واقیع و مێژوو هەمیشە ئامڕازێکی گرنگی نووسەرەکانی دنیا بوون، زۆر نووسەرانی دنیا بۆ چنینەوەی ڕووداوەکانی ڕۆمانەکانییان پەنایان بردووه‌ته بەر واقیی ژیانی خۆیان، یان هیی خەڵکی، بێگومان مێژوویش لەم ڕووەوە سەرچاوەیەکی بەبەهای گەلێك لە نووسەرانی دنیا بووە. لەم نێوەندەدا، لە ڕووی هونەری نووسینەوە، هەندێك نووسەر هێندە سەرکەوتووبوون، ڕۆمانەکانیان چەندە باش بووە، هێندەیش جوان بووە. کەواتە، بێ هیچ گومانێک ڕۆمانی باش هه‌یه و هیی جوانیش هه‌روه‌تر. بۆیه ده‌بێت باش و جوان لێكدی جودابكه‌ینه‌وه. ده‌كرێت ده‌قه باشه‌كه وای كردبێت، به جوانییه‌وه لێی بنوارین و به باشیش ناوزه‌ندی بكه‌ین، ده‌شكرێت هه‌ر ئه‌مانه وای كردبێت ڕاستی پێ بنووسرێته‌وه، نه‌ك ئه‌ندێشه. ئیڤان بوونین ده‌ڵێت: (ڕۆمانی باش به ڕسته‌یه‌كی ڕاسته‌قینه ده‌ست پێ ده‌كات. به‌ڕاستی ڕسته‌ی یه‌كه‌م ڕۆڵی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی هه‌یه، ئه‌وه به پله‌ی یه‌كه‌م قه‌باره‌ی كاره‌كه و ده‌نگی دیاری ده‌كات.)
پێوه‌ره‌كانی باشی و جوانی ده‌ق زۆرن تاكو له باره‌یانه‌وه بنووسین، به‌ڵام ئه‌وه‌ی لێره‌دا پێویسته بیڵێم بۆ هه‌ردووكیان، داڕشتنی ڕاستیی ژانرهكهیه، تاچه‌ند پێویست ده‌كات نووسه‌ر له ڕۆمانێكی مێژوویی‌دا له‌گه‌ڵ خۆی و ئێمه‌دا ڕاستگۆ بێت، هه‌ر ئه‌و ڕاستگۆییه وای كردووه ده‌قێكی باش و جوان بئافرێنێت، بۆیه تاڕاده‌یه‌كی زۆر جوانی و باشی له ده‌قدا ته‌واوكه‌ری یه‌كدین.
له ڕۆمانی (خانه‌قای میرزا)ی (میران ئه‌براهام)دا، هەم واقیع و هەروەها مێژوویش ڕۆمانێکیان خوڵقاندووە، کە باشە و جوانیشە. لەم دەروازەیەوە دەمەوێت لەم نووسینەمدا، بگەڕێم بە دوای توخمەکانی جوانی و باشی له ڕۆمانه‌كه‌دا. لەبەر ئەوە له دێڕه‌كانی دواتری نووسینه‌كه‌مدا، هەوڵ دەدەم باشییه‌كانی تری ڕۆمانه‌كه به ئاستی توانای خۆم شرۆڤە ده‌كه‌م.
خانه‌قای میرزا، نووسینی میران ئه‌براهام، له ناوه‌ندی كه‌پر ساڵی ٢٠٢٣ له دوو توێی کتێبێکی ٤٠٠ لاپهڕەیدا چاپ و بڵاو كراوه‌ته‌وه. نووسه‌ر، له خانه‌قادا، ویستوویه‌تی مێژووی ساڵانی سیی تاكوو پێش ڕاپه‌ڕین، كه نێزكی حه‌فتا ساڵ ده‌بێت، به ئه‌ده‌بێكی پاك پێشكێشمان بكات، بێگومان، نووسینی ڕۆمانێكی وه‌ها، کە پشتی بە واقیی سیاسی و کۆمەڵایەتی قۆناغێکی گرنگی کورد بەستووە، توانایی زۆری گه‌ره‌كه. پاك به‌و چه‌شنه‌ی هێند ڕاسته‌قینه دایڕشتووه، كاتێ به‌ر ڕووداوه‌كان ده‌كه‌وین، ساده و ڕاستگۆیانە به‌ری ده‌كه‌وین، نه‌ك ئاڵۆز. بگره به شێنه‌یی توخنی مێژوویش كه‌وتووه و باش حاڵیمانی كردووه ده‌یەوێت له‌سه‌ر چ بوارێك ڕاوه‌ستێت.
