
![]()
* گرنگی و رۆڵی زمان بۆ ده‌ق چییه، ئایا زمانێكی جوان ده‌توانێت خهوشهكانی رۆمانێك بشارێته‌وه؟
– بێگومان زمان پرسه سه‌ره‌كییه‌كه‌یه، نه‌وه‌ك بوونی ژانره ئه‌ده‌بییه‌كان، به‌ڵكو بوونی مرۆڤ خۆی به‌بێ ئاخاوتن و به‌كارهێنانی زمان ده‌كه‌وێته ژێر پرسیاره‌وه و ده‌چینه ریزی گیاندارانه‌وه، ئه‌وه زمانه ئێمه له بوونه‌وه‌رانی تر له‌سه‌ر ئه‌م زه‌وییه جیا ده‌كاته‌وه، هه‌روه‌ها هه‌موو مرۆڤایه‌تی به‌تایبه‌تی خوداوه‌نده‌كانیش له رێگای زمان و گێڕانه‌وه‌وه ئێمه‌ی مرۆڤ ده‌دوێنن، ئه‌وه‌تا ئایینه‌كانیش بێجگه له هێزی زمان و گێڕانه‌وه هیچی تر نین و له كتێبه‌كانی تر زیاتر و كه‌متر نین، كه‌واته خوداوه‌ندیش له سایه‌ی زماندا هه‌یه و خاوه‌نی كتێبه. من پێموایه كه‌ره‌سته‌ی زمان گێڕانه‌وه‌یه، هه‌رچه‌نده بۆچوونه‌كان جیاوازن و هه‌ندێك بیرمه‌ند به پێچه‌وانه‌وه لێی ده‌ڕوانن. ئێمه به‌رده‌وام رۆژانه و له هه‌موو جێگا و شوێنێك، خه‌ریكی گێڕانه‌وه‌ین، هه‌ڵبه‌ت پێش ئه‌وه‌ی ئێمه ئه‌و گێڕانه‌وانه فۆرمێكی هونه‌رییان پێ بده‌ین و بچنه نێو كتێبه‌كانه‌وه.
به‌رهه‌می خه‌یاڵ و سه‌لیقه‌ی گێڕانه‌وه گرنگی خۆی هه‌یه، به‌ڵام به‌بێ بوونی زمانێكی ره‌وان و تۆكمه هونه‌ری گێڕانه‌وه‌مان گه‌یاندنی ناته‌واو ده‌بێت. به‌ڵام له هه‌مانكاتیشدا من پێم وا نییه، زمانێكی جوان بتوانێت خهوشهكانی هونه‌ری گێڕانه‌وه و به‌تایبه‌تی رۆمان بشارێته‌وه.
* رۆمانه‌كانت زیاتر ده‌چنه بابی رۆمانی مێژووییه‌وه، بۆچی رۆمانی مێژووییت هه‌ڵبژاردووه؟
-ئه‌وه‌ی تاكی میلله‌تانی تر هه‌یانه و ئێمه لێی بێبه‌شین، پرسی شوێن و شوناسه، كه به‌سه‌ر هه‌موو تاكێكی كورده‌وه بووه به بارگرانی و ده‌توانم بڵێم تووشی جۆرێك له خه‌مۆكی كردووه، له‌به‌رئه‌و هۆكاره‌یه كه من رۆمانی مێژوویی ریالیزمم هه‌ڵبژاردووه، كه له‌ڕاستیدا پێش ئه‌وه‌ی بنووسم، سه‌رسام بووم به شه‌پۆلی هونه‌ری (ئیمپرشیۆنیزم) ئه‌ویش دهربڕینخوازییه، له قوتابخانه‌ی ریالیزمه‌وه نزیكه و پشت به پێنج هه‌سته‌كه‌ی مرۆڤ ده‌به‌ستێت. من پێویستیم به شێواز یان فۆرمێكی هونه‌ری هه‌بوو، تاوه‌كو له رێگایه‌وه بتوانم شوناس و پرسی مێژووی میلله‌ته‌كه‌م بهێنمه‌وه به‌رباس. كه هه‌ست ده‌كه‌م بۆ ئێمه‌ی كورد وه‌كو ده‌رمان پێویسته. ئه‌وه راسته، ته‌واوی كاره‌كانی من چیرۆكی مێژوویی ریالیستین، ده‌توانم بڵێم ته‌واوی رۆمان و چیرۆكه‌كانی من، باس له قۆناخێكی گرنگی مێژوویی