
![]()
نووسینی: ئیسماعیل حهمهئهمین
ڕۆمانی (خهمی مەستورە) دوا ڕۆمانی (میران ئابراهام)ی ڕۆماننوسە، ڕۆمانێکە سەرەتاکەی بە نەخشەی ناوچەی (ناوشوان) دەستپێدەکات، کە سەرێکی دەچێتە سەر چەمچەماڵ و سەرەکەی تری دەچەتە سەر (تەق تەق). لەم ناوچەیەدا گوندی (جەلەمۆرد)ی دامێنی (شاخی جەلەمۆرد)ه، که دەبێتە شوێنێک بۆ سەرەتای ڕووداوی ڕۆمانەکە و لەوێوە ئەنفال کەڵبە ناشرینەکانی خۆیمان نیشاندەدات. لەوێوە جینۆساید و قەلاچۆکردنی کوردان لەلایەن شۆفێنزمی عەرەبی بەعسیی سەدامییەوە، وێنەیەکی دیکەی سەدەی بیستمان نیشاندەدات، کە سەدەی گەشانەوەی مۆدێرنەیە بە خۆی و جەنگ و داگیرکردن و دیکتاتۆرە ناشرینیەکانیەوە. لەوێوە ڕۆمانەکە دوای (مەستورە) دەکەوێت لە گەشتەکەیدا بەناو دوو ئەنفالدا؛ یەکەمیان ئەنفالی فیزیکی و جەستەیی مێرد و منداڵەکانی و دووهەمیان ئەنفالی بەردەوام کە لەناو هەناوی شار و گوند و دەروونی مرۆڤەکانە بەرامبەر ئەنفالکراوان.
بە دیوێکی تردا، ئەم ڕۆمانە ڕیتمێکی هێمنی هەیە، بە پێچەوانەی ئەوەی ئەنفال بکاتە بابەتی شیوەن و باوکەڕۆیی شیعریی، وەک چۆن ماوەی چارەکە سەدەیەکە چیرۆکنوسە پلە شەش و شاعیرە بێ خەیاڵەکان لەم دەڤەرەدا ڤیستیڤاڵ و میهرەجانە بێ تامە ئەدەبی و بۆنەکانی حیزب و ئەنفالیان پێ ڕازاندۆتەوە. نەخێر، میران لەم ڕۆمانەدا، ورد، ورد، لەگەڵ مەستورەدا ڕێدەکات؛ لە ژوورەکەیەوە کە لەشاری هەولێر جاشێک بۆی بەکرێ گرتووە، لە پشیلە کوێرەکەیەوە کە وندەبێت و وێڵە بەدوویدا، بەجۆرێک گەڕان بەدووی پشیلەکەیدا تێکەڵە لە گەڕان بەدووی منداڵەکانیدا.
کۆدەکانی ئەم ڕۆمانە ورد چینراون و دەشێت خوێنەری زیرەک لە دێڕ و دەستەواژە و وێنەکاندا بیدۆزێتەوە. ئەمەش چێژبەخشی خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانەیە کە ئەنفال لە تراژیدیەکی ساڵی ١٩٨٨ وە دەکاتە تراژیدیایەکی سوبێکتیڤ و درێژیدەکاتەوە بۆ ناو (ئەنفالێکی تر) کە لە هەناوی کولتوری کۆمەڵگەی کوردی و ئێراقیدا ڕاکشاوە. ئەنفالێک بەرهەمی شۆفێنیزمی عەرەبی تێکەڵ بە ئەقڵی جیهادەویی ئیسلامی لەناو گوتاری ناسیونالیزمی کولتوریدا. ئەنفال فینۆمیێنە تێکەڵە لە تاریکی کولتوریی کۆمەڵگەکانی ئەم دەڤەرە کە لەژێر ناوی عەرەب و کورد و تورکماندا پێکەوە دەژین، هەموویان، کورد وەک ئەو جەستە فەراهەمکراوە دەبینین کە هەموو کاتێک دەتوانن ئەنفالی بکەن. گوتاری سیاسی و کولتوریی شۆڤێنزمی عەرەبی کە لە سەدام و بەعسیەکاندا ئەو قسەیەی نازیەکانی ئەڵمانیای دەهێنایەوە بیر کە “ جولەکەی باشم مردوویەکی باشە و لە ئەنفالەوە گوتاری بەعس و ناسیونالیزمی عەرەبی ئێراقی ئەنفالەویی و تا ئێستا ئەوەیە کە “کوردی باش کوژراوێکی باشە“ ئەم قسەیەمان لە شازدەی ئۆکتۆبەردا بە چەندەها فۆرم و ئەکت بە گوێچکەدا دەدرا و تەنانەت لەلایەن ڕۆشنبیرەکان و چینی ناوەڕاستی ئێراقی گوزارشی لە خۆی دەکرد. لێرەوە گرنگی ئەم ڕۆمانە دەردەکەوێت کە سەرەتاکەی دیالۆگی نێوان دوو سەربازن کە زانکۆیان تەواو کردووە، دڵیان بە (ڕاسکۆنیۆڤ)ی ڕۆمانی (تاوان و سزا) دەسووتێت، بەڵام خۆشیان پاسێکیان پڕ کردووە لە خەڵکی سیڤیل و بەرەو ئەنفالکردن دەیانبەن. لێرەوە ئەنفالی ناو ئەقڵیەتی چینی ناوەڕاست و دەسەڵاتداری عەرەبی، تێکەڵی ئەنفالی داواکەتوویی کۆمەڵایەتی و شەڕی لادێیی و شاری و دواکەتوویی کۆمەڵایەتی و ئەقڵی جاشێتی و خۆفرۆشی بۆ بێگانە، دەبێت.
هەموو ئەم ئایدیانە، میران ئابراهام لەڕێگەی ڕووداوەکانەوە دەست و پەنجەی لەگەڵدا نەرمدەکات و لە ڕێگەی گەڕانەوەی ژیانی مەستورەوە باس لە گوندیی جەلەمۆرد دەکات، جەلەمۆردەک کە زۆربەیان ئەنفالکران و لەسەر نەخشە سڕایەوە و هێشتا دەنگ و سرپە و گلەیی و گازاندە و سۆزی ئەوانەی ڕۆیشتن و لەساراکانی باشووری عەرەبیدا سەرەونگووم بوون، لە جەلەمۆردا سرپە و چرپەیانە و مەستورە دەیاندوێنێت.
لە دواجاردە دەڵێم؛ کە میران منداڵی ئەمشارەیە، شاری سلێمانی. بەڵام میران لە منداڵییەوە، لەحەفتاکانەوە لەگەڵ باوکیدا کوردستانی بەجێهێشتووە، کەچی لە ڕێگەی باوکیەوە کوردستان و مێژوویی ئەم میللەتە هەژارە کە ئێستا گەندەڵی دووبارە ئەنفالی دەکاتەوە، لە دڵیدا زیندووە و بەکوردی چیرۆکەکانی دەنوسێتەوە. ئەوەی ئەم ڕۆمانە بخوێنێتەوە، هەست بەوە ناکات میران چرکەساتێک کوردستانی بە جێهشتبێت، بەڵکو وا دەزانێت ئێستا ڕۆژانە سەردانی (میمکە مەستوەرە) دەکات و میمکەش بەدەم چاییەوە چیرۆکەکانی بۆ دەگێڕێتەوە…

