Loading

عەلی محەمەد ئەمین


گێرانەوەی مێژووی تەنها خانەوادەیەکی هوشیار و تێکۆشەر و بەخشندە، کەسایەتی و چەند نووسەر و شاعیر و هونەرمەند و شارێک نیە، کە ناوەندی خەبات و تێکۆشانی بەردەوام و کتێب و کتێبخانە و باخچە و بەرزڕاگرتنی ئاڵای ئازادی و یەکسانیخوازی بێت، بەڵکو شەقاوە و شەلاتی و چەقۆکێشەکانیش، بە خۆیان و ڕەفتاریانەوە، بەسیخوڕی بۆ ڕژێمە چەوسێنەرەکان و چاوساغی کردنیانەوە بەسەردەکاتەوە، هاوکات کۆمەڵ و دەستە و چینە خۆپەرست و هەلپەرستەکان و ئەو بازرگانانەش دەستنیشان دەکات کە بە ناوی ڕزگاری نەتەوەیی و نیشتمانی و بەناوی پاراستنی ئاین و داب و نەریتی کۆمەڵایەتییەوە ڕۆڵی چەواشەکار و ڕێگر دەبینن. لەبەرامبەر پێشکەوتن و گۆڕانکاری ڕیشەیی دا، هەڵە و خیانەت و ناوی زل و دێی وێرانی ئەم و ئەو لایەنیش بوێرانە ئاماژە پێدەدات.
هێشتا تام و چێژ و واتای قوڵی ڕۆمانەکانی تری (میران ئەبراهام) بەتەواوەتی تاسەمان لێیان نەشکابوو، میران ڕۆمانێکی ناوازەی تر (خانەقای میرزا) ی خستە بەر دیدەمان، پێدەچێت نووسەر بە هۆی خانەقای میرزاوە بیەوێت بە تیرێک چەند نیشان بشکێنێ، ئەو نایەوێ تێکۆشەرە ڕاستەقینەکان، خۆیان و خانەوادەکانیان گومناو ببن و هوشیاری و بەخشندەیی و خۆراگری و سایە و سێبەریان دیارنەمێنێ، ئاخر چۆن ئەمە نەکا، لە کاتێک دا دۆست و دوژمن، یار و نەیار پێدەزانێ ئەو خانەوادانە چەند گرنگن، چەند گرنگن بۆ هەموو ئەو شتانەی شارێک پێویستی پێیەتی، هەروەها بۆ خەڵکانێک کە وەک دەروازەی چوونە شار بەکاریاندەهێنن، یاخود وەک پەناگایەک خۆیان لە سایەی دا دەشارنەوە، تانەکەونە بەردەستی ستەمکاران. ئەمە جگەلەوەی هەر کەسێک رووی تێکردبن هەستی بە نامۆیی و بێ خانە و لانەیی نەکردووە، سەرباقی هەموو ئەمانەش زۆرێک وەک فێرگەیەک وانەی مرۆڤدۆستی و ژینگەپارێزی و ئازادی و یەکسانیخوازیان تیا فێربووە، میران هەر بەمەشەوە نەوەستاوە و لەڕێی ئەم ڕۆمانەوە، هەوڵیداوە تیشک بخاتە سەر مێژووی پڕ فیداکاری خەڵکی شارێک، تێکۆشانیان بۆ ئازادی و ئاشتی و بۆ نان و گوزەرانێکی سەردەمیانە بنرخێنێ، ستەمکارانی ئەو کات و ساتە وەک خۆیان بناسێنێ، هەروەها هەوڵیداوە بەڕوونی ئەو ڕەوتە سیاسی و کۆمەڵایەتیانەش بەرجەستە بنوێنێ کە لەو ڕۆژگارانەدا، لە لایەک لەگەڵ سیستمی حوکمڕان دا ناکۆک بوون و لەلایەکی تر لە نێوخۆیان دا لە ململانێی بەردەوامدابوون، ئەوەی زیاتر ئەم ڕۆمانەی لای خوێنەری هوشیار گرنگتر و سودمەنترکردووە، ئەوەیە نووسەر نەهاتووە، وەک خۆی یان لایەن و ڕەوتێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەیخوازێ بڵێ و بنووسێ و کاراکتەرەکانی ڕۆمانەکە بە ئاراستەیەکی دڵخواز بجۆڵێنێ، نەخێر هەوڵیداوە بارودۆخی ئەو کاتە چۆن گوزەراوە وەک خۆی بخاتەڕوو، خستنەڕوویەک کەلەکاتی خۆی دا، دەیان نووسەر و ڕۆشنبیری دیار، لەبەر هەر هۆیەک بووبێ چاویان لێ نووقاندووە و تاکە وشەیەکیان لەو بارانەوە لەدەم نەترازاوە، دەشێ هەندێک لە ئێمە ئەوە بەخەیاڵماندابێت و بڵێین، جا ئەوانەی نووسەر لەزاری کاراکتەرەکانەوە دەریبڕیون، ڕاستی حاشا هەڵنەگر و زانراون، بە تێپەڕبوونی چەندین ساڵیش ڕوونتر دەرکەوتوون، بەڵام لێرەدا پرسیارێک دێتە پیشەوە، بۆچی