ده‌كات، كه شوێن و كاتی رووداوه‌كان له هه‌لومه‌رجه كۆمه‌ڵاتییه‌كان و دابونهریتهكانی رابردوودا بوونیان هه‌بووه، من دێم و به شێوه‌یه‌كی هونه‌رییانه و واقیعییانه نمایشیان ده‌كه‌مه‌وه، كه له‌گه‌ڵ واقیعی مێژوویی ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا هاوشێوه‌ن. هه‌روه‌ها كاره‌كته‌ره‌كان مێژوویی و راسته‌قینه‌ن، كه من جارێكی تر خوێنه‌ر ئاشنا ده‌كه‌مه‌وه پێیان و ئه‌وه به خوێنه‌ر ده‌ڵێم؛ كه ئه‌و رووداوانه چی كاریگهرییهكییان به‌سه‌ر ته‌واوی كۆمه‌ڵگه‌وه هه‌بووه. ده‌مه‌وێت دونیایه‌ك دووباره له فۆرمێكی هونه‌ریدا دابڕژێمهوه، كه ئێمه ئێستا له سروشتی مرۆڤه‌كانی ئه‌وسا رابمێنین.
شوێن و كات و شوناس، له هونه‌ری گێڕانه‌وه‌ی ریالیستی و مێژوویی‌دا گرنگن، ئه‌وانه‌شی خۆمان یان شوێنێك له رووداوه‌كانی كوردستان به لۆكاڵ ناو ده‌به‌ن، من لێره‌دا له‌سه‌ر ئاستی جیهان نموونه‌یان بۆ ناهێنمه‌وه، به‌ڵكو ئه‌وه ده‌ڵێم، كاتێك ئێمه‌ی مرۆڤ بیرمان له نووسین كرده‌وه، به‌تایبه‌تی داهێنانی ژانرێكی وه‌كو رۆمان، پێم وا بێت ته‌نیا بۆ خود و ئه‌وانی تر نووسینه‌وه بوو.
له كاتێكدا له بواره‌كانی هونه‌ر و ئه‌ده‌بدا، گه‌لێك شێواز و قوتابخانه‌ی هونه‌ری و ئه‌ده‌بی بوونیان هه‌یه، منێكی نووسه‌ر ناتوانم بڵێم من حه‌قم به‌سه‌ر ستایلی ئه‌ده‌بی و ژانر و قوتابخانه ئه‌ده‌بییه‌كانه‌وه نییه و من جیاوازم و هیچ ره‌نگێك نانوێنم و ئیشی من تێكه‌ڵه‌یه‌كه له هه‌موویان و سه‌ر به هیچ كامیشیان نییه. من ئه‌مه وه‌كو ئیشێكی هه‌ڕه‌مه‌كی و كۆلكهكار ده‌بینم.
هه‌روه‌ها ئه‌مه هه‌وڵێكی منه، وه‌كو تاكێكی نێو ئه‌و میلله‌ته، كه من وه‌كو نووسه‌ر یه‌كێكم له هه‌زاران و له ئاستی یه‌كه‌مدا بۆ خۆم ده‌نووسم و به‌بێ منه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌وانی تردا به‌شی ده‌كه‌م، كه ئه‌وانیش خوێنه‌رانی كوردن. پاشان ئه‌وانیش سه‌ربه‌ستن، ئه‌گه‌ر له‌زه‌ت و تام و بۆنی هه‌ناسه‌ی منیان به دڵ نه‌بێت، ئه‌مڕۆ چی زۆره… نووسه‌ر و كتێب! من خۆم بۆ خوێندنه‌وه، به‌رده‌وام به‌سه‌ر نووسه‌رانی جیهاندا ده‌گه‌ڕێم، به‌ڵام له‌زه‌تی چیرۆك و رۆمانی كوردیم له‌لا خۆشتره، بۆ نموونه (رشته‌ی مرواری)م له هه‌موو كتێبه‌كانی دونیا له‌لا خۆشه‌ویستتره، هیوادارم خوێنه‌رانی كوردیش به‌سه‌ر نووسه‌راندا بگه‌ڕێن و كه‌سیان له‌لا پیرۆز نه‌بێت، به‌ڵكو ته‌نیا له‌زه‌ت له خوێندنه‌وه‌ی چیرۆكه‌كان ببینن.
