوان و تەوێڵمانەوەیە.. كاتێك ئەبینی ئەهلی شار، هاونیشتمانی خۆی وا لێدەكات لەناو ماڵی خۆی هەست بە ترس، هەست بە غەریبیەكی قوڵ بكات.
سارا لە رۆمانەكەی میراندا لەدڵەوە ئازاری هەموو جولەكە دەدات بە گوێتا و خایم وەك نالی و سالم سلێمانی و كوردی خۆش دەوێ و دەڵێت:
سلێمانی شاری ئێمەیە، بەر لە دروستبوونی سلێمانی، لە قەڵاچوالان ژیاوین، ئێمە ڕەنج دەدەین و شێخ و دەرەبەگ سەرانەمان لێ دەسەنن
سارا بەر لەوەی بمرێت بە دڵێكی پڕ ناسۆرو ئازارەوە دەڵێ:
زیاتر لە هەزار ساڵە لەلایەن كوردە موسوڵمانەكانەوە، وەكوو قەومێكی زەلیل و داڵدەدراو حسابمان بۆ دەكرێت
سوپاس بۆ سارا، سوپاس بۆ میران ئەبراهام، بۆ ئەو ئازارەی خستیانە دڵمەوە لەوەی من بە ناسنامەش بێ، لێرەم و لە موسوڵمانانی ئێرەم و میراتگری ئەوانەين كە ئەوانی ڕاوەدو ناوە