ئەو ڕاستیانە وەک پێویست لە بەرهەمە ئەدەبی و مێژوویی و سیاسیەکان دا ڕەنگیان نەداوەتەوە، بۆچی وەک خۆیان نەکراونەتە پایە و کەرەسە و هەوێنی چەندین بەرهەم، بۆچی ئەگەر لەم بارەیەوە هەنگاوێکیش نرابێ، ئەوا بە خاتری هەندێ لایەن و کەسایەتی و ئایدولۆژی و ڕەوتی سیاسی و کۆمەڵایەتی… پەردەپۆشی زۆر ڕاستی کراوە. میران ئەبراهام، لەباسی نووسەر و ڕۆشنبیردا، لایەن و ڕەوتی سیاسی و کۆمەڵایەتی دا، کەسایەتی و خانەوادە و شار و شارەدێ دا…. ڕاستگۆیانە ڕاستیەکان، چەند تاڵیشبن لەدەمی کاراکتەرەکانەوە دەرئەبڕێ و خوێنەری هوشیار تێدەگات، لەوەی پێدەچێت نووسەری ئەم ڕۆمانە بیەوێت بڵێت: مێژووی ڕابووردو ڕاستە چەندین لاپەڕەی پرشنگداری تیایە، ڕاستە خەڵکانێک بوونەتە سایە و سێبەر و پەناگا و ڕابەر و سەرکردەی خۆنەویست، بەڵام لەگەڵ ئەمانەش دا . ژمارەیەکی زۆریش بوونەتە چاوساغی ستەمکاران و وەک بەرژەوەندپەرست ڕەفتاریان کردووە و بۆ مەرامی شەخسی و تایبەتی خۆیان دەستیان لە قێزەونترین تاوان نەگرتووەتەوە، ئەم کەسانە هەر یەک و دووش نەبوون، هەندێ جار بەهەوڵی ئەمانە و لەسەر زەمینەی بارودۆخێکی لێواولێو لە کۆنەپەرستی و خورافیات و چەواشەکاری، خەڵکانێکی بەرفراوان وەک مێگەل وەدووی ستەمکاران و زۆرداران کەوتوون، وەک لە ڕۆمانەکەدا هاتووە: لەو ڕۆژانەدا شەلاتی و شەقاوەکانی شار، لایەنگر و هەواداریان لە شاعیر و نووسەر و سەرکردە سیاسیەکان زیاتربوو.
خاڵێکی تری جوانی ئەم ڕۆمانە لەوەدایە کە دەیان شاعیر و هونەرمەند و نووسەر… بە خوێنەر دەناسێنێ، نەک تەنها لەڕێی نووسین و بەرهەمەکانیانەوە، بەڵکو لەڕیی هەڵوێست و هەڵسوکەوتی ڕۆژانە و ڕەفتاریانەوە، لەوەسفی بارودۆخ و ڕووداو و کەسایەتی دا… ڕۆمانەکە هێندە وورد و بەچێژە خوێنەر ناتوانێ بەئاسانی ڕووی خۆی لێ وەرگێڕێ و دەستی لێ بەردا، هەر وەک ئەوەی خۆی بە جەستە و هەست و نەستیەوە گەڕابێتەوە ئەو ساڵانە و چاودێری وردی بارودۆخەکە بکات و بیەوێ بزانێ لە هەموو ڕوویەکەوە چی دەگوزەرێ..
لەڕووی زمانی نووسینەوە. کوردیەکی روون و لێواولێو لە وشەی جوان و خۆماڵی، زۆرجار ئەو وشە جوانانە هێندە شارەزایانە ڕیزکراون، ڕستەی زۆر جوان و کورت و ماناداریان لێ بەرهەمهاتووە، بەشێوەیەک خوینەر هەست دەکا ئەگەر خۆشی لەو بارودۆخەدا نەژی، ئەوا لەبەردەم ڤیدیۆ و فیلمی دیکۆمێنتاری دا ڕاوەستاوە.
لەگەڵ هەموو ئەمانەش دا، ڕۆمانەکە لێرە و لەوێ چەندین پرسیاری گرنگ و پڕ بایەخی وروژاندووە و خولیای گەران دەبەخشێتە هەموو ئەو خوێنەرانەی بەدووی وەڵامە چارەنووسسازەکان دا وێڵن، ئایا نووسەر یان رۆشنبیر دەبێت خوێندنەوەی دروستی بۆ بارودۆخ نەبێ و لەمانەش زیاتر هەڵوێستی ڕوون و ئاشکرا پیشان نەدات، ئایا شیعر و ئەدەبیات جێگای ئازار و مەینەتیە مرۆڤایەتیەکانی تێدا دەبێتەوە و دەکرێ بەرگری لە شوناسی مرۆڤانەمان بکات، ئایا سیاسەت، ئەدەب خاڵی ناکاتەوە لە جوانی و تایبەتمەندی خۆی و نابێتە ئاستەنگ لەبەردەم نەمری دەق و خاوەنەکەی دا. ئایا ئەوانەی بەنووسین و درووشم پڕووپاگەندەی بەردەوام و خۆیان بەدەسپێشخەر و ڕابەر لە قەڵەم ئەدەن، لە ڕاستی دا لە پەراوێزی ڕووداو و هاوکێشە سیاسی و کۆمەلایەییەکاندا نین و بۆچی…؟!!