* تا چه‌ند گرنگه و پێویسته كاره‌كته‌ره مێژوویی و واقیعییهكانی كۆمه‌ڵگه له ده‌قی ئه‌ده‌بیدا زیندوو بكرێنه‌وه؟
– ئێمه ئه‌گه‌ر سه‌ره‌تای نووسینی رۆمانمان له ساڵانی سی و چلی سه‌ده‌ی رابردووه‌وه ده‌ستیپێكردبێت، كه‌واته زمان و فه‌رهه‌نگ و خوێنه‌ری كورد هێشتا رۆمانی مێژوویی و هه‌ندێك له قوتابخانه ئه‌ده‌بییه‌كانی ئه‌زموون نه‌كردووه، كه ده‌ستپێكی راسته‌وخۆ به رۆمانی مۆدێرن و پۆست مۆدێرن بووه. له كاتێكدا ئێمه‌ی كورد ده‌ستپێكێكی هونه‌ری و ئه‌ده‌بی و رێنیسانسێك قه‌رزدارین. كه ئه‌ویش ئه‌زموونكردنی قوتابخانه ئه‌ده‌بییه‌كانه. بێجگه‌له‌وه‌ی له زمان و فه‌رهه‌نگی ئه‌وسا و ئێستاشماندا، جۆرێك شه‌رم و ترسمان له شوناس و مێژووی خۆمان هه‌یه، كه ئه‌ویش كاریگه‌ری سه‌دان ساڵ ژێرده‌سته‌یییه، په‌روه‌رده‌كاری ئێمه‌ی كورد مامۆستای زمان و فه‌رهه‌نگی فارس، تورك و عه‌ره‌ب بوون، هه‌روه‌ها ئه‌وان مێژوو رووداوه‌كانی ئێمه‌یان نووسیوه‌ته‌وه… ئێمه په‌روه‌رده‌ی ده‌ستی عه‌قڵییه‌تی ئه‌وانین. كه تاوه‌كو ئه‌مڕۆش كاریگه‌رییه‌كه‌ی دیاره، هاوشێوه‌ی مرۆڤه ره‌شپێسته‌كان و هیندییه سووره‌كانی ئه‌مریكا، كه تاوه‌كو ئه‌مڕۆش هه‌ناویان بۆنی ئاره‌قه‌ی كۆیله‌یه‌كی لێ دێت. هونه‌ری گێڕانه‌وه‌یان به زمان و ستایلی پێست سپییه‌كانه. وه‌كو ئه‌وان… كاریگه‌ری شه‌رم له‌خۆ كردن و خۆ به كه‌م زانین به سه‌ر رۆحی هه‌موو تاكی كورده‌وه دیاره، به‌تایبه‌تی نووسه‌ره‌كانمان، كه به‌بێ ئه‌وه‌ی هه‌ست به خۆیان بكه‌ن له ناوهێنانی خۆی و شوێن و شوناسی خۆی راده‌كات و سه‌رجه‌م چیرۆك و مێژووی خۆی ده‌كات به جۆرێك له وههم. نموونه‌ش بۆ ئه‌وه؛ له زۆربه‌ی چیرۆك و رۆمانه كوردییه‌كاندا، نووسه‌ره‌كانیان ئاماده‌ن ناوی، ئیسته‌نبوڵ، تاران، به‌غدا به‌رن، به‌ڵام ئاماده نین، ناوی شوێنێك یان شارێكی خۆیان ببه‌ن، ئه‌مه هۆكاره‌كه‌ی ئه‌وه‌یه هێشتا ئه‌وانه شه‌رمێك خه‌یاڵ و هزریانی داگیر كردووه و به ناوه‌ڕۆكی نووسینه‌كانیانه‌وه دیاره. ئێمه هه‌ندێك چیرۆك یان رۆمانمان له‌سه‌ر ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه