لە ستایشی گێڕانەوە و بەرپرسیارێتیی وشەدا

Loading

نووسینی: میران ئه‌براهام


خوێندنەوەیەک لە پەراوێزی دوو ئەزموونی نوێدا

گرنگیدان به‌ ده‌نگی نوێ: ڕه‌وا زەیدان و کامۆ ئاراز به ‌نموونه

لەم ڕۆژانەدا، دەرفەتی ئەوەم بۆ ڕەخسا لە دوو پەنجەرەی نوێوە، لە دونیای پڕ لە تەمومژی ئەدەبی کوردی بڕوانم؛ کتێبی (لا یۆرنا) کۆمەڵەچیرۆکی (کامۆ ئاراز) و (مەرگی نادیار) ڕۆمانی (ڕەوا زەیدان)، کە هەردووکیان لەلایەن “وەشانی نووسیار”ەوە وەک دیارییەک پێشکەش بە کتێبخانەی کوردی کراون.

ئەوەی لەم گەشتەدا سەرنجی ڕاکێشام و لە بەردەم خەیاڵیاندا ڕایگرتم، ئەوە بوو کە ئەم دوو قەڵەمە، سەرەڕای ئەوەی لە بەرەبەبانی ئەزموونی نووسینیاندان، بەڵام خاوەنی جۆرێک لە “باڵاغبوون”ی هونەرین. لای ئەوان، نووسین تەنها ڕیزکردنی وشە نییە، بەڵکو ئەندازیاریی ڕۆحە. لە ئاستی هونەری گێڕانەوەدا، بەهرەیەکی زگماکی دەبینرێت؛ ئەوان فەزایەک دەخولقێنن کە تێیدا خوێنەر تەنها بینەر نییە، بەڵکو هەست بە ترپەی دڵی کاراکتەرەکان، یاریی ڕووناکی و سێبەر، و فۆرمی ئەو جیهانە دەکات کە بۆی نەخشێنراوە. خاڵی هەرە گەش لەم ئەزموونانەدا، “پاکێتیی گێڕانەوە”یە؛ واتە دوورکەوتنەوە لەو نەخۆشییە باوەی کە زۆرێک لە دەقەکان دەکوژێت، ئەویش وتارخوێندن و خۆنواندنی نووسەرە لەسەر حسابی چیرۆکەکە. ئەمان خوێنەر بە پەتێکی نەبینراوی هونەری دەبەستنەوە و تا کۆتایی لەگەڵ خۆیان دەیبەن، ئەمەش گەورەترین سیحری ئەدەبە: “نیشاندان، نەک تەنیا گوتن”.

من لێرەدا، بەوپەڕی متمانەوە نازناوی “نووسەر” دەخەمە پاڵ ناوی ئەم دوو گەنجە. ئەمەش نەک وەک پیا هەڵدانێکی ڕووکەش، بەڵکو وەک “بەرپرسیارێتییەکی ئۆنتۆلۆژی”. کاتێک بە کەسێک دەڵێیت “نووسەر”، تۆ بارێکی قورس دەخەیتە سەر شانەکانی؛ تۆ بانگهێشتی دەکەیت بۆ ئەوەی لە داهاتوودا زیاتر خۆی ئامادە بکات، قووڵتر بڕوانێت و بە وزەیەکی بێوێنەوە بەردەوام بێت لە هەڵکۆڵینی ڕاستییەکان.

ئێمە وەک نەتەوە، پێویستییەکی بوونگەراییمان بە چیرۆکی کوردی هەیە. بەڵام کام چیرۆک؟ ئەو چیرۆکانەی کە لە “DNA”ی مرۆڤی کوردەوە هەڵقوڵاون، ئەو دەقانەی کە بۆنی خاکی خۆمانیان لێ دێت و وەک “هەناری هەڵەبجە” سروشتی، ڕەسەن و پێویستن. ئێمە پێویستمان بەو نووسەرانەیە کە بە سروشت “حەکایەتخوان”ن، نەک ئەوانەی بە زۆر خۆیان دەکەنە نووسەر. بەڵام نابێت ئەوەش لەبیر بکەین کە “هیچ نووسەرێک لە بۆشاییدا دروست نابێت و هیچ کتێبێکیش بە تەنیایی نانووسرێت.” پرۆسەی داهێنان، گرێبەستێکی کۆمەڵایەتییە لەنێوان نووسەر و خوێنەردا.

لێرەوە ڕووی دەمم دەکەمە ڕۆشنبیران و کۆمەڵگا: ئێمە دەبێت زەمینە بۆ ئەم دەنگە نوێیانە خۆش بکەین. دەبێت ئەو هەستەیان پێ ببەخشین کە بوونیان بۆ ئێمە پێویستییەکی ژیانە. لە هەر شار و گوندێکدا، ئەگەر هونەری نووسین وەک “نان” بە پێویست نەزانرا، ئەگەر تاک ئامادە نەبوو لە دەمی خۆی بگرێتەوە و بیبەخشێت بە کتێب، ئەوا لەو شوێنەدا کتێب دەمرێت و ڕۆحی ئەو شوێنەش لەگەڵیدا دەمرێت. با ئێمە بە کردار و بە خوێندنەوەمان، ئەم نووسەرە لاوانە بخەینە ژێر باری بەرپرسیارێتییەوە و پێیان بڵێین: “ئێوە چاو و گوێی ئێمەن، لە ڕێگەی هەستەکانتانەوە چیرۆکی دوێنێ و ئەمڕۆ و داهاتوومان بۆ بنووسنەوە و هیوامان بۆ بگێڕنەوە.”

لە کۆتاییدا، گومانم لەوە نییە کە فەرهەنگ و زمان و کولتووری ئێمە، وەک خوێنی ناو دەمارەکانمان، بەردەوام پێویستی بە وزەی نوێ و خوێنی تازە هەیە. مێژووی سەد ساڵی ڕابردوومان شاهیدی ئەو ڕاستییەیە؛ لەو ڕۆژگارە سەختانەی کە “سن و کوللە” هێرشیان دەهێنا و هەموو شتێکیان دەخوارد، لەو ساتانەی سیاسەت و چەک شادەماری نه‌تەوەی کوردیان بڕی، ئەوە نووسەران و هونەرمەندان بوون کە بە وشە و خەیاڵەکانیان بوونە قەڵغانی پاراستنی فەرهەنگ و زمانی کوردی.

ئەدەب، ئەو سوپا خامۆشەیە کە ناسنامەمان لە فەنابوون دەپارێزێت.