خوێندنەوەیەک بۆ بەرپرسیارێتیی نووسەر
![]()
نووسینی: میران ئهبراهام
هەموومان لەسەر ئەو ڕاستییە هاوڕاین کە فاشیزم تەنیا سیستەمێکی سیاسیی کۆنکرێتی نییە، بەڵکو ڤایرۆسێکی ئەخلاقیی گۆڕاوە (Mutated) کە بەردەوام لە فۆرم و بەرگی نوێدا خۆی دووبارە دەکاتەوە. ئەم دیاردەیە، وەک “هانا ئارێنت” ئاماژەی پێ دەکات، بریتییە لە “بەشیتاڵیکردنی خراپە” (Banality of Evil)، کاتێک ئێمە — هەموو مرۆڤێک — بەبێ ئاگایی و خۆپارێزیی مەعریفی، ڕۆژانە دەکەوینە نێو داوی دووبارەکردنەوەی ڕەفتارە فاشیستییەکانەوە. مێژووی هونەر و ئەدەب، بە هەموو ژانرەکانییەوە، پڕە لەم خلیسکانە مۆراڵییانە، و نووسینی کوردیش لەم هاوکێشەیە بەدەر نییە؛ کاتێک جیاوازییەکانی ئایدیۆلۆژیا، کولتوور، ڕەنگ و شوێن دەبنە پێوەر بۆ بەمرۆڤکردن یان بەشەیتانکردنی بەرامبەر.
فەزای گێڕانەوە وەک گۆڕەپانی ئەخلاق
لە ئاستی هونەری گێڕانەوەدا (چیرۆک، نۆڤێلێت، ڕۆمان)، نووسەر تەنیا خولقێنەری ڕووداو نییە، بەڵکو “ئەندازیاری یەکەم”ی فەزایەکە کە تێیدا مێژوو و جوگرافیا بە گوێرەی ویستی ئەو دەشێوێنرێن یان بنیاد دەنرێنەوە. کاتێک نووسەرێک لەنێو دەقەکەیدا فەزای سەردەمێک یان شارێک دادەڕێژێتەوە، بەڵام بەرامبەر ئەو جینۆساید و تاوانانەی لەوێ ڕوویانداوە، هەڵوێستی “بێلایەنیی نێگەتیڤ” یان “بێدەنگیی ستراتیژی” دەنوێنێت، ئەوا ئەو نووسەرە بەشدارییەکی ناڕاستەوخۆ لە تاوانەکەدا دەکات. داخستنی پەردەی پەنجەرەی ماڵە خەیاڵییەکە و ئاوڕنەدانەوە لە تەرمەکانی سەر شەقام، جۆرێکە لە “سڕینەوەی مەعریفی” (Epistemic Erasure). ئەم پەردەپۆشکردنە، جا لەژێر کاریگەریی ئایدیۆلۆژیای شۆڤێنی، ڕەگەزپەرستی یان تەنیا ترسنۆکیی ڕۆشنبیریدا بێت، خیانەتە لە جەوهەری ئەدەب کە خۆی لە دەرخستنی حەقیقەتدا دەبینێتەوە.
دادگاییکردنی بێدەنگی: دۆسیەی نووسەرانی تورک
دە ساڵێک لەمەوبەر، ڕۆژنامەنووسێکی ئازا لە پلاتفۆرمێکی میدیایییەوە، پەنجەی تۆمەتی ئاراستەی “پیرۆزییە ئەدەبییەکانی تورکیا” کرد؛ ناوەکانی وەک (یەشار کەمال، ئۆرهان پاموک، ئەلیف شەفەق)ی خستە ژێر پرسیارەوە. ئەو بە دەنگێکی بەرز گوتی: “ئەو قەڵەمە کوێرانەی هەنگاویان بەسەر لاشەی قوربانییانی گەلەکەی خۆیاندا ناوە.” بەراوردکردنی ئەم بێدەنگییە بە دۆخی ئەڵمانیای نازی، پرسیارێکی بوونگەراییی سەخت دەوروژێنێت: چۆن دەکرێت نووسەرێک لە سەردەمی هۆلۆکۆستدا بژی، بەڵام بۆنی گازی ژەهراوی و دووکەڵی کوورەکان کاریگەری لەسەر خەیاڵی نەکات؟
ئەم بێباکییە بەرامبەر بە جینۆسایدی ئەرمەن و کورد، تەنیا کەمتەرخەمی نییە، بەڵکو بەشدارییە لە دروستکردنی “عەقڵیەتی نکۆڵیکردن”. پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە: ئایا ئەدەبیاتی ئەم نووسەرانە چ گۆڕانکارییەکی لە مۆراڵی تاکی تورکدا کردووە؟ کاتێک دەسەڵاتە یەک لەدوای یەکەکان بەردەوام فاشیزم بەرهەم دەهێننەوە و کۆمەڵگاش بێدەنگە، مانای وایە ئەو ئەدەبە نەیتوانیوە ببێتە هێزێکی مرۆڤدۆستانەی ڕاستەقینە، بەڵکو لە باشترین حاڵەتدا بووەتە ئامرازێکی جوانکاری بۆ ڕووخساری ناشیرینی دەسەڵات.