هه‌یه، ئه‌گه‌ر ناوی نووسه‌ره‌كانیان لێ بكه‌یته‌وه نازانیت ئه‌و تاوانانه له كوێی دونیا روویانداوه. له‌و فه‌زا كوردییه‌دا ئه‌گه‌ر كه‌سێك بێت و جیاواز له‌سه‌ر چیرۆكی خۆمان و مێژووی خۆمان هه‌ڵوێسته بكات، ئه‌وا بۆ هه‌موان ده‌بێته جێگای پرسیار. به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه بزانین كه نووسه‌رێكی وه‌كو من به چیرۆكه‌كانم ته‌نیا خه‌ریكی شكاندنی ئه‌و شه‌رمه مێژوویییهم. بۆ پاڵپشتی ئه‌م لێدوانه‌م، ده‌مه‌وێت لێره‌دا ئاماژه به لێدوانی دوو نووسه‌رمان بده‌م، كه له‌سه‌ر ئه‌م خاڵه هه‌ڵوێسته‌یان كردووه:
رێبوار سیوه‌یلی: هیچ لایه‌ك خودی خۆی وه‌ك كورد ناوێت و له خۆی راده‌كات. ئه‌م دابه‌شبوونه به‌سه‌ر بێگانه‌دا، خۆ ره‌تكردنه‌وه‌یه. ئه‌مه‌ش پنتێكی دیكه‌ی هاوبه‌ش دروست ده‌كات كه بریتییه له: بێگانه‌په‌رستی و داگیركهرپهرستی. هه‌میشه‌ش له نێوان ئه‌وانه‌ی بێگانه، دوژمن، داگیركه‌ریان ده‌وێت و ده‌یپه‌رستن له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی سه‌ربه‌خۆییان ده‌وێت، نایه‌كسانییه‌كه به‌لای دووه‌میاندا ده‌شكێته‌وه.
ئیسماعیل حه‌مه‌ئه‌مین: نووسه‌رانی نه‌وه‌ی جه‌نگ چیتر نه‌یده‌توانی هه‌موو ئه‌م كاره‌سات و ماڵوێرانی و جینۆساید و ئه‌نفال و كوشتار و دڵشكانه خودی و سیاسییه، هه‌روا له‌بیر بكات، هه‌ر بۆیه به خه‌یاڵی رۆماننووسانه كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌و شوناسه ونبووه كوردییه بوو، كه رووبه‌رێكی فراوانتری ده‌به‌خشییه گوزارشتكردن. بێگومان لای هه‌ندێكیان هونه‌ری رۆمان رووبه‌رێكی ئه‌بستراكت بوو بۆ راكردن له‌و خوده كوردییه، به جۆرێك، رۆمان له خه‌یاڵی ئه‌ده‌بییه‌وه بووه فه‌نتازیایه‌ك بۆ له‌بیركردنی ئه‌و شوناسه كوردییه‌ی كه ئازاری داون و به‌ره‌و مه‌نفاكان راپێچی كردوون. ئه‌و نووسه‌رانه‌ی له پشت زاڵكردنی فه‌نتازیایه‌كی بێ شوێن و شوناسی كوردیی بوون، ئه‌و نووسه‌رانه بوون له رووی سایكۆلۆژییه‌وه، نه‌ستیانه، ناخودئاگایانه، به‌هره‌ی نووسینیان كرده ده‌ریچه‌یه‌كی راكردن له كوردبوون و شوناسه ئاڵۆز و بێ قه‌واره‌كه‌ی.