زۆر جار یاداشتهڕۆمان له‌سه‌ر زۆر لایه‌ن ده‌وه‌ستێت، بۆ نموونە، بەڵگە و دیکۆمێنت و ڕووداوی ڕاستەقینەی مێژوو… هتد، کە “میران” به‌ده‌ر نه‌بووه لەم لایەنانە و بە وردی گەڕاوەتەوە سەریان و سوودی لێوەرگرتوون.
له خانه‌قادا، وەک ئاماژەم بۆ کردووە، په‌نجه‌ی له‌سه‌ر لایه‌نی (سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری، ئاینی) داناوه و تێر و ته‌سه‌ل باسیان ده‌كات، جگه له‌وه‌یش به‌ر چه‌ندین كاره‌كته‌ر و شاعیر و پیاوی ئاینی و سیاسی ده‌كه‌وین، کە لەو سەردەمانەدا ژیاون، لەم ڕۆمانەدا ڕۆڵیان هەیە و مافی به تیكرایان داوه، به‌ڵام به كات و شوێنی خۆیان، كاره‌كته‌ره‌كانی نێو ڕۆمانه‌كه ڕاستهقینهنەن، من ناوی زۆرینه‌یانم له كتێبه‌كانی خوێندنگه‌دا ژنهفتبوون و خوێندوونه‌ته‌وه. نووسەر زۆر جوان كاره‌كته‌ره‌كانی به شوێن و كات جووڵاندووە. لەم ڕووەوە لەڕووی ڕێبازی هونەرییەوە، تەواو پابەندی ڕێبازی ڕیالیزم بووە.
ڕووداوه‌كانی نێو ڕۆمانه‌كه زۆر سرووشتی ده‌چنه پێشێ، له تۆ وایه له‌و سه‌رده‌مه‌دا له‌گه‌ڵ میرزا كه‌ریمدا، له‌گه‌ڵ ئه‌و پیاوه خاكیی و میواندۆستە دێیت و ده‌چیت. لەگەڵ جەلالی میرزا کەریم و ھاوڕێکانی دایت، ئەمەیش ئەو سادەییەیە، کە “میران” لە چنینی ڕۆمانەکەیدا پەیڕەوەی کردوە و وەك خاڵێکی پۆزەتیڤ ڕەنگی داوەتەوە و لێزانانە ڕووداوەکانی لە کۆنتێکستی شوێن و کاتدا پێکەوە گرێ داوە. بونیادی کارەکتەرەکانیش لەنێو ئەم شوێن و کاتەدا، سروشتیانە گەورە دەبن و ڕێرەوەی ڕووداوەکان دەبەن بەڕێوە. بێگومان هه‌ر ئه‌و پشتبهستنە بەو ڕاستییه مێژووییە، کە بونیادی ڕۆمانەکەی لەسەر بنیاد نراوە ئەو هێزەی بە ڕۆمانەکە بەخشێوە، ئەمە جگه له‌وه‌ی ڕۆمانەکەی، وەک بەرهەمێکی ئەدەبی جوان کردووە. هاوکات بووه‌ته هه‌وێنی یاداشتنووسینیش، کە لێرەدا خاڵێکی پڕ لەوزەی ڕۆمانەکەیە، بۆیه ڕۆمانێكی وه‌ها هه‌ر چاوه‌نواڕی ئه‌وه‌ی لێ ده‌كرێت ڕاسته‌قینه بێت، به‌ومه‌رجه‌ی نووسه‌ریش لە گێڕانەوەیدا ڕاستگۆ بووه.
ئه‌وه‌یش بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێنمه‌وه، نووسه‌ر زۆر باش مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ (مه‌نه‌لۆگ، دیالۆگ، وه‌سف و ته‌نانه‌ت گێڕانه‌وه‌یش) كردووه. له‌م ڕێگه‌یه‌وه به‌ره‌و سه‌رده‌مێك بردمی، كه له زۆر شوێندا له من وابوو منیش له‌وێم و لەو زەمەنەدا ژیاوم.
ده‌كرێ بڵێم، نووسه‌ر باش ده‌ره‌قه‌تی مەسەلەکانی شوناس و گێڕانه‌وه‌ی مێژوو هاتووه، ئه‌و نه‌ك هه‌ر ته‌نێ ویستوویه‌تی به به‌رگێكی ئه‌ده‌بی، مێژووی ئه‌وسامان بۆ بگێڕێته‌وه، به‌ڵكوو به شێوه‌یه‌كی باش و ڕاسته‌قینه په‌لی بۆ ڕووداوه‌كان هاوێشتووه و به هه‌ناسه‌یه‌كی درێژه‌وه چنیویه‌تی.