ئۆریانتالیزمی ناوخۆیی و نامۆبوونی تاکی کورد
ئەوەی لە سێ دەیەی ڕابردوودا جێگای تێڕامان و نیگەرانییە، دۆخی دەرک و سەلیقەی ڕۆشنبیر و نووسەرانی کوردە. بەتایبەت ئەوانەی کە سەرچاوەی مەعریفەیان زمانەکانی (عەرەبی، فارسی، تورکی)یە. ئەمانە تووشی جۆرێک لە “کۆیلایەتیی کولتووری” بوون؛ بە شانازییەوە ڕیکلام بۆ ئەدەبی باڵادەست دەکەن و دەبنە سپۆنسەری ئەو گوتارەی کە کاراکتەری کوردی تێدا سڕدراوەتەوە یان شێوێنراوە.
ئەم دۆخە هاوشێوەی ئەدەبیاتی کۆلۆنیالیستی (سپی پێستەکان)ی سەدەکانی ١٨ و ١٩یە بەرامبەر بە ڕەشپێستەکان. لەو ئەدەبەدا، مرۆڤی ڕەشپێست هەرگیز وەک “سوبێکت” (Subject) دەرنەکەوتووە؛ نە پاڵەوان بووە، نە خاوەن بڕیار، نە تەنانەت مرۆڤێکی خاوەن هەست. گەر هەبووبێت، تەنیا وەک “ئۆبێکت”ێکی کۆیلە و خزمەتکار وێنا کراوە. ئەم وێنەیە کاریگەریی وێرانکەری لەسەر سایکۆلۆژیای خودی ڕەشپێستەکان هەبوو، وایکرد خۆیان بە چاوی سپیپێستەکان ببینن. ئەمڕۆش، زۆرێک لە نووسەرانی کورد بەهەمان میکانیزم، کار بۆ بەرزڕاگرتنی ئەو ئەدەبە دەکەن کە کوردی تێدا “غائیب” یان “نەفرەتلێکراو”ە. نموونەی فیلمی (Django) یان هەر کارێکی هونەریی کلاسیک، باشترین بەڵگەن کە چۆن تەنیا دەرکەوتنی ڕەشپێستێک بە سواری ئەسپ (واتە لە پێگەی دەسەڵاتدا)، دەبێتە هۆی شۆک و کاردانەوەی فاشیستیی کۆمەڵگا.
ئەپارتایدی ئەدەبی و بەرپرسیارێتیی مێژوویی
ئەزموونی باشووری ئەفریقا وانەیەکی گرنگمان فێر دەکات؛ لەژێر سایەی ئەپارتایددا، دوو بلۆکی ئەدەبیی دابڕاو (سپی و ڕەش) بوونیان هەبوو. لەو سەردەمەدا، ڕەخنەی نووسەرێکی ڕەشپێست لە دەقێکی سپیپێست، وەک کفر و سنووربەزاندن تەماشا دەکرا. ئەمە تەنیا سانسۆری سیاسی نەبوو، بەڵکو هەیمەنەی کولتووری بوو. بەداخەوە، ئەمڕۆ ئێمە هەمان نەریت لە پەیوەندیی نێوان ئەدەبی کوردی و ئەدەبی داگیرکەراندا دەبینینەوە.
نووسەرانی وەک یەشار کەمال و ئۆرهان پاموک، هەرچەندە لە جیهاندا وەک دەنگی ئازاد دەناسرێن، بەڵام لە واقیعدا بەشدارییان لە پاراستنی ستراکتۆری فاشیزمی نەرمدا کردووە. ئەوان بە شێوازێکی شاراوە و هونەری، خزمەتیان بە مانەوەی باڵادەستیی گوتاری تورکی کردووە و ڕێگەیان نەداوە دەنگی “ئەویتر”ی ژێردەستە بە ڕوونی بگات.
گەڕانەوە بۆ خود و شکاننی ئاوێنەکان
ئەم هەموو هۆکارانە پێکەوە، بوونەتە هۆی دروستبوونی قەیرانێکی ئۆنتۆلۆژی بۆ مرۆڤی کورد؛ قەیرانی “باوەڕبەخۆبوون”. کاتێک تاکێک خۆی لەسەر نەخشەی جیهان، لەنێو پەڕەی کتێبەکان و لە شاشەی سینەماکاندا بە شێوەیەکی شایستە نابینێتەوە، تووشی نامۆبوون و بچووکبوونەوە دەبێت.
ئەرکی نووسەری کوردی ئەمڕۆ، شکاندنی ئەو ئاوێنە خوارانەیە کە داگیرکەران بۆیان داناوین. پێویستە واز لە “بەگەورەزانیی ئەوانی تر” بهێنین و دەست بە نووسینەوەی مێژوو و جوگرافیای خۆمان بکەین، بەو شێوەیەی کە خۆمان دەمانەوێت، نەک بەو شێوەیەی کە ڕێگەمان پێ دراوە. تەنیا لەرێگەی گێڕانەوەی ڕاستەقینە و بوێرانەوە دەتوانین ڕووبەڕووی ئەو فاشیزمە شاراوەیە ببینەوە و شوێنی شایستەی خۆمان لە ئەدەبیاتی جیهانیدا بکەینەوە.