* ئایا تۆ له رۆمانهكانتدا ئه‌م كاره‌كته‌رانه وه‌كو خۆیان به‌كارده‌هێنێ یان ئازادانه گۆڕانكاری له كهسایهتییهكانیاندا ده‌كه‌یت؟
-له‌كاتێكدا ده‌زانین هه‌موو مێژووی كورد، ده‌ماوده‌م به ئێمه‌ی نه‌وه‌ی ئێستا گه‌یشتووه، من كاتێك له گه‌ڕاندا بووم، یان باشتره بڵێم، ریسێرچم بۆ رۆمانی خانه‌قای میرزا ده‌كرد، ئه‌رشیفێكی شارنه‌بوو بچم به دوای سه‌رچاوه‌كاندا بگه‌ڕێم، به‌ڵكو ده‌توانم بڵێم له سه‌دا حه‌فتای مێژوووهكه به‌ده‌می له‌وانی ترم بیستووه، كه ئه‌وانیش له كه‌سوكار و خه‌ڵكانی تریان بیستبوو، كه‌واته ئه‌مه خۆی جارێك یان دوان به فیلته‌ری خه‌یاڵی ئه‌وانی تردا تێپه‌ڕیوه و به خه‌یاڵ كراوه و كه‌م یان زۆر گۆڕانكاریشی به‌سه‌ردا هاتووه. كه‌واته ئه‌مه به‌رهه‌می خه‌یاڵه. ئه‌وه‌ی له‌م جۆره له چیرۆك یان رۆمانانه تێ ناگات، له‌وه بێئاگایه قوتابخانه هونه‌ری و ئه‌ده‌بییه‌كان چه‌شنیان زۆره. كاتی خۆی من ئه‌وه‌م له خه‌ڵكی بیست؛ كه عه‌زیزی میرزا كه‌ریم له كاتی مه‌نعه‌ته جهولهكهی ساڵی 1963دا بۆ چاره‌سه‌ری نه‌خۆشی دایكی بۆ به‌غدا ده‌بات. پاشان ئه‌وه‌شیان ده‌گوت: كه حه‌لاوه‌خانی دایكی له‌وێ ده‌مرێت و سێ جار به لۆرییه‌كه‌ی ده‌یهێنێته جه‌له‌ولا و رێگای پێ ناده‌ن بگه‌ڕێته‌وه بۆ سلێمانی… ته‌نیا ئه‌وه‌نده و به‌س. كه‌واته من لێره‌دا پێویستم به هێزی خه‌یاڵ و توانای هونه‌ری گێڕانه‌وه‌یه، دووباره ئه‌و فه‌زایه‌ی ئه‌و رۆژانه بخوڵقێنمهوه، كه‌واته ئه‌گه‌ر ئه‌مه هونه‌ر نه‌بێت و به‌رهه‌می خه‌یاڵی خۆم نه‌بێت… ئه‌ی چییه؟ خۆی له راستیدا تێگه‌یشتن له هونه‌ر جۆرێكه له هونه‌ر، له كاتێكدا ئێمه باس له هونه‌رێكی ته‌واو ئه‌بستراكت ده‌كه‌ین، كه وشه‌ی (باش و خراپ و جوان و ناشیرین) هه‌ڵناگرێت.
* هه‌ندێك كاره‌كته‌ری واقیعی له ژیانی خۆیاندا كه‌موكوڕی و لارولهوێریان هه‌بووه، ئایا تۆ خاڵه سلبییه‌كانی ئه‌م كاره‌كته‌ره واقیعییانه ده‌خه‌یته‌ڕوو یان ته‌نها لایه‌نه ئیجابییهكانیان باس ده‌كه‌یت؟
– من چیرۆكی ریالیستی ده‌گێڕمه‌وه و به قوتابخانه‌ی ریالیزم سه‌رسامم، كه‌واته كاره‌كته‌ره‌كانم وه‌كو ئه‌وه‌ی كه له كات و سه‌رده‌می خۆیاندا هه‌بوون. له گێڕانه‌وه‌دا هیچ نهێنییه‌كم نییه و چیرۆكه‌كانم خۆیان هه‌بوون و من ته‌نیا رووناكیان ده‌خه‌مه سه‌ر. كه ده‌گه‌ڕێمه‌وه نێو مێژوو، هیچ كه‌سێك له‌لام پیرۆز نییه، هه‌روه‌ها مه‌به‌ستم ئه‌وه‌نییه له پیرۆزی كه‌س كه‌م بكه‌مه‌وه، ئه‌وه مه‌به‌ستی من نییه، به‌ڵكو دووباره هێنانه‌وه‌یانه بۆ نێو ده‌قێكی ئه‌ده‌بی و نمایش كردنهوهیانه، چونكه له نووسیندا من هه‌رگیز لایه‌نگر نیم. ئه‌وه ئیشی خوێنه‌ره چۆن دووباره لێیان ده‌ڕوانێت. ئاگاداری ئه‌وه‌م كه سه‌رده‌می چیرۆكی پاڵه‌وان به‌سه‌رچووه و ئێستا ئێمه‌ی نووسه‌ر، له چیرۆكهكانماندا پێویستمان به كاره‌كته‌ره. له ژیانی رۆژانه‌مدا و هه‌روه‌ها له چیرۆكه‌كانمدا هه‌رده‌م زیندووهكان له مردووه‌كان گرنگ تر و پێویست ترن. ئه‌وه‌نده‌ی چاوم له‌سه‌ر دیمه‌نێك یان رووداوێكی گشتگیره ئه‌وه‌نده كه‌سایه‌تی یان ناودارێكی مێژووی نابینم. بێگومان هه‌موو كاره‌كته‌رێك وه‌كو خۆی، ئه‌وه‌ی كه هه‌یه، وێنا یان به‌رجه‌سته‌ی ده‌كه‌م و رێگای پێ ده‌ده‌م به‌زمان و شێوازی خۆی نمایش بكاته‌وه، به‌بێ ئه‌وه‌ی وه‌كو نووسه‌ر بچمه به‌رگییه‌وه و له رێگا و زمانی ئه‌و كاره‌كته‌ره‌وه، به‌شداری بكه‌م و فه‌لسه‌فه لێ بده‌م و وههم و بێزارییه‌كانی خۆم به‌رامبه‌ر به كۆمه‌ڵگا و ژیان ده‌رببڕم.
به‌بۆچوونی من ئه‌و نووسه‌رانه‌ی له رێگه‌ی نووسینه‌كانیانه‌وه ده‌یانه‌وێت ئامۆژگاری خه‌ڵكی بكه‌ن، ئه‌وانه به هه‌ڵه له ئه‌ده‌ب تێگه‌یشتوون و ئه‌وه ئیشی بواری ئه‌ده‌ب به‌تایبه‌تی هونه‌ری گێڕانه‌وه نییه، ئیشی هونه‌ری گێڕانه‌وه ئه‌وه‌یه كه ته‌نیا پرسیار دروست بكات، ئه‌وانه‌ی كاره‌كته‌ره‌كانیان داگیر ده‌كه‌ن و له رێگای ئه‌وانه‌وه ده‌فه‌لسه‌فێنن و ئامۆژگاری خوێنه‌ر ده‌كه‌ن، ئه‌وانه نه‌خۆشی جۆرێك له خه‌ونی به پێغه‌مبه‌ر بوونیان هه‌یه.
* له رۆمانهكانتدا گرنگی به رووداو چیرۆكی ئه‌و ستهمكاریانه ده‌ده‌یت كه به‌رانبه‌ر به جوو كراوه، ئایا توانیوته حه‌قی خۆیان پێ بده‌یت؟ ئه‌و چیرۆكانه رێك وه‌كو خۆیان ته‌وزیف ده‌كه‌یت یان گۆڕانكارییان تێدا ده‌كه‌یت؟
– ته‌نیا شت كه ئێمه له ئێستاماندا له ده‌ستمان بێت و بتوانین بیكه‌ین، نووسینه‌وه‌ی مێژوومانه، به‌ڵام به مه‌رجێك شوناس و شوێن و كاره‌كته‌ری نێو ئه‌و مێژووه نه‌كه‌ین به وههم، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ته‌واو ناوی ده‌قی خه‌یاڵی لێ بنێین، ئه‌وه‌نده شوناسه‌كه‌یان نهشۆیتهوه ره‌نگی سروشتی خۆیان له‌به‌ر داماڵین، ئه‌وه ریسكێكی نه‌بینراوی هونه‌ری گێڕانه‌وه‌یه. نازانم ئایا چیرۆكه‌كانی من له ئاستی ئه‌و رووداوانهدان، ئه‌وه ده‌بێت خوێنه‌ر یان ئه‌كادیمیسته‌كان بڕیاری له‌سه‌ر بده‌ن، من ئه‌وه‌ی به پێویستم زانیوه كردوومه و له دووتوێی كتێبێكدا و له فۆرمی رۆمان‌دا نووسیومه، به خۆشحاڵییه‌وه گه‌لێك شایه‌تحاڵ له ژیاندا ماون و كتێبه‌كه‌یان خوێندووه‌ته‌وه، هه‌ڵبه‌ت لێره‌دا ئێمه مه‌به‌ستمان له رۆمانی نیشتمانی سارایه. وه‌كو خۆیان ته‌وزیفیان ده‌كه‌م یان گۆڕانكارییان تێدا ده‌كه‌م؟ لێره‌دا خۆم دووباره ناكه‌مه‌وه، پێویسته خوێنه‌ران له‌وه تێ بگه‌ن كه قوتابخانه و شه‌پۆله هونه‌ری و ئه‌ده‌بییه‌كان گه‌لێكن و با خۆیان چیرۆك یان رۆمانه‌كان پۆلێن بكه‌ن.