گه‌ر بنواڕینه لاپه‌ڕه (٣٠)، زۆر به باشی له گفتوگۆی نێوان (مام مسته‌فا و حه‌لاوه خان)دا، ئه‌و چه‌ند دێڕه‌ی سه‌ره‌وه‌م بۆ خوێنه‌ر ڕوون دەکاتەوە، كه ئه‌وان به ساده‌یی و بیركردنه‌وه‌ی ئه‌وسا و خاكییانه قسه ده‌كه‌ن. بێگومان په‌ی پێ بردن به‌و گفتوگۆیانه‌یان كارامه‌یی نووسه‌ر نیشانده‌دات. لام وایه لێره‌دا ئه‌و چه‌ند دێڕه بۆ نیشاندانیان به‌سیه‌تی و نموونە ھێنانەوەی تر زیاده.
ئه‌وه‌ی پێویسته ئاماژه‌ی بۆ بکەم: میران، نه‌هاتووه له‌به‌ر ته‌كنیك قوربانی به زمان بدات، یانیش پێچه‌وانه، بگره ئه‌و باڵانسی له‌نێوان هه‌ردووكیان ڕاگرتووه و به شێنه‌یی، لە یەك کاتدا، كاری له‌سه‌ر هه‌ردووك لایه‌ن كردووه.
نووسه‌ر به‌و ناواخنه قووڵه‌یه‌وه، بە ئاگاییەوە له‌سه‌ر مێژوو وه‌ستاوه و مامەڵەی لەتەك واقێعکی مێژوویی دەکات. ته‌نانه‌ت له هه‌ندێك شوێنیش باسی جووەکانی كردووه، به‌ڵام باس كردنێك جودا له ڕۆمانی (نیشتمانی سارا)، کە هەر لە نووسینی “میران”ە.
نووسه‌ر له (نیشتمانی سارا)دا، فه‌زای ڕۆمانه‌كه‌ی ته‌رخان كردبوو بۆ گێڕانه‌وه‌ی ژیانی جووكان، به‌ڵام له خانه‌قادا، هه‌مه‌ڕه‌نگە و زۆر باسی وروژاندووه و باسكردنی جووەکانی له مێژووی ڕۆمانه‌كه‌دا به‌ده‌ر نه‌بووه، به‌ڵام به گێڕانه‌وه‌یه‌كی ئه‌ده‌بی، نه‌ك نووسینه‌وه‌ی مێژوویی بێت و مۆركی ڕۆمانی ون كردبێت.
جگه له‌مانه، نووسه‌ری تریش هه‌ن كاریان له‌سه‌ر مێژوو و یاداشت كردووه، به‌ڵام هه‌ر یه‌كێكیان جودا له‌وه‌یتر. گه‌ر به چه‌ند دێڕێك باسی ئیشكردن له ڕۆمانێکدا بكه‌م به به‌راورد به (خانه‌قای میرزا)، ئەوا بۆ نموونە “ئارام محەمەد” لە ڕۆمانی “ئه‌و هاواره‌ی نه‌بیسترا”دا ته‌نیا باسی یونس مه‌لا ڕه‌ئوف “دڵدار” و خێزانه‌كه‌ی كردووه، به‌ڵام له چوارچێوه‌ی خێزاندا باسه‌كه‌ی وروژاندووه. لە (خانه‌قای میرزا)دا جودایه، هه‌م كاره‌كته‌ره‌كانی جودان، هه‌میش ته‌نیا باسی “دڵدار” یان “جەلالی میرزا کەریم” نییه، کە کارەکتەری سەرەکی خانقای میرزایە، به‌ڵكوو زیندوو كردنه‌وه‌ی سەردەمێکی هەستیارە لە مێژووی ئێمەدا، جگە لە زیندووکردنەوەی ژیانی شاعیرانی ئه‌و سه‌رده‌مه. نووسەر تێر و ته‌سه‌ل باسی هەموو ئەم لایەنانەی كردوون، به‌ڵام ئه‌مه ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت ئه‌و هه‌رچی پێخۆش بووبێت ئه‌وه‌ی گوتبیت، به‌ڵكوو چی لە کۆنتێکستی ڕۆمانەکەدا پێویست بووه ئه‌وه‌ی گوتووه، هه‌رچه‌ند، جار جاره له بینای گێڕانه‌وه‌کاندا هه‌ستم به گێڕانه‌وه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ ده‌كرد، به‌ڵام زۆرجاریش ڕاسته‌وخۆیی گرینگه، بۆ نموونە لە لاپه‌ڕه (٢٦) دا ئه‌م ڕاسته‌وخۆییه له گفتوگۆی (مام زامن) له‌گه‌ڵ منداڵان به باشی ڕوونه: “منداڵینه گه‌ر من له‌م شاره بڕۆم، ته‌نیا ئیوه بێ نوقڵی ترش و شیرین نابن، ئه‌م شاره وه‌كوو پهڵهگهنم سن و كولله به سه‌ریدا ئه‌بارێن، ئیتر له ماوه‌ی ژیانی نه‌وه‌یه‌كدا ئێسقانهكانیشی ئه‌بن به تهپو تۆز، كه‌سێكی تێدا نییه کلیلی ئه‌م دووكانه‌ی پێ سپێرم…”
له‌م چه‌ند دێڕه‌ی سه‌ره‌وه‌دا له قسه‌كانی مام زامندا جگه له‌وه‌ی به‌ر گفتوگۆیه‌كی ڕاسته‌وخۆ كه‌وتم، به‌ڵام له مام زامنێكی دووكاندار هه‌ر چاوه‌ڕێی ئه‌و وشه ساده و ڕاسنتهوخۆیانه ده‌بین، سه‌رباری ئه‌وه ده‌ركیشم به قورسایی گێڕانه‌وه ده‌كرد.