* لهبهرنامهتدا هه‌یه به‌رهه‌می داهاتووت له‌سه‌ر بابه‌تێكی جیاوازبێ، یان له‌سه‌ر تراژیدیاكانی دیكه بێ، یان هه‌ر دیسانه‌وه خۆت بۆ چیرۆكێكی دیكه‌ی سته‌مكاری به‌رانبه‌ر به جووه‌كان ئاماده‌كردووه؟
-بێجگه له رۆمانی نیشتمانی سارا، رۆمان و چیرۆكه‌كانی ترم، پرس یان گێڕانه‌وه‌ی ئه‌وانی ترن، خه‌می من وه‌كو نووسه‌ر ته‌نیا مێژووی كه‌مینه‌یه‌كی زۆر بچووكی ناو میلله‌تێكی شه‌ست ملیۆنی نییه، كه ده‌توانم بڵێم له‌سه‌ر خاكی كوردستان هه‌ر بوونیشیان نه‌ماوه، به‌ڵكو من به شانازییه‌وه خاوه‌ندارێتی له ته‌واوی مێژووی رووداوه‌كانی میلله‌تی كورد ده‌كه‌م. بێجگه له‌وه من وه‌كو مرۆڤێكی سه‌رده‌مه‌كه‌ی خۆم، ته‌نیا بیر له ئێش و ئازای مرۆڤ ناكه‌مه‌وه، به‌ڵكو خه‌می من سه‌ربه‌ستی ره‌ها و پێكه‌وه ژیان و پاراستنی ژینگهمانه، ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ر خاكی كوردستان جێگایان نابێته‌وه و په‌راوێز ده‌خرێن… ئیتر پێ ده‌چێت گیانداران بن، من گرنگییان پێ ده‌ده‌م و له چیرۆكه‌كانمدا درێژه به ژیانی خۆیان ده‌ده‌ن. له وه‌ڵامی پرسیاری گۆڤارێكدا، له‌سه‌ر رۆمانی نیشتمانی سارا ئه‌م چه‌ند دێڕه‌م گوتووه: ده‌توانم بڵێم؛ ته‌مه‌نێك بوو بارگرانی خه‌یاڵی ئه‌م رۆمانه‌م به كۆڵه‌وه بوو، ئه‌گه‌ر راستگۆبم له‌گه‌ڵ خوێنهرانمدا، من به‌نیاز نه‌بووم له‌و كتێبه‌م زیاتر بنووسم، ئه‌وه‌ش مێژوویه‌ك بوو بۆ شوناسی كورد و به‌تایبه‌تی سلێمانی زۆر به پێویستم ده‌زانی. ئه‌گه‌ر نووسه‌رانێك تاوه‌كو ئه‌و رۆژه‌ی ره‌شنووسی رۆمانه‌كه‌م نارد بۆ چاپخانه، ته‌نیا یه‌ك دێڕ یان وشه‌یان له‌و باره‌وه بنووسیایه، ئه‌وا من ئه‌وه‌ی خۆمم به پێویست نه‌ده‌زانی و له بڵاوكردنه‌وه‌ی په‌شیمان ده‌بوومه‌وه، به‌ڵام به داخه‌وه‌م، ئه‌و ئه‌ركه كه‌وته سه‌ر شانی من و به‌پێویستم زانی ئه‌و راستییانه بگوترێت، ئه‌ویش له‌به‌ر رۆحیانه‌تی ئه‌وان و ساغكردنه‌وه‌ی شوناسی شاری سلێمانی.