به تێڕوانینی من زۆر جار ڕاسته‌وخۆیی له گێڕانه‌وه‌دا وامان لێده‌كات له ئێمه وابێت، له‌به‌رده‌م شاشه‌یه‌كی گه‌وره‌دا به دیار ڕووداوه‌كانه‌وه دانیشتووین. ئه‌وه‌ی گرینگه له یاداشتهڕۆماندا باش سازاندنه، نه‌ك دوای خوێندنه‌وه‌ی بڵێین، ئه‌و ڕۆمانه به موو له ڕاستی لای نه‌دابوو، ته‌واو ڕاسته‌وخۆیش بوو.
ده‌كرێ بڵێم: له هه‌ندێك شوێندا، به‌ڵام به ڕێژه‌یه‌كی كه‌م وشه په‌ڕاندن، له یاد چوونی پیته‌كان، به هەرحاڵ ئه‌مانه نابنه به‌ربه‌ست بۆ لاوازكردنی ڕۆمانه‌كه. زۆر جاریش كاره‌كته‌ره‌كانم لێ ون ده‌بوون، دواتر، كه باسی نوقلهكانی “مام زامن” ده‌هات و جەلالی میرزا كه‌ریم، مالیک، جه‌مال و غه‌فور ده‌هاتنه باسه‌وه، كاره‌كته‌ره‌كانم ده‌هاتنه‌وه به‌رچاو، به سیفه‌ت و شێوه‌یان. بۆیه له ڕێی ئه‌و كاره‌كته‌رانه‌وه پێویست ناكات بۆ مێژوو بگه‌ڕێینه‌وه، ئه‌و له بری ئێمه به‌م كاره‌وه ماندوو بووه و ئه‌و ئه‌ركه‌ی له‌سه‌ر شانمان لا بردووه. هه‌ر له‌ڕێی مێژووه‌وه ئه‌و ناوانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی وەک کارەکتەری نێو ڕۆمان به‌رجه‌سته كردبوون.
بۆیه چەند قورسە ئه‌فراندنی كاره‌كته‌ر، هێنده‌یش قورسه كار له‌سه‌ر كاره‌كته‌ره ڕاستەقینە و ته‌مه‌نە جوداكان بكه‌یت، بێگومان ئه‌مه‌یش سه‌لیقه‌یی گه‌ره‌كه. ئه‌و بەو ژانره ڕیالیستهیهوه تەواو پشتی به‌ستووه بە بەڵگە و لێكۆلینه‌وه له نوخبه‌ی ڕۆشنبیران. په‌نجه‌ی له‌سه‌ر یهكهبهیهكهیان داناوه و له یادی نه‌كردوون. جگه له‌مانە، نووسەر كارامه توانیویه‌تی ڕووداوه‌كان پێكه‌وه ببه‌ستێته‌وه، ته‌نانه‌ت كاتێ له لاپه‌ڕه‌یه‌ك باسی شتێكی كردووه له لاپه‌ڕه‌ی به‌ری باشی له یاد بووه، كه چیی گوتووه، هه‌روه‌ك له لاپه‌ڕه‌ی یه‌كه‌مدا بینیمان، كه به‌و دێڕه ده‌ستی پێكردووه: “هه‌موومانی بۆ ژیاندۆستی په‌روه‌رده كرد.” ته‌نانه‌ت دواین دێڕی ڕۆمانه‌كه‌یش هه‌مان شت باس ده‌كات و ده‌مانگه‌ڕێنێته‌وه خانه‌قا و ده‌شچێته به‌رگی مێژووه‌وه، بۆیه گه‌ر تا ئێستا به‌ر (خانه‌قای میرزا) نه‌كه‌وتوویت، ئه‌وا پێی ڕابگه و بیخوێنه‌